عه‌بدوڵای مه‌لانوری

راپه‌ڕين يان هه‌ڵبژاردن‌

له‌ پاڵ كێشه‌كانى تردا، گه‌وره‌ترين كێشه‌ى هاوڵاتيان نه‌دانى موچه‌و بێ كارى و هه‌ژاريه‌. 
وا دياره‌ تا دواى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، كه‌ بڕياره‌ له 12‌ ى مانگى 5ى ساڵى داهاتودا بكرێت، به‌غدا ئاماده‌ نيه‌ هيچ گفتوگۆيه‌كى جدى له‌ گه‌ڵ هه‌رێم بكات. 
لێره‌ش حكومه‌ته‌كه‌ى نێچيرڤان و قوباد ناتوانن كێشه‌ى موچه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.
پارتى و يه‌كێتيش ئاماده‌ نين حكومه‌تێكى نوێ يان كاتى دروست بكرێت. 
واته‌ دۆخى خراپى هه‌رێمى كوردستان چ له‌ ناوخۆدا چ له‌ گه‌ڵ عێراق گه‌يشتوه‌ته‌ بنبه‌ست.
قوربانى سه‌ره‌كى ئه‌م دۆخه‌ خه‌ڵكى كوردستانه‌، خۆكوشتنى پێشمه‌رگه‌يه‌ك، برسێتى و هه‌ڵوه‌شانه‌ى هه‌زاران خێزان، وازهێنانى هه‌زاران خوێندكار له‌ زانكۆ و قوتابخانه‌كان‌، ئيفلاسى ده‌يان ده‌وڵه‌مه‌ند، دروستبونى هه‌زاران كێشه‌ى كۆمه‌ڵايه‌تى... 
له‌ به‌رامبه‌ردا قازانج و داهاتى ناشه‌رعى مافياكانى پارتى و يه‌كێتى رۆژ له‌ دواى رۆژ له‌ زيادبونه‌و، هێشتا مێشێك ميوانيان نيه‌! 
بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م دۆخه‌ دو رێگه‌ هه‌يه‌:
راپه‌ڕين:- بۆ گۆڕينى واقعى ئێستاى هه‌رێم يه‌كێك له‌ رێگاكان په‌نا بردنه‌ بۆ راپه‌ڕينێكى سه‌رتاسه‌رى به‌ جۆرێك هه‌مو كۆڵه‌كانى ئه‌م ده‌سه‌ڵاته موجرمه‌ له‌ ريشه‌وه‌ ده‌ربێنى.‌ 
هه‌ڵبژاردن:- هه‌ڵبژاردن رێگايه‌كى ته‌ندروسته‌ بۆ به‌ديهێنانى رێژه‌يه‌ك له‌ گۆڕانكارى. ره‌نگه‌  خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردن بێ ئومێد بوبێت، به‌ڵام به‌ پێيى ئه‌زمونى زۆرينه‌ى گه‌لانى دونيا ته‌نانه‌ت له‌ وڵاتانى گه‌نده‌ڵ و ديكتاتۆريدا په‌نا بردن بۆ هه‌ڵبژاردن به‌ كه‌موكورتيشه‌وه‌ هێشتا باشترين‌ بژارده‌يه‌‌ بۆ به‌ديهێنانى گۆڕانكارى.
بيخه‌نه‌ به‌رچاوى خۆتان، له‌ ئێستاوه تا نزيكه‌ى 6 مانگى تر عێراق ئاماده‌ نه‌بێت بودجه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، لێره‌ش پارتى و يه‌كێتى ئاماده‌ نه‌بن ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌و نه‌شتوانن چاره‌سه‌رى موچه‌ بكه‌ن، ئايا كه‌ى ره‌واى حه‌قه‌ هێزه‌كانى تر لێگه‌ڕێن ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ زاڵم و فاسيده‌‌‌ بێ سه‌ره‌ئيشه‌ درێژه‌ به‌ حكومڕانى مافايى خۆى بدات، له‌و لاشه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ سات له‌ دواى سات توشى داڕوخانى گه‌وره‌تر بێت! 
كه‌واته هێزه‌كانى ترى ده‌ره‌وه‌ى پارتى و يه‌كێتى ئه‌گه‌ر‌ له‌م دۆخه‌دا رابه‌رايه‌تى خه‌ڵك بۆ راپه‌ڕين نه‌كه‌ن، خۆ ده‌بێت داواى هه‌ڵبژاردنى به‌ په‌له‌ بكه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌شيان نه‌كه‌ن، ئيدى زه‌روره‌تى بونيان چيه‌؟!

خوێندراوەتەوە2095