ئازاد چالاك

وه‌رنه‌وه‌ یاریه‌كه‌ ده‌ستپێ ئه‌كه‌ینه‌وه‌!‌


كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كانمان هه‌رهی‌ ئه‌مڕۆو هی‌ دوێنێ‌ نین، له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ وێڵین، خوێن و فرمێسك و عاره‌ق ئه‌ڕێژین، به‌رده‌وام شاڕێ‌ به‌رده‌ده‌ین و ملی‌ كوێره‌ رێ‌ ده‌گرین، خۆشه‌ویستی‌ دایك و پیرۆزی‌ نیشتیمان و په‌یمانی‌ برایه‌تی‌ و هاوڕێیه‌تیمان له‌چركه‌ساتێكی‌ خۆش خه‌یاڵی‌ و مه‌ستی دا  به‌مێزی‌ قومار ده‌سپێرین!

 مێژوو سه‌لماندویه‌تی‌ ئێمه‌ ده‌به‌زین و ده‌كه‌وین، سه‌رسم ده‌به‌ین، به‌لاَم هه‌ر زوو هه‌ڵده‌ستینه‌وه‌، رسته‌و دروشمه‌كانمان سه‌ر له‌نوێ‌ داده‌ڕێژینه‌وه‌، شكسته‌كانمان ده‌كه‌ینه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن و به‌یت و بالۆره‌ی‌ له‌ مێژینه‌مان، سروده‌كانمان به‌رزتر له‌ جاران ده‌چڕینه‌وه‌، ئێوه‌ش به‌چه‌پڵه‌ رێزان و بژی‌ بابژی‌ و پاڵه‌ په‌ستۆ ده‌مان هێننه‌وه‌.
 
كه‌س نه‌ڵێ‌ كورد مردووه‌، نانا ئێمه‌ به‌رده‌وام زیندوو ده‌بینه‌وه‌، خه‌ونه‌كانمان، شكسته‌كانمان، ده‌دورینه‌وه‌و تێهه‌ڵده‌چینه‌وه‌، مادام زاكیره‌و بیرو هزرمان به‌رپرسیاریه‌تیمان ناخوێنێته‌وه‌، با له‌ ده‌وری‌ مێزی‌ یه‌كڕیزی‌ و ته‌بایی‌ كۆبینه‌وه‌، هه‌ڵه‌و شكست و تاوانه‌كانمان بشارینه‌وه‌، با بۆ دۆست و دوژمن بسه‌لمێنین كه‌ ئێمه‌ هه‌ر وه‌ك خۆمانین و نه‌گۆڕاوین، باهه‌موو عاله‌م بزانن كه‌ ئێمه‌ی‌ كورد هه‌ر ئه‌وه‌ین كه‌ هه‌ین نه‌ژیانێكی‌ نوێمان ده‌وێ‌ و نه‌ ئاماده‌شین بمرین!

 باهه‌ر یه‌ك ڕیزو ته‌بابین چونكه‌ هێشتا كه‌س له‌ برسا نه‌مردووه‌، كاره‌باو مۆلیده‌ روناكی‌ له‌ ماڵه‌كانمان نه‌بڕیوه‌، جارێ‌ خه‌ڵك هه‌ر ده‌چن بۆ شایی‌ و سفره‌ی‌ مالاَن خواردنی‌ لێ نه‌براوه‌، سه‌رماو به‌فری‌ تازه‌ باریویش كه‌سی‌ لێره‌ق نه‌كردوینه‌ته‌وه‌..، هه‌ر یه‌ك ڕیزی‌ و ته‌بایی‌ باشتره‌ خۆ هێشتا بیره‌ نه‌وت هه‌رماوه‌ راسته‌ كه‌ركوك و نیوه‌ی‌ خاكی‌ كوردستانمان له‌ده‌ستداوه‌، به‌لاَم هێشتا شاری‌ تر ماوه‌، خه‌متان نه‌بێ ئێمه‌ش هه‌ر ماوین و ده‌مێنین، بیرتانه‌ چیرۆكه‌ كه‌ ده‌ڵێ‌ مێشه‌ تێره‌كان له‌ولاشه‌ زاماره‌ دور مه‌خه‌نه‌وه‌، چونكه‌ مێشی‌ چاوچنۆكتر ئاماده‌یه‌و دێ‌.

 نه‌كه‌ن خه‌ڵكینه‌ باوه‌ر به‌داهاتویه‌كی‌ باشتر بكه‌ن و چونكه‌ قه‌ت له‌مڕۆتان باشتر نابێ‌، وه‌رنه‌وه‌ هه‌موو وه‌رنه‌وه‌ جارێكی‌ تر یاریه‌كه‌ سه‌ر له‌ نوێ‌ ده‌ستپێ ئه‌كه‌ینه‌وه‌!


خوێندراوەتەوە572