لاوک سەلاح

ریفۆرمکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن: لە کوێوە؟‌


کوشندەترین هەڵە، دواخستنی هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستانە. بەغدا رۆژ لە پاش رۆژ جەخت لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکاتەوە، جەخت لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەیەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەکاتەوە، رۆژانە لەسەر لاپەڕەی رۆژنامەکان هەواڵی سەدان کۆمپانیا دەخوێنیتەوە کە لە بەغدا کار دەکەن، دەیان کۆبوونەوە و کۆنفرانس ئەنجام دەدرێن بەڵام هەرێم خۆی بێ ئاگاکردووە لەوەی چی لە دەورووبەری دەگوزەرێت و متە وەک بت.

لە هەرێمدا ئەوەی باسی لێوە ناکرێت هەڵبژاردنی سیاسی و کۆنفرانسی چاکردنەوەی دۆخەکەیە و خوڵقاندنی پرۆسەیەکی سیاسییە هەم لە ناو هەر پارتێکی سیاسی خۆیدا، پاشان لە نێو پارتەکاندا خۆیاندا وەک سەرەتایەک بۆ گەرانەوەی متمانە و دروستکردنەوەی پردێک لە نێوانیاندا بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخە. بەداخەوە هەمان هەڵەی سیاسی هەر بەردەوامە کە وا تێدەگات شەرعیەت لە ناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دێتەوە و خۆی دەکاتەوە بە ناو ماڵەکانماندا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مۆڵەتت پێدەبەخشێ بۆ ئەوەی توانات لە رێكخستنەوەی کۆمەڵگە و ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی پیشان بدەیت، ئەگەر نەتوانیت ئەو کارە بکەیت، ئەو بە دوای مەعمیلێکی دیکەدا دەگەرێت. 

ریفۆرمکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامدانی راستگۆیانە بە ئیرادەیەکی سیاسی دروستەوە لە هەرە کۆڵەگە سەرەتاییەکانی پرۆسەی سیاسی دەژمێردرێت. ئەگەر هەر وەفدێکی بێگانە ببینیت ئەو پرسیارەت دەستبەچێ لێدەکات خۆتان چۆن بینادەکەنەوە؟ بەداخەوە تا ئێستا کەس ئەو دید و پرۆژەیەی وەک بانگی حەق بە گوێی کەسدا نەداوە. بەر لەو هەنگاوەش هیچ پارتێک ئەو ئاماژەیەی دەرنەخستووە کە دەتوانیت تەجاوزی خۆی بکات بۆ ئەوەی بنکەکانی خۆی فراوان بکات. ئەم هەنگاوە پێویستی بەوەیە کە پرۆسەیەکی ناوخۆی زیندوو و دروست لە ناو هەر پارتێکدا بوونی هەبێت بۆ ئەوەی سبەی کە خۆی نمایشتکرد لە پۆشاکی شەرعیەتدا دەرکەوێت. پاشان پێویستت بەوەیە باش لەو ژینگەیە تێگەیشتبێتیت کە هەناسەی تێدا دەدەیت، بۆ نموونە هەر ئەوەندە بەس نییە بڵێین کە کۆمەڵگەی کوردی لە سیستمێکی تۆتالیتارییەوە بەرەو سیستمێکی دیموکراسی هەنگاو دەنێت، ئیتر ببیتە کوێخای مەسەلەکە. بەداخەوە تۆ هیچ دامەزراوەیەکت نییە کە یارمەتیت بدات و دەستت بگرێت بۆ ئەوەی ریفۆرم بکەیت، کاتێک دەتوانیت بەرەنگاری بەغدا ببیتەوە کە لە ناوەوە توند وتۆڵ بیت، بەغدا خەتای زۆرە بەڵام تۆش قوربانی نیت. ئەگەر دەخوازیت لە تەلەزگەی بەغدا قووتار بیت کە خۆت بەشێوەیەک لە شێوەکان بەشداری هەڵچنینی داوەکانیت کردووە، بوێر و فیداکار بە بەوەی دامەزراوەکانت وەک میللەتێکی زیندوو بخەرەوە گەر، ئەم کارە پارەشی ناوێت بەڵکو بەهای سیاسی نیشتمانی دەوێت. ئەم دۆخەی ئێستای کۆمەڵگەی کوردی زۆر لەوە ترسناکترە کە بە دوو کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چارەسەر بکرێت. پاریس کاتێک تۆ بە روونی و لە رەوتی خۆیدا تۆ دەبینیت تا ئەو کاتەی کە درک بەوە دەکات تۆ لە کاری سیاسی ستاندەر نزیک دەبیتەوە و خۆت لە کەلتووری سیاسی لۆکەڵی خۆت دەرباز دەکەیت. لە یادمە، چەند ساڵێک لە مەوبەر بوو، بەرپرسی بانگی نێودەوڵەتی هاتە هەرێم و وتی یارمەتیمان بدەن تا بتوانین یارمەتیتان بدەین. هەر بۆیە کۆمەڵگەی زیندوو و پارتی سیاسی زیندوو ئاستی ئامۆژگارییەکانی پایتەختەکانی جیهان تێدەپەرێنێت بۆ ئەوەی هەڵگری چارەسەری راستەقینە بێت لەسەر عەرد.

بە زمانێکی سادە دەڵێم ریفۆرمکردنی یاساکانی هەڵبژاردن، ریفۆرمکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و پرۆسەی نوێنەرایەتی سیاسی لە ریفۆرمکردنی بونیادی پارتە سیاسییەکان وکەسە سیاسییەکانەوە دەست پێدەکات. کارێکی سەخت نییە ئەگەر نیشتمان پەروەر بیت!

خوێندراوەتەوە402