هونەر تۆفیق

ئیبراهیم خەلیل؛ دەروازەی برسیەتی گەلێک‌


لەساڵی (1991)ەوە، ئەم دەروازەیە هەر مایەی کارەسات و کێشە بوە بۆ کوردی باشور. لەم دەروازەیەوە میت و ژەندەرمەی تورکی دێن و تەراتێن دەکەن لە کوردستاندا. لەم دەروازەیەوە بو شەڕێکی خوێناوی نێوخۆ لەنێوان یەكێتی و پارتیدا رویدا. لەم دەروازەیەوە دەیان کادیر و ئەندامی پەکەکە بەدیلی تەسلیم بە تورکیا کرانەوە. هەمو ریهانەکانی کوردی باشور بۆ سەربەخۆیی لەسەر ئەم دەروازەیە بو. ئێستاش ئەم دەروازەیە بۆتەوە گرێکوێرەی رێککەوتنەوەی نێوان بەغدا و هەولێر.

بەغدا بەسەبرێکی پڕوکێنەرەوە داوای رادەستکردنەوەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل دەکات. پارتیش دەیەوێت بەغدا بەشەڕ لێی بستێنێتەوە کە عەبادی ئەو شەڕە ناکات و پڕبەدڵ پێی خۆشە پارتی ئەو داوایەی بەغدا جێبەجێ نەکات هیچ نەبێت تا دوای هەڵبژاردنی مانگی ئایاری ساڵی داهاتو. چونکە ئەگەر ئەو مەرجەی بەغدا لەلایەن هەولێرەوە جێبەجێ بکرێت، هیچ بیانویەک بۆ عەبادی نامێنێتەوە چارەسەری بودجە و موچەی خەڵکی هەرێم نەکات. ئەگەر چارەسەری بکات و لەگەڵ کورددا بکەوێتە دانوستانەوە، لەهەڵبژاردنەکەدا کێرڤی دادەبەزێت و کاریگەری لەدەنگەکانی دەکات. بۆیە عەبادی پێی خۆشە کورد لەسەر ئەو عینادیەی بەردەوام بێت و ئامادە نەبێت ئیبراهیم خەلیلیان تەسلیم بکەنەوە.

حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتیش بێخەمە لەوەی چی روئەدات تا مانگی ئایاری داهاتو خەڵک بێ موچە و بێ بودجەبێت کە لەدوا جاریشدا هەر تەسلیمیان دەکەنەوە، بەڵام پێدەچێت ئاستی سادیزمی ئەم حکومەتە ئەوەندە بەرزبێت تا رۆژێک زیاتر میللەتەکەی ئەشکەنجە و ئازار بچێژێت خۆشی زیاتر بە حکومەت بگات. ئەگەر حکومەت نەخۆشی سادیەتی نیە و هەستێکی تەندروست و ساغلەمی هەیە بۆچی رۆژێک زوتر بیر لەچارەسەری نەهامەتیەکانی خەڵک ناکاتەوە؟

درێژە بە عینادی خۆیان ئەدەن کە سور دەزانن و بەخۆیان دەیڵێنەوە ئامادەی قبوڵکردنی مەرجەکانی بەغداین، بەڵام متاوەڵە بە بیانوەکانی بەغدا دەکەن؟

دەشی بینین هەر ئەم حکومەتە لەپاش هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق دەروازەی ئیبراهیم خەلیلیان تەسلیم دەکەن. چش لەم هەمو مانگەی قەیرانە ئابوری و داراییەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەن کە لە پێناو ئیبراهیم خەلیلیدا باجەکەی بە میللەت ئەدەن.

خوێندراوەتەوە696