عه‌بدوڵای مه‌لانوری

موچه‌، نوێنه‌رانى كورد، دادگاى فيدراڵى‌


دزينى نه‌وت، گه‌نده‌ڵى جۆراو جۆر، پێشێلكردنى ده‌ستورى عێراق، خيانه‌ت و هه‌ر تاوانه‌كانى تر له‌ لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پاساو نين‌ بۆ بڕينى موچه‌ى هاوڵاتيان كوردستان، له‌ خواره‌ هۆكارى ئه‌مه‌‌ رون ده‌كه‌مه‌وه‌.

هه‌ندێك ده‌ڵێن: چۆن ده‌كرێت عێراق موچه‌ بنێرێت له‌ كاتێكدا حكومه‌تى هه‌رێم ئاماده‌ نيه‌ داهاتى نه‌وت و گومركه‌كان راده‌ستى به‌غدا بكات و هێشتا هه‌ر خه‌ريكى دزى و گه‌نده‌ڵين. يان ده‌ڵێن: له‌ ياساى بودجه‌ى ساڵانى رابردودا ئه‌وه‌ چه‌سپێنراوه‌ كه‌ ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم رۆژانه‌ بڕێك نه‌وت له‌ رێگه‌ى سۆمۆوه‌ هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌‌ بكات، پاشان عێراق بودجه‌و موچه‌ ده‌نێرێت.

له به‌شى ماف و ئازاديه‌كانى ده‌ستورى عێراقى فيدراڵدا له‌‌ ماده‌ى (30) بڕگه‌ى (2) دا هاتوه‌: ده‌وڵه‌ت چاودێرى كۆمه‌ڵايه‌تى و ته‌ندروستى بۆ تاك و خێزان دابين ده‌كات-به‌ تايبه‌ت منداڵ و ئافره‌ت، له‌ گه‌ڵ بنه‌ما سه‌ره‌كيه‌كانى ژيانێكى ئاسوده‌، كه‌ داهاتێكى گونجاو و شوێنى نێشته‌جێبونى ئاراميان بۆ مسۆگه‌ر بكات.

ناوه‌ڕۆكى ئه‌و ماده‌يه‌ى سه‌ره‌وه‌ شمولى هه‌مو عێراقيه‌كان ده‌كات، به‌ هاوڵاتيانى هه‌رێمى كوردستانيشه‌وه‌، چونكه‌ تا ئه‌و كاته‌ى ئه‌م هه‌رێمه‌ به‌شێك بێت له‌ عێراق ئه‌وا هاوڵاتيه‌كانى هاوڵاتى عێراقين، به‌مه‌ش ئه‌ركى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌ وه‌ك چۆن مافه‌ جۆراو جۆره‌كانى هاوڵاتيانى نيشته‌جێى پارێزگاكانى ترى ناوه‌ڕاست و خواروى عێراق دابين ده‌كات، ده‌بێت ئاواش هى هاوڵاتيانى هه‌رێم دابين بكات.

زۆرجار فوقه‌هاو نوسه‌رانى ده‌ستوره‌ ديموكراسيه‌كان كاتێك ده‌ستور ده‌نوسنه‌وه‌ پێشبينى و حساب له‌ سه‌ر ئه‌وه‌‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌شێت ده‌سه‌ڵات له‌ كاتى جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانى يان له‌ كاتى جێبه‌جێكردنى ده‌ستو‌ره‌كه‌دا به‌ پاساوى جياجيا هه‌وڵى زه‌وتكردن يان كه‌مكردنه‌وه‌ى ماف و ئازاديه‌كانى هاوڵاتيانى بدات، جا وه‌ك حه‌زه‌رێكى پێشوه‌خت و بۆ رێگرى له‌و مه‌ترسيه‌‌‌ دێن له‌ ده‌ستوره‌كاندا ماده‌يه‌ك داده‌نێن كه‌ رێگه‌ نادات له‌ ژێر هيچ پاساوێكدا ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت زيان به‌ماف و ئازاديه‌كانى هاوڵاتيان بگه‌يه‌نێت.

له‌ ده‌ستورى عێراقيشدا پێشبينى سه‌رهه‌ڵدانى هه‌مان مه‌ترسى له‌ سه‌ر ماف و ئازاديه‌كانى هاوڵاتيان كراوه‌، بۆيه‌‌ بۆ رێگرى له‌و مه‌ترسيه‌ له‌ كۆتايى به‌شى ماف و ئازاديه‌كاندا‌ ماده‌ى 46 دانراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت: جێبه‌جێكردنى هه‌ر يه‌ك له‌و ماف و ئازاديانه‌ى كه‌ له‌م ده‌ستوره‌دا هاتوه‌ نابێت سنوردار بكرێت يان ديارى بكرێت ته‌نها به‌ ياسا نه‌بێت يان پشت به‌ستن به‌ ياسا نه‌بێت، به‌ مه‌رجێك ئه‌و سنوردار كردن و ديارى كردنه‌ ناوه‌ڕۆكى ماف و ئازاديه‌كان نه‌شێوێنێت.

ئه‌م ماده‌يه‌ى دوايى (ماده‌ى 46) كه بۆ‌ زه‌مانه‌تى جێبه‌جێكردنى ماده‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌يه (ماده‌ى 30 بڕگه‌ى 2)‌‌، به‌ رونى و بێ هيچ گرێ و گۆڵێك پێمان ده‌ڵێت: ئه‌و ده‌قه‌ ياسايانه‌ى كه‌ له‌ ياساكانى بودجه‌ى ساڵانى رابردودا هاتبون هه‌روه‌ها ئه‌و مادانه‌ش كه‌ له‌ پرۆژه‌ ياساى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراقدا هاتون‌، هه‌مو نا ده‌ستورين، چونكه‌‌ ناردنى بودجه‌و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستانى له‌ لايه‌ن به‌غداوه‌ گرێداوه‌‌ به‌ ناردنى داهاتى نه‌وت و گومركى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌ لايه‌ن ده‌سه‌ڵاتدانى هه‌رێمه‌وه‌، ئه‌م گرێدانه‌ش گرێدانى مافێكى ده‌ستورى روتى هاوڵاتيانه‌ به‌ پرسێكى ده‌ستورى-سياسى ئاڵۆزه‌وه‌‌ كه‌ له‌ ئه‌سڵدا كێشه‌ى نێوان دو ده‌سه‌ڵاته‌. به‌م جۆره‌ له‌ رێگه‌ى ياساى ئاساييه‌وه ‌(ياساكانى بودجه‌)و له‌ ئه‌نجامى كێشه‌يه‌كى ده‌ستورى-سياسى نێوان دو ده‌سه‌ڵات له‌ هه‌رێم و به‌غدا، زيان به‌ مافه‌ ده‌ستوريه‌كانى هاوڵاتيانى هه‌رێم گه‌يشتوه‌، ئه‌مه‌ش موتڵه‌قه‌ن نا ده‌ستوريه‌، ئه‌گه‌ر دادگاى ده‌ستورى له‌ عێراق زه‌ره‌يه‌ك به‌ ته‌نگ مافه‌ ده‌ستوريه‌كانى هاوڵاتيانه‌وه‌ بێت ده‌بێت فه‌رمان بكات به‌ ناردنى بودجه‌و موچه‌ى هاوڵاتيانى هه‌رێم. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ نوێنه‌رانى كوردستان له‌ به‌غدا ده‌توانن:

يه‌كه‌م: له‌ رێگه‌ى دادگاى فيدراڵيه‌وه‌ سكاڵا له‌ سه‌‌ر نا ده‌ستورى بونى بڕينى موچه‌و ئه‌و ده‌قه‌ ياسايانه‌ى كه‌ له‌ ياساى بودجه‌ى ساڵانى رابردو پرۆژه‌ ياسايى بودجه‌ى ئه‌مساڵدا هاتوه‌‌ پێشكه‌ش‌ بكه‌ن و داوا بكه‌ن راسته‌وخۆ بێ هيچ بڕو بيانويه‌ك به‌شه‌ بودجه‌و موچه‌ى هاوڵاتيانى هه‌رێم ره‌وانه‌ بكرێت و، ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ هيچ پرسێكه‌وه‌ گرێ نه‌درێت. ناكرێت نوێنه‌رانى كوردستان ئه‌م لايه‌نه‌ ده‌ستوريه‌ پشتگوێ بخه‌ن، به‌ تايبه‌ت له‌م كاته‌دا كه‌ سه‌رو بنى زمانى حكومه‌تى عێراق جێبه‌جێكردنى ده‌ستوره‌.

دوه‌م: ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات و حكومه‌ت له‌ عێراق هه‌ر سوربن له‌ سه‌ر نه‌ناردنى بودجه‌و موچه‌‌‌ ئه‌وا ئه‌ركى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ به‌غدا هه‌ڵوێستيكى يه‌كگرتويان هه‌بێت، بونى ئه‌وان له‌ به‌غدا تا ئه‌و كاته‌ گرنگه‌ كه‌ بتوانن داكۆكى له‌ مافى هاوڵاتيان بكه‌ن، كه‌ نه‌توانن داكۆكيه‌كى باش بكه‌ن ياخود كه‌ گوێيان لێ نه‌گيرا ئيدى پاساوى مانه‌وه‌يان له‌ به‌غدا نامێنێ.

سێيه‌م: ئه‌ركى نوێنه‌رانى كوردستانه‌ پشتيوانى هه‌ر هه‌نگاوێكى ده‌ستورى حكومه‌تى عێراقى بۆ كۆتايى هێنان به‌ گه‌نده‌ڵى و راوروتى ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم بكه‌ن. حكومه‌تى عێراق ده‌توانێت له‌ پاڵ بڕيارى ناردنى بوجه‌و موچه‌ى هاوڵاتيانى هه‌رێم، بڕيارى گرتن و دادگايكردن بۆ ته‌واوى به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌كانى هه‌رێم ده‌ربكات، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ش‌ بون ده‌شێت له‌ رێگه‌ى پۆليسى ئينتەرپوله‌وه‌ بيانهێنێته‌وه‌ بۆ دادگايكردن، له‌مه‌شدا ئه‌ركى نوێنه‌رانى كوردسانه چاوساغ و‌ پشتيوانى حكومه‌تى عێراقى بن.

خوێندراوەتەوە1945