د. شۆڕش حاجی

نابێ رێگە بە پارتی‌و یەکێتی بدرێ بەشداری هەڵبژاردنە گشتییەکان بکەن‌


بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان‌و دەوڵەتی فیدڕاڵی عیراق پارتی‌ دیموکراتی کوردستان‌و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆیان نیە وەک حیزبی سیاسی بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان‌و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بکەن. بەپێی مادەی پازدەیەم لە یاسای "حزبەکانی هەرێمی کوردستان" ژمارە ١٧ی ساڵی ١٩٩٣ ی پەرلەمانی کوردستان‌و مادەی هەشت‌و مادەی سی‌و دو لە یاسای "الاحزاب السیاسیه‌" ژمارە ٣٦ ی ساڵی ٢٠١٥ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، پارتی‌و یەکێتی سیفەتی حیزبی سیاسی‌یان نیە. چونکە هەردوکیان خاوەن هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیانن. ئاشکرایە کە یەکەکانی هەشتاو هێزەکانی زێرەڤانی هێزی پارتی دیموکراتی کوردستانن‌و یەکەکانی حەفتاو هێزەکانی بەرگری‌و فریاکەوتن هێزی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن. ئەگەر ئەو یەکەو هێزانە حەل نەکرێن‌و بە فیعلی ، نەک بە حیلە شەرعی، هێزەکانی پێشمەرگە نەکرێن بە هێزی نیشتمانیی بێلایەنی سەر بە حکومەتی هەرێم نابێ رێگە بە پارتی‌و یەکێتی بدرێ بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی کوردستان‌و عیراقدا بکەن.

ئەرکی داواکاری گشتی‌و دادوەرە بوێرەکانی هەرێم‌و بەغدایە، کە بە پێی یاسا، رێگە لە پارتی‌و یەکێتی بگرن بەشداری لە هەڵبژاردنە گشتییەکاندا بکەن. ئەگەر ئەمە بکەن ئەوا دەتوانن لەم رێگەیەوە بەشێک لە شکۆی شکاوی گەلەکەمان‌ بگێڕنەوەو سەروەرییەکی گەورەش بۆ خۆیان تۆمار بکەن.


له‌ په‌یجی فه‌رمی د. شۆڕش حاجی وه‌رگیراوه‌

خوێندراوەتەوە1628