چۆلی ئەسعەد

بڵێین (بوومەلەرزە) یان (زەمین لەرزە) ؟‌


زەمین لەرزە وشەیەکی فارسییە و لە وشەی (هەزەئەرزییە)ی عەرەبییەوە وەرگیراوە، بەڵام بوومەلەرزە، رەگێکی مێژوویی هەیە.

ریشەی (ئیتیمۆلۆژی) وشەی (بوومەلەرزە):

وشەی بوومەلەرزە، لە (بووم+ە+لەرزە) پێکهاتووە، بەشی دووەمی وشەکە (لەرزە) روون و ئاشکرایە بە هۆی ئامرازی (ە) ی پێشییەوە بەیەکەوە بەستراون، بەلام بەشی یەکەمی (بووم) شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردنە. 

لە زمانی سانسکریتیدا، کە یەکێکە لە زمانە هەرە کۆنەکانی هیندیی و جیهان، وشەی بهوومی (bhumi) بەواتای زەوی دێت.

هەروەها لە ئاینی هیندۆسیدا، وشەی (bhumi) واتا خواژنی زەوی دەگەیەنێت.

لە زمانی میتانیشدا، کە وەک زمانی کوردی سەر بە لقێکی زمانە هیندۆ-ئەوروپاییەکانە، (بووم) بەمانای زەوی دێت.

شانشینی میتانی و میتانییەکان، کۆمە هۆزێک بوون لە هەزارەی سێیەمی پێش زایین تا هەزارەی یەکەمی پێش زایین، لە باکوری میزۆپۆتامیا ژیاون، لە کەرکووک و هەولێرەوە تا سەر چۆمی وان و ئەرمەنستانی ئێستا نیشتەجێ بوون، بە هوری یان خوری ناسراون.

لەزمانی کوردیشدا (بووم) لە وشەکانی(بوومەلەرزە و بەروبووم و بوومەلێڵ و مەرزوبووم) دا، بە واتای (زەوی) دێت.

ئەم نمونەیەش ئەوە دەسەلمێنێ، کە ئەم وشەیە رەگێکی کۆنی هەیە و وەک وشەیەکی کۆنی زمانی کوردی هەژمار دەکرێت.

خوێندراوەتەوە2551