د. سه‌ردار عه‌زیز

له تورکیا چی ده‌گوزه‌رێت؟‌

ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی که چه‌ند رۆژێکه له تورکیا ده‌ستی پێکردوه، سه‌ر‌‌ه‌تا وه‌ها ده‌رده‌که‌وێت که هۆکارێکی ساده له پشتیه‌وه بێت ئه‌ویش، ناره‌زایی خه‌ڵكی ناوچه‌ی نزیک به ته‌قسیم به بونیادنانی سوپه‌رمارکێتێکی گه‌وره له پارکێکدا. به‌ڵام به ووردبوونه‌وه‌ له ره‌گ و ریشه‌كانی هه‌ر زوو بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که کێشه‌كه ره‌گی قووڵی هه‌یه، بگره له زۆر روه‌وه هاوشێوه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی وڵاتانی تری ناوچه‌که‌یه.

ده‌كرێت ره‌گی ناره‌زاییه‌كان له شێوازی ئابوری سیاسی نیولیبرالیزمدابێت. به زمانێکی ساده بریتیه له کردنی بازار و ئابوری به تاکه رێگا بۆ چاره‌سه‌رکردنی هه‌موو کێشه‌كانی کۆمه‌ڵگا و بچوککردنه‌وه‌ی رۆڵی کۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت و حکومه‌ت.

به‌ڵام نیولیبرالیزم له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست به شێوازێکی خراپتر له‌وه ده‌رده‌که‌وێت. نیولیبرالیزم له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست که هۆکاری سه‌ره‌كی به‌هاری عه‌ره‌بیه جۆرێک له سه‌رمایه‌داری هێناوه‌ته ئاراوه، وه‌ك ئابوریناسێکی میسری ناوین نا سه‌رمایه‌داری حه‌بایب و قه‌رایبه، یان سه‌رمایه‌داری خزم و خوێش.

ئێستا له ئابوری تورکیا هه‌ست به‌ئه‌وه ده‌كرێت که گه‌شه به‌ره‌و کزی ده‌روات، بۆیه حکومه‌ت ده‌ستی داوه‌ته پرۆژه‌ی هه‌ره هه‌ره گه‌وره، ئه‌گه‌ر گوێ له قسه‌كانی ئه‌ردۆغان بگرن له خانه‌ی بیری بروکینگ به باشی روونی ده‌كاته‌وه که چه‌ند پرۆژه‌ی گه‌ره گه‌وره‌یان له پلاندایه، له دروستکردنی فرۆکه‌خانه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره، درسوتکردنی که‌ناڵێكی ئاو له ده‌ریای ره‌شه‌ و هبۆ ده‌ریای مه‌رمه‌ڕه، له بونیادنانی چه‌ند بنهکه‌یه‌كی ئه‌تۆمی، له دروستکردنی پردی سێیه‌م (به ناوی خه‌لیفه‌ی عه‌له‌وی کوژ، سوڵتان یه‌فوزه‌وه) له سه‌ر بۆسفۆرۆس. ئه‌مه سه‌رباری هێرشێکی به‌رفراوان له رێگای پرۆژه‌ی بچکۆله تره‌وه.

له دروستکردنی ئه‌م پرۆژانه‌دا دوو ئامانج هه‌یه، یه‌که‌م سودگه‌یاندن به سیاسی و که‌سانی نزیک که ده‌ستیان تێکه‌ڵه له به‌رێوه‌بردنی ئه‌م پرۆژانه و کۆمپانیاکانی نزیک به که‌سانی سیاسی باڵا. دووه‌م دروستکردنی گه‌شه‌ی ساخته.

( له راستیدا کوت و مت له هه‌رێم هه‌مان شت به‌رێوه‌ده‌چێت). ئه‌م سیسته‌مه‌ی ئێستای تورکیا پێویستی به دۆخێکی گه‌شه‌ی ئابوریه بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه سیاسیه‌كانی له ژێریه‌وه بپێکێت. بۆیه گه‌شه‌ی ئابوری ده‌بێته په‌رده‌یه‌ك بۆ لاوازکردنی ئازادیه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی وه‌ك قه‌یرانێک سیسته‌می سیاسی له تورکیا به ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێت ئه‌وه‌یه که پارتی کۆماری و نه‌ژادپه‌رسته‌كان که ئۆپۆزسیونن زۆر زۆر له پارتی دادو گه‌شه‌پێدان دژ به ئازادی و مافه‌كانن.


نوسه‌ری‌ ستونی‌ "ئێره‌‌و ئه‌وێ‌" له‌ رۆژنامه‌ی ئاوێنه‌

خوێندراوەتەوە3310