ریتچارد تالەر کە خەڵاتی نۆبێلی ئابوری ئەمساڵی بردەوە باس لە گرنگی ڕۆڵی سۆز و پشتیوانی و هەست ئەکات لە بەڕێوەچوونی ژیانی مرۆڤ و ئابوریدا، یان لە ڕەفتاریدا. ئابوری ڕەفتارناسی بەشێکی گرنگی ئابوریە ئەمرۆ. نەج ئەو چەمکەیە کە ریتچارد بەکاری دەهێنێت دەکرێت بە دەستخستنە سەرشان بکرێتە کوردی. ئەم جۆرە دیدە وەڵامدەرەوەی ئەو دیدە زاڵەی ناو دونیای ڕۆژئاوایە، بە تایبەت لە بواری ئابوریدا، کە رەفتاری مرۆڤ عەقڵانیە و هەموو هەڵسوکەوتەکانی لە سەر پەرەپێدانی بەرژەوەندی خۆی دروست بوە.

بەڵام ڕەنگە دونیای ئێمە بە دەست قەیرانی پێچەوانەی ئەمەوە بناڵێنێت. سەرچاوەی گەورەی نەهامەتی مرۆڤی کورد بریتیە لە زاڵبوونی سۆز و کردە سۆزدارییەکان. ئەمە بنەمای ئەوەیە کە مرۆڤی کورد سەرسامە بە چۆنێتی، نەک چییەتی. ئەگەر بێتو دوو کەس قسە بکەن، یەکێکیان بە شێوەیەکی خێرا، بە دەنگێکی زوڵال، بە حەماسەتێکی زۆرەوە، بەڵام بە پوچترین ناوەڕۆک، بە قۆڕترین قسە، ئەوا ئەم کەسە زۆر زیاتر قبوڵکراوە لای زۆرینەی کورد و لە کەسێک کە لە گەڵ قسەکردندا بیربکاتەوە.

دیارە ئەمە تەنها لە بواری دەربڕیندا نیە، کە کورد زۆرینەی دیاردەیەکی دەنگی پوچن. بەڵکو لە بوارەکانی ترشیدا زاڵە. لە جل لەبەرکردن، سەفەرکردن، چالاکی کۆمەڵایەتی، لاساییکردنەوە، نانخواردن، ماشێنکرین. بەڵام ڕەنگە ئەم لایەنانە ئەوندە بەبایەخ نەبن، ئەوەی مەترسیدارە سیاسەتە. 

لە بەر زاڵی سۆزداری مرۆڤی کورد هێشتا نازانێت سیاسەت بکات، بەڵکو سیاسەت و سیاسی لای ئەو وەک رزگارکەر، وەک فریادەرەس، وەک پێغەمبەر، وەک قارەمان، وەک پاک و بێگەرد، قۆز و دەوڵەمەند و ئەم شتانە دەبینرێت.

ئەگەر دیموکراسی چەند ساڵانی رابوردوو وەک پێوەرێک لە قەڵەم بدەین بۆ ئاستی بیرکردنەوە و ڕەفتاری مرۆڤی کورد، تەنها و تەنها دەبێت خۆی و جۆری بیرکردنەوەی بە بەرپرس لە قەڵەم بدەین.

دەرئەنجامی ئەمە کۆمەڵێک نەگبەتیە:
یەکەم، سیاسەتی کوردی زۆر ئاڵۆزە و پیویستی بە عەقڵانیەتێکی ساردی دوور لە سۆز هەیە، بەڵام کۆمەڵگای کوردی، رەفتاری کوردی بوار بە ئەمە نادات.

دوو، مرۆڤی کورد زۆر ناسەقامگیرە و شلە. زوو دەگۆڕێت، زوو هەڵدەچێت، زوو دادەچێت. 

سێ، ناتوانێت واقیعی بێت، هەمیشە گیرۆدەی ئەفسانە و ئایدیال و پێرفێکت و جیهانی و مرۆڤایەتی و گەردونی و ئەم چەمک و کێشانەیە.

چوار، بەردەوام لە تاوانبارکردنی ئەویتردا، سنوری نیە، کە دێتە سەرخۆی نقەی لێوەنایەت.

پێنج، دەترسێت تەنها بێت، دەترسێت جیاوازبێت، دەترسێت خۆی بێت.

چۆن لەم سۆزەبازیە دەرچین؟ ئێستا ساتی برینداربوونی ئێمەیە، کەوتنی کەرکوک کەوتنی خەونیکی گەورەیە. پاڵەوانی ئەوەیە چۆن ئەم کەوتنە بنەمای هەستانەوەیەکی جیاوازبێت، نەك سەرەتای ڕۆچونێکی ناکۆتا. 

هێشتا ئامرازمان زۆرە، پوتێنشاڵی ئامرازی تر زۆرن هەن. بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە تاڵی ئەو ساتە بچێژین کە کەوتویین، لە گەڵیدا هەموو ئەو چیرۆک و قارەمان و ئەفسانە و خراپەکاریانە کەوتن کە ئەمرۆیان بەرهەم هێنا.

خوێندراوەتەوە702