د. سه‌ردار عه‌زیز

دانا غاز و هەرێم: چەند سەرنجێك‌


دوێنێ هەرێم و دانا غاز گەشتنە رێککەوتن. ئایا ئەمە مانای چیە؟

یەکەم پرسیار رووبەرومان دەبێتەوە، ئایا کێشەکە لە سەر چی بوو؟ رێککەوتنامەکە هێچمان پێناڵێت. بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە هەرێم دەبێت بڕێكی زۆر لە پارە بدات بە دانە غاز و شەریکەکانی بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.

سەرەتا چی بوو؟
کاتێک لە مانگی نیسانی ساڵی ٢٠٠٧ هەرێم و دانە غاز دەگەنە نیمچە ڕێککەوتنێک، چونکە هەتا ئێستا لە نێوان ئەم دوانەدا ئەوەی هەیە دەقێكە، کە ٣٠ لاپەڕەیە، بەڵام کۆنتراکت نیە، لە دەقی وەرگێڕدراوی وەزارەتی سامانە سروشتیەکاندا بە رێککەوتنی بەرایی ناوی هاتوە، هەرجارە ناوێکی بۆ بەکاردەهێنرێت، لەم دەقی رێککەوتنی ئەمجارەدا چەمکی هێد ئۆف ئەگریمێنت، کە بە گشتی هەمان ناوە، بۆ یاداشتی لەیەکگەیشتن ئێم ئۆ یو یان موزەکەرەی تەفاهوم.

دیارە لە نەبوونی دەقی تردا ئەمە قورسایی رێککەوتنی پێدەدرێت لە دادگادا.

رێککەوتنەکە هەر زوو پاش کارە سەرەتاییەکانی دەرکەوت کە هەرێم زۆر خراپ خەڵەتاوە. لە ئەنجامی ئەمەدا دانە غاز سودێکی زۆر زۆری بەردەکەوێت. ساڵی رابووردوو لە لەندەن بەرپرسی دانە غازم بینی کاتێک لێم پرسی هۆکاری سەرەکی کێشەکە چیە، لە وەڵمادا ووتی تەماح. بە مانای ئەوە هەرێم کاتێک هەستی کردوە خەڵەتاوە داوای زیاتری کردوە. مەسەلەکە ڕۆشتە دادگا، لە ساڵی ٢٠١٣.

هەر لە سەرەتاوە چاودێران هەستیان بەوە دەکرد کە لە ئەنجامدا رێککەوتن دەبێت لە نێوان هەردوو لایەندا، یاریەکانی هەردوولا وەها دەبینرا تەنها بۆ بەدەستهێنانی زیاتر لە لایەن هەرێمەوە و بەرگریکردن لەلایەن دانە غازەوە. هەر لایەک میتۆد و شێوازی خۆی هەبوو.

وەک ئاشکرایە کە دانە غاز رێگای دادگای گرتەبەر و بەردەوام براوەبوو. دانە غاز لە رێگای دادگاوە، بە تایبەتی دادگای لەندەن، کە زۆربەی گرێبەستەکانی نەوت و گاز بە پێوەری ئەو دادگایە دەکرێت، چونکە هیچ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی بڕوا بە دادگای کوردستان ناکات.

دانە غاز بڕی ٢٦ بلیۆن و نیوی بردەوە. ئەمە دۆخێکی پڕ لە بێرەوبردە و ئاڵۆزی و سەرلێشێوانی دروستکرد لە میدیا و کۆمەڵگای کوردیدا. بردنەوەکانی دانە غاز بریتی بوون لە قەرەبوو، نەک زیانی فیعلی. بە مانایەکی تر هەمیشە دانە غاز شەکوای لە دادگا ئەوەبوو کە بە هۆی رێگریکردنەوە، ئەوەندە زیانیان لێکەوتوە، زیانەکە بریتی بوو لە ئەو زیانەی کە ئەگەر بهاتایایە رێگری نەکرایە، ئەوا دانە غاز ئەوەندەی دەست دەکەوت.

هەرێم لە دادگادا لاوازبوو، چ لە رووی یاسایی و چ لە رووی ئامادەکارییەوە. هەمومان دەزانین کە پرۆسەی نەوت و گازی هەرێم لەئەوپەڕی تاریکیدا بەڕێوەدەچێت.

ئایا ئێستا کێ براوەیە:
ئەگەر پێوەرەکە ئەوەیە کە هەرێم لە بڕی ٢٦ بلیون و نیو دۆلار، یەک بلیون دەدات بە ڕاستەوخۆ و تێچووی دادگا دەخاتە سەر مەسرەفی گێڕدراوە، مەبەست لێرەدا ئەوەیە کە بە پێی گرێبەستی هاوبەشی هەرێم کۆمپانیا تێچونەکەی هەڵدەگرێتەوە، تێچووی دادگا خراوەتە سەر ئەم بەشە، ئەوا ڕەنگە بڵێین کە هەرێم براوەیە. بەڵام ئەمە خۆ گەوجاندنە.

ئەگەر پێوەرەکە ئەوەبێت کە هەرێم لە ٢٠١٣ وە رێگری دەکات، بۆ ئەوەی پارەی زیاتر لە دانە غاز بەدەست بهێنێت چونکە لە گرێبەستەکەدا خەڵەتاوە، ئەوا هەرێم سێ جار دۆڕاوە، جارێک هیچ پارەی دەست ناکەوێت، جارێک پارە دەدۆڕێنێت، جارێکی تر ئەم هەموو ساڵانە پرۆژەکە دواکەوتووە، کە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە بەرهەمهێنانی سوتەمەنی بۆ کارەبا کە کێشەی سەرەکی هەرێمە. بۆیە هەرێم نە قازانجی کرد، نەبردیەوە.

ئێستا دانە غاز دەبێت بەرهەم زیادبکات، کار لە دوو کێڵگەی نوێی نەوت و گازدا دەکات، هەروەها گرێبەستەکەیان هەتا ساڵی ٢٠٤٩ بەردەوام دەبێت.

لێرەدا ڕەفتارێکی گشتی سیاسەتکردن لە هەرێم دەردەکەوێت، ئەویش بریتیە لە کەللـەرەقی بێمەعریفی. وەک چۆن لە دۆخی ریفراندۆمدا دەیبینین هەرێم بێ تێگەیشتن، بێ هەڵسەنگاندن، بێ بیرکردنەوە، بێ شارەزایی، دەیەوێت هەنگاوی گەورەبنێت. بەڵام دەستکەوتی بچکۆلەش بە دەست ناهێنێت. هاوبەشی زۆرهەیە لە نێوان چیرۆکی دانە غاز و ریفراندۆمدا، بەوەی ئەوەی دەتەوێت بە دەستی بهێنێت لە ئەنجامی گرتنە بەری رێگای هەڵە ڕەنگە لە دەرئەنجامدا بە کەمتریش ڕازی بیت.

کەرتی نەوت و گازی هەرێم لەلایەن خەڵکانێکی زۆر نە شارەزاوە بەڕێوەدەبرێت، هەتا بێت زیاتر و زیاتر دائەخورمێ لە بواری جیاوازدا. بۆ نموونە لە ماوەی کەمی ڕابوردوودا کاتێک هەرێم و دی ئێن ئۆی نەرویجی رێککەوتن، هەرێم دەستبەرداری هەموو ئەرکە کۆمەڵایەتیەکانی ئەو کۆمپانیایەبوو، کە بڕی ٢٥٠ ملیون دۆلاربوو لە ساڵێکدا. ئەمە کۆمپانیاکە وەها لێدەکات کە هیچ بەرپرسیارییەکی نەبێت بەرامبەر کۆمەڵگا، کە بەشێکی گرنگی کاری کۆمپانیایە بە تایبەت بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە نزیک کۆمپانیا دەژین. ئەوەی جێگەی سەرنجە نەرویج ئەو وڵاتەیە کە خەڵکانی دونای رووی تێدەکەن بۆ بەدەستهێنانی شارەزایی لە سەر بەرپرسیارێتی کۆمپانیای نەوتی بە تایبەت بەرپرسیاری کۆمەڵایەتی، بەڵام کۆمپانیا نەرویجیەکەی هەرێم پابەندی ئەم بەرپرسیارێتیە نیە.

دیارە بەرپرسیاری کۆمەڵایەتی واتە خەڵك. هەمومان دەزانین کە پێگەی خەڵك چەند سوکە کە دێتە بواری بازراگانی نەوت و گازەوە.


خوێندراوەتەوە844