د. سه‌ردار عه‌زیز

ئێران و تورکیا و کورد‌


سەردانی باقری، کە باڵاترین پلەی سەربازی هەیە لە ئێراندا بۆ تورکیا، لای هەردو وڵات جێگای بایەخێکی گەورەیە. لە هەمانکاتدا روداوێکی ناوازەیە. بە کورتی لە روانگەی کوردیەوە هەوڵئەدەین خوێندنەوەیەکی بۆ بکەین:

یەکەم- هۆکاری سەرەکی سەردانەکە، ئەو ئاماژانەیە کە لە ئەنکەرەوە دێن، لەم ماوەی رابوردودا کە تورکیا ئامادەیە هاوکاری ئەسەد بکات دژ بە کوردی رۆژئاڤا. ئێران ئەم وەرچەرخانەی بە دەرفەت زانی و سەردانەکە رێکخرا.

دو- ئێران و تورکیا، بە جیا لە وڵاتانی تری ناوچەکە، دو هێزی ئیمپریالی دەوڵەتین، دەتوانن لە هەندێک بواردا ناکۆک بن، بەڵام لە بواری تردا هاوکاربن، دەتوانن سنوری راستەوخۆی خۆیان بپارێزن، بەڵام بە پرۆکسی شەڕی دژ بە یەک بکەن، لێرەدا هەردو پەیوەندی ئیمپراتۆری و دەوڵەتی لە ئارادایە، کە بۆ کورد خوێندنەوەی ئاسان نیە، چونکە عەقڵی کوردی عەقڵێکی نادەوڵەتیە. بۆیە دەکرێت ئەم دو وڵاتە، بۆ ماوی کاتی لە سەر بواری دیاریکراو هاوکاری یەکتر بکەن، لە هەمانکاتدا لە ئاستی تردا کێبڕکێی و دژایەتی یەکتر بکەن.

سێیەم- ئێستا هەردو وڵات دژ بە بونی ئەمەریکان لە رۆژئاڤا و جێگاکانی تریش، بۆیە ئەمە خاڵێکی تری لێکتر نزیکبونەوەیان بو. یەکێک لە چەسپیوەکانی سیاسەتی ئیقلیمی ئێران ئەوەیە کە چۆن بنکەی سەربازی ئەمەریکی لە ناوچەی ژێر رکێفیدا بونی نەبێت، تورکەکانیش دژ بە بونی بنکەی سەربازی ئەمەریکین لە رۆژئاڤا، چونکە داڵدەی کوردەکان دەدات.

چوارهەم- ئەردۆگان، پاش قەیرانی قەتەر زیاتر لە بەرەی سوننە دورکەوتەوەتەوە، دو وڵات کە لە پشت داعشەوەبون، سعودیە و تورکیا، هەردو ئێستا دورن لە یەکتر، بۆیە چۆن سعودیە بە دوای رێگای تردا دەگەڕێت، (سعودیە دەیەوێت لە رێگای عێراقەوە لە ئێران نزیک بێتەوە، هەرچەندە هەتابێت مەترسی لە سەر شیعەی ناو وڵاتی خۆی زیاتر دەبێت، ئەم ماوەیە هەڵمەتێکی چرێ روخاندنی ماڵ و جێگای زۆری دەستپێکردوە لە ناوچە شیعە نشینەکان)، تورکیاش بە دوای رێگای تردا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە یاری شەترنجی ناوچەکە زیان لێکەوتونەبێت.

پێنج- باشوری کوردستان یان هەرێمی کوردستان وەک لە میدیاکانیشدا رونە باسێکی سەرەکی بوە. هەردو ئێران و تورکیا، وەک دو کوێخای سەرەکی کورد لە ناوچەکدا، هەمیشە لە سەر ئەوە کۆک بون کە کورد دەبێت لە چ دۆخێکدابێت لە باشوری کوردستان. ئەوان حەزناکەن کورد زۆر لاوازبێت، هەریەک لە بەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆی، لە هەمانکاتدا نایانەوێت کورد، هەنگاوبنێت بەرەو قۆناغی دەوڵەتی. قۆناغی دەوڵەتی لای ئەوان یانی بونی توانا لای کورد بۆ ئەوەی کێشەکانی ناوخۆی چارەسەر بکات لە رێگای دەزگا و یاسا و سیستەمەوە. هەرچەندە بەناو سیاسی کورد، چەندین سەدەی عەقڵی دورە لەم ئاگایی و تێگەیشتنەوە، بەڵام ئەوان نایانەوێت کوردستان لە دۆخی شەڕی ناوخۆی نەرم، یان شەڕی ناوخۆی راگیراو قوتاری بێت. بەکورتی سیاسەتی هەردولا ئەوەیە کە چۆن کورد هێندە لاوازنەبێت کە زیانیان پێبگەیەنێت، هێندە بەهێزنەبێت کە بێگوێیان بکات.

شەش- چونی باقری، مانای وەهایە بەشی زۆری کێشەکان سەربازی و سیخوڕیە لە بری دیپلۆماسی. ئەمەش دەلالەتە لەوەی کە جۆری کێشەکان و جۆری چارەسەرەکەی چیە. هەرچەندە هاتنەوەی سەرباز بۆ مەیدانی دیپلۆماسی وەرچەرخانێکی جیهانیە، لە میانەی گەڕانەوە بۆ جیوپۆلەتیک.

خوێندراوەتەوە729