ئاریان ره‌ئوف

ریفراندۆم بۆ کورسی‌


وەک پێشبینی دەکرا لە کاتی لاوازبونی داعش بارزانی کارتی پرسە نەتەوایەتیەکان بە کاربێنێت بۆ وێڵکردنی سەرنجی هاوڵاتیان لە سەر قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی هەرێم لە ناوخۆ، لە هەمان کاتدا سەرلەنوێ سەرنجی وڵاتانی جیهان بۆ خۆی رابکێشێتەوە. لە ئێستاشدا وەک دەبینین بارزانی پرسی رفراندۆمی سەرلەنوێ هێنایە سەر شانۆی سیاسی دوای ئەوەی هەستی بەوەکردوە رۆڵی لە شانۆی سیاسی لە هەرێم بەرەو لاواز بون دەڕوات، لە سەرەتادا بە تایبەت لە مانگی ئایاری ٢٠١٧  پرسەکەی لە ئاستی نێوخۆی و دەرەکی وروژاند، بەڵام دوای ئەوەی دەرئەنجامێکی ئەوتۆی بە قازانجی بارزانی لێنەکەوەتەوە ناچار چەند هەنگاوێکی تری نا کە ئەویش ناردنی وەفد بو بۆ لای وڵاتانی رۆژئاواو دانوستان بە کارهێنانی فشاری هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرگای نوێ بە هەمان شێواز ئەم هەنگاوەش بە قازانجی بارزانی نەشکایەوە، هەربۆیە دوا کارتی خۆی بۆ فشار لەسەر وڵاتانی رۆژ ئاوا باکار هێنا ئەویش دیاریکردنی کاتی ریفراندۆمە، لەم وتارە هەوڵ ئەدەین ئەوە تێروانینەی سەرەوە رون بکەینەوە.

وەک ئاشکرایە دیاریکردنی کاتی راپرسی لە ٢٥/٩/٢٠١٧ پرۆژەیەکی بارزانیە خراوەتە بەردەستی لایەنە سیاسیەکان، بە بێ دیراسەکردنی بۆ ئامانجی راستەقینەی ریفراندۆم هەربۆیە :

1. دیاریکردنی کات بەو شێوەیە مەبەستدارە لە لایەن بارزانی :
- دوای ئەوەی بارزانی بەوەی زانیوە کە ئەو ئەرزشەی نەماوە لە لایەن وڵاتانی رۆژئاوا بەهۆی نزیکبونەوەی لە کۆتایی داعش، یارمەتیە سەربازی و مادیەکانی بۆ کەم بوەتەوە.
- پێداگریکردنی ناوەندە دیپلۆماسیەکانی رۆژنامەوانیەکانی رۆژئاوا لە گەڕانەوەی شەرعیەتی بۆ دەزگا  نیشتمانیەکان.
- پێداگریکردنی وڵاتانی رۆژئاوا لە ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان.
- رەخنەگرتنی راپۆرتی ناوەندە دەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان لە رەوشی مافەکانی مرۆڤ 
- ئاماژە پیکردنی راپۆرتی ناوەندە Think Tank جیهانیەکان بەوەی بایەخ بەو هێزە مەدەنیانە بدرێت کە قوربانیان داوە لە روبەروبونەوەی گەندەڵی  فۆرمی حوکمڕانی.

2. دەرئەنجامی خاڵی یەکەم بارزانی ئەوەی بۆ دەرکەوت دوای داعش وڵاتانی رۆژئاوا ئەگەر کۆتایی بە رۆڵی نە‌‌هێنن، ئەوا بەلایەنی کەمەوە رۆڵی بارزانی و پارتی لاواز دەکرێت هەربۆیە بە پەلە چەند کارێکی کرد:
- پرسی ریفراندۆمی وروژاند لیژنەی تایبەتی لە یەکێتی و پارتی بۆ دروست کرد، ئەوەشی راگەیاند کە پێویستی بە پەرلەمان نیە.
ێ‌- دوای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا بە ناڕاستەوخۆ دژایەتیان بۆ پرسەکە راگەیاند و بزوتنەوەی گۆڕان و ناوەندە نێوخۆیەکان کارێکی لەم شێوەیان بە ناشەرعی دانا.
- هەربۆیە لە  ١٤/٥/٢٠١٧ مەسرور بارزانی کوڕی نارد بۆ ئەمەریکا، ئەم هەنگاوە بۆ بارزانی لێکەوتەیەکی ئەوتۆی نەبو، وەک لە هەندێك ناوەندی رۆژنامەوانی ئاماژەی پێکرا وەک ئەوەی پشتگیری بارزانیان نەکردوە،  سەرەڕای ئەوە داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان و چاکسازیان کردوە.
-  وەک بەکارهێنانی کارتێکی فشار لە ١/٦/٢٠١٧ نێچیرڤان بارزانی برازای  نارد بۆ روسیا وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا بایەخ بە بارزانی بدەنەوە، بەڵام ئەم کارتەشی سوتا رەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی لە بەرژەوەنی بارزانی نەبو.
- ناچار کۆتا کارتی بەکارهێنا ئەویش کۆکردنەوەی هاوئاوازەکانی بو لە ٧/٦/ ٢٠١٧ بارزانی رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمی پێڕاگەیاندن ئەوانیش بێ ئەوەی رێکارەکانی بزانن قەبوڵیانکرد، تەنانەت پێش کۆبونەوەکە ئەجێندای کۆبونەوەکەشی بۆ روننەکردبونەوە، ئەم هەنگاوەشی بۆ سەنجراکێشانی وڵاتانی رۆژئاوا بەکارهێنا، جگە لە بەگونجاو نەزانینی ئەوکاتە هیچ وڵاتێک بانگهێشتی بارزانی نەکرد جگە لە تورکیای پاڵپشتیکەری بارزانی نەبێت.

3. ناچار بۆ ئەوەی لە ناوخۆشدا روبەروی شکستی گەورە نەبێتەوە چەند هەنگاوێکی ناو ناچار سازش بۆ بزوتنەوەی گۆڕان بکات ئەویش کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمانە ئەگەرچی ئەم سازشکردنە بە قورس دەزانێ، بەڵام دو ئامانجی هەیە؛

A. ئامانجی یەکەم سەرخستنی پرۆژەکەی بارزانیە کە ئەنجامدانی ریفراندۆمە لە ٢٥/٩/٢٠١٧، چونکە کۆتا کارتی بارزانیە بۆ کورسیەکەی و بۆ سەنگی پارتیش لە کوردستان، چونکە سەرکەوتنی ئەم پرۆژە لە ئاستی نێوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی رۆڵ ئەداتەوە بە بارزانی و پارتی، کە سەرئەنجام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانیش پاڵپشتی باش ئەبێت بۆ پارتی.

B. دوای ماڵئاوایی کاک نەوشیروان، بارزانی ئەوەی بۆ رون بویەوە کە هاوسۆزیەکی گەورە لەلایەن خەڵکی کوردستان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دروستبوە لە نێو جەماوەری هەمو هێزە سیاسەکان، بۆ کەمکردنەوەی ئەم هاوسۆزیە بردنی بزوتنەوەی گۆران بۆ ئەو بازنەی دروستی کردوە بۆ هێزە سیاسیەکان (بازنەی هاوئاوازەکانی پارتی)، چەند سازشێکی کرد یەکەمیان چونەوەی د.یوسف دواتر گۆڕینی، دوەمیان مانەوەی د.یوسف بەڵام بەو مەرجەی کە پەرلەمان تەنها بۆ ریفراندۆم کاربکات، بەم هەنگاوەش دو کاردەکات :
یەکەم – پرۆژەکەی بارزانی سەرئەخات .
دوه‌م- ئاستی جەماوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردن بە تەواوەتی لاواز دەکات.

لە کۆتایدا دەتوانین ئەوە بڵێین ئەم هەنگاوەی بارزانی ناویەتی چ لە ئاست نێوخۆ و چ لە ئاستی دەرەکی، بۆ هێشتنەوەیەتی لە کورسیەکەی نەک ئامانجی راستەقینەی ریفراندۆم.

خوێندراوەتەوە591