د. سه‌ردار عه‌زیز

ئەمریكاو توركیاو كورد‌


 
سبەینێ ئەردۆگان لە كۆشكی سپیە. دوو دیدی جیاواز هەیە بۆ دیدارەكە. ئەردۆگان بە دەرفەتێكی دەزانێت بۆ ئەوەی داوا لە ترەمپ بكات كە لە بڕیارەكەی بە پێدانی چەك و پشتگیری بۆ پەیەدە پەشیمان بێتەوە، لە هەمانكاتدا ترەمپ بە دەرفەتێكی دەزانێت هەتا ئەردۆگان بەو بڕیارە ڕازی بێت یان هیچ نەبێت دژایەتی نەكات.

دیدارەكەش، ئەگەر تەماشای ڕەوتی گەشەی هەنگاوەكان بكەیت، لە لایەن ئەمریكیەكانەوە، بۆ ئەو ئامانجەیە كە وەها لە ئەردۆگان بگەیەنن كە ئەوان دژایەتی ناكەن. وەك بڵاوكرایەوە كە بڕیاری پێدانی چەك دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما، بە هاتنی ترەمپ و بوونی كەسێكی وەك فلین، كە كاری بۆ توركەكان كردبوو، توركیا گەشبین بوو كە ئەم بڕیارە جێبەجێ ناكرێت.

بەڵام ترەمپ گەشتەوە هەمان باوەڕ كە چەك پێدان و پشتیوانی یەپەگە تەنها رێگایە بۆ رزگاركردنی خێرای ڕەققە. وەك توركەكان دەڵێن، ئەمریكیەكان هەمیشە ئەوە دووپات دەكەنەوە كە هیچ بژاردەیەكی تریان نیە. 

ئەردۆگان دەزانێت كە خواستەكەی جێبەجێ ناكرێت. چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ماتیس و یڵدرم لە پەراوێزی كۆنفرانسێكی تایبەت بە سۆماڵ لە لەندەن، بۆ ماوەی نیو كاتژمێر یەكتریان بینی، یڵدرم داوای ڕاگۆڕینی ئەمریكای كردبوو لە ماتیس، بەڵام بێ ئەنجام بوو.

لە ڕاستیدا ئەمریكاییەكان ماوەیەكە لە هەوڵی ئەوەدان چۆن زەمینە بسازێنن بۆ ئەم هەنگاوە، دواخستنی ڕاگەیاندنی بڕیارەكە بۆ دوای ریفراندۆمی سەرۆكایەتی لە توركیا بۆ ئەوەبوو كە توركەكان هێندەی تر توڕەنەكات، پاشان پیرۆزبایی ترەمپ بۆ ئەردۆگان بە هەمانشێوە بۆ ئەوەبوو كە نیازپاكی ئەمریكا بەرامبەر توركیا پێشان بدات، دواجار، بانگهێشتكردنی ئەردۆگان بۆ كۆشكی سپی، هەموو هەنگاون بۆ ڕازیكردنی توركیا. بەڵام ڕاگەیاندنی بڕیارەكە پێش هاتنی ئەردۆگا، پەیامێكە لە لایەن ترەمپەوە، كە بڕیارەكە دراوە، دەبێت بیر لە چۆنێتی خۆگونجان بكەیتەوە لە گەڵیدا. 

لە توركیا هەندێك هەن وەهای لێكدەدەنەوە كە بڕیارەكە دژایەتی توركیایە و ئەمریكا دوای شەست ساڵ لە دۆستایەتی، لە سەردەمی جەنگی كۆریاوە، كاری بە توركیا نەماوە. هەندێك كوردیش وەهای لێدەدەنەوە كە وەرچەرخانێكی ستراتیژی ئەمریكایە بە لای كورددا. هیچ كام لە تێگەیشتنانە ڕاست نین. ئەمریكا ئامرازیانە مامەڵە دەكات. گرتنی ڕەققە وەك سەركەوتنێكی ڕەمزی گەورە دەبینرێت لە میانەی شەڕی دژ بە تیرۆر. هەروەها وەها لێكدەردێتەوە كە بەشێكە لە ئاسایشی نیشتمانی ئەمریكا. بۆیە بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە ئەمریكا سڵ لە هیچ هەنگاوێك ناكاتەوە، بە تایبەتی ترەمپ كە لە ناوخۆدا فشاری زۆری لە سەرە، بە دوای دەستكەوتێكدا دەگەڕێت. 

ئەمریكا نایەوێت توركیا رێگەی لێبگرێت لە ئەنجامدانی ئەم كارە. بەبێ گوێدانە خواستی توركی. ئەمە چەند خەسڵەتێكی مامەڵەی ئەمریكیمان پێدەڵێت:

یەكەم، هەموو شتێك ڕەوایە لە پێناو گەیشتن بە ئامانج، بە تایبەت كاتێك ئامانجێكی ئەمریكی باڵایە.

دووەم، هاوپەیمانی دۆستایەتی نابێت ببێتە رێگر لە پێناو گەیشتن بە ئامانج. 

سێ، ئەجیندای دۆستانی ئەمریكا تەنها لە دوو كاتدا دەبێتە ئەجیندای ئەمریكا: یەك، هیچ پەیوەندی بە ئەمریكاوە نەبێت، دوو، هیچ زیانێكی بۆ ئەمریكا نەبێت. 

چوار، وەك ڕۆبەرت پوتنام بۆمانی ڕوون كردەوە، پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان ئەجیندای ناوخۆ و دەرەوە لە بواری دیپلۆماسیدا. 

كاری كورد دەبێت بەو ئاقارەبێت كە چۆن ئەم پەیوەندیە فراوان و فرەئاست بكات.


خوێندراوەتەوە507