عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

زۆربونی ماددەی هۆشبەر و شمەکی بەسەرچوو، ئاماژە ترسناکەکەن‌


ئەمڕۆ ۲۷ ـ ٤ ـ ۲۰۱۷ ، هەواڵی دەستبەسەرداگرتنی ۱۷ کارتۆن ماددەی هۆشبەر لەسنوری ئیدارەی ڕاپەڕین لەلایەن ئاسایشی ناوچەکەوە ڕاگەیەنرا،کەدەکاتە ( ٤) ملێۆن و ( ۸۰)هەزار دەنک حەبی هۆشبەرو وزە بەخش .

ئەمە لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو واتا( ۲۰۱٦ )دەستگیراوە بەسەر زیاتر لە (٤۰)چل ملێۆن حەب لەجۆری ترادامۆڵ ، وە ماددەی هۆشبەر لەچاوساڵی پێشتری( ۲۰۱٥ )دا بەڕێژەی (۱۰۷٪ )زیادیکردبوو .

ئەمەجگەلەوەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگەیەکی بەکاربەرە نەک بەرهەم هێن ،و بۆ هەموو پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەمان پشت بە کاڵاو شمەکی هاوردەکراو دەبەستین ،و ڕۆژانەش لەبازاڕەکاندا دەستدەگیرێت بەسەر هەزاران تۆن خواردن و خواردنەوەوشمەکی بەسەرچوو ، بەواتایەکی تر هەرێمی کوردستان بۆتە شوێنی ساخکردنەوەی کاڵاو شمەکی خراپ وبێ کوالێتی وڵاتانی دەرەوە ،و قوربانیدەری سەرەکیش لەم نێوەندەدا تەنها دانیشتوانەکەیەتی .

حەوت ساڵە لەپەرلەمانی کوردستانەوە واتا لەساڵی (۲۰۱۰)وە بڕیار دراوە کە دەستەیەک دابمەزرێت بەناوی دەستەی پاراستنی مافی بەکاربەرلەهەڕێمی کوردستانداوکاریش بەیاسای پاراستنی مافی بەکاربەری حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت  لەپێناو پاراستنی مافی هاوڵاتیان ، بەڵام ئەم حکومەتە لەبەر ئەوەی ئەم دەستەیە  لەقازانجی هاوڵاتیان وبەکاربەراندایە ، و زیانیش دەگەیەنێت بە هەندێ بازرگانی خۆپەرست و سێبەری بەرپرسانی باڵا ، خۆی لەدامەزراندنی دەستەکە دزیوەتەوەو نەهاتونەتە ژێرباری ئەمەجگە لەوەی هەر لەم خولەی پەرلەمانداو تا ئەوساتەی پەرلەمان کارابوو چەند جارێکی تر بەنوسراوی فەرمی لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەر لەڕێگەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە داوا لەئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کراوەتەوە بۆ دروستکردنی دەستەکە  ،چونکەبەبوونی دەستەیەکی لەو شێوەیە هەندێ لەمافە بنچینەییەکانی بەکاربەران پارێزراو دەبن وتاڕادەیەکیش کۆنتڕۆڵی بازاڕەکانی هەرێم  دەکران .

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان بەبڕیاری ژمارە (۳۹/۳٤۸) لە(۱۹ - ٤ - ۱۹۸٥)واتا (۳۲)ساڵ ویەک هەفتە پێش ئێستا مافەکانی بەکاربەری چەسپاند کە لە هەشت ماف پێکدێت ئەوانیش بریتین لە  (مافی دڵنیابون ، وەرگرتنی زانیاری ، گوێگرتن لەڕاوبۆچون وسکاڵاکانی بەکاربەر ،قەرەبوکردنەوە ، هۆشیاری وڕۆشنبیری لەسەر مافەکانی بەکاربەر، بەدەستهێنانی کاڵای پێویست ، ژیان لەژینگەیەکی پاک وئارام ). 

من لێرەدا لەبەرپرسانی ئەم هەرێمە دەپرسم ئایا لەو هەشت مافەی کەنەتەوەیەکگرتوەکان بۆ بەکاربەری چەسپاندوە چەندی بەدیهاتوون؟

ئایا چ وەڵامێکتان بۆ دانیشتوانی هەرێمێک هەیە کەلەتەنها ساڵێکدا زیاتر لە چل ملێۆن حەبی ترامادۆڵ دەستیان بەسەرداگیراوە و هەزاران تۆن خواردنی بەسەرچویان دەرخوارد دراوە؟ 

ئەی تۆبڵێی چەند ملێۆنیش هەرئاشکرانەبون و هاوردەی هەرێمیش کراون یان چەند هاوڵاتی بەهۆی شمەکی بەسەرچوو دەردەداربوون.

کێشەکە لەوەدایە بەرپرسانی باڵای ئەم هەرێمە لەئاست ئەم هەموو دیاردە مەترسیدارو ترسناکەدا لەبێ باک بێباکترن و مێشێکیش میوانیان نیە ،کەئەمەی لەهەرێمدا دەگوزەرێت لەهەر هەرێم و وڵاتێکدا نێو هێندە ڕوویانبدایە ئەوا دەیان بەرپرسی بەهەست دەستیان لەکاردەکێشایەوە ، بەڵام لەم مەملەکەتەدا دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسان نابینیت و بەدیناکەیت مەگەر بەکۆچی دوایی و ژیانئاوایکردنیان .

بۆیە پێویستە هەر هاووڵاتیەک خۆی ببێتە پارێزەری مافەکانی و بەئاگابێت لە کاڵاو شمەکی ئێکسپایەروبەسەرچوو نەک چاوەڕوانی حکومەتێکی خەمسارد بکات ، جی گیڤارا دەڵێ ( میللەتێک خواردنی ئێکسپایەر بخوات ، دوور نیە عەقڵیشی ئێکسپایەر بێت )

ــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا .
بڕیاردەری لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەرلەپەرلەمانی کوردستان. 
هەولێر....... ۲۷ی نیسانی ۲۰۱۷ .


خوێندراوەتەوە781