عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

سندوقی کۆمەک وهاوکاری جێگای سندوقە گەورەکە ناگرێتەوە‌


لەهەرێمی کوردستاندا کارکردن بۆ دروستکردنی سندوقی جۆراوجۆر لە هەڵکشان و زیادبوندایە لە وێنەی سندوقی کۆمەک، هاوکاری، خێروخێرخوازی، یارمەتی و ..... هتد .

باشە بەویژدانی کێ ڕەوایە هەرێمێک کە خاوەنی دەیان سامانی سروشتی سەر زەوی وژێر زەوی بێت وەک سوتەمەنی وئاسن ،بەردی بەنرخ و مس ، گۆگردو ئاڵتون و یۆرانیۆم ، هەرێمێک کەخاکەکەی هێندە بەپیت بێت دووئەوەندەی دانیشتوانەکەی بتوانرێت بەروبومی کشتوکاڵی تێدا بەرهەم بهێنرێت و لەدوای وڵاتی سودان خاوەنی باشترین زەوی کشتوکاڵی بێت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا ، هەرێمێک بەتەنها زۆر زیاتر لەوڵاتانی وەک ئوردن وئیسرائیل ئاوی سەروژێر زەوی هەبێت.
 
هەرێمێک هەموو ڕەگەزەکانی گەشتیاری بەزیادەوە هەبێت وبەکەمترین تێچون بکرێتە باشترین شوێنی گەشتیاری ناوچەکە، هەرێمێک هەڵکەوتەکەی وابێت کە زۆر شیاوبێت بۆ پێشخستن وگەشەکردنی کەرتەکانی پیشەسازی وبازرگانی .

ئایا بۆ دەبێت ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەجیاتی برەودان و دانانی پلان ونەخشەڕێگا بۆ ئەو هەموو بوارانەو کردنیان بەسەرچاوەی کۆکردنەوەی داهات ودۆزینەوەی هەلی کاربۆ ئەو بێکارە زۆرو زەوەندانە ،و دابینکردنی ژیانێکی تەندروست وپێشکەشکردنی  خزمەتگوزارییەکانی ژیان، کەچی ڕۆژێک گوێ بیستی دانانی سندوق بۆ کۆمەکی نەخۆش و ڕۆژێکی تر بۆ هاوکاریکردنی توێژێکی تری کۆمەڵگاو تەنانەت سندوقی هاوکاریش بۆ ڕێکخراوی هەمەچەشن، بەداخەوە لە ۲۷ ـ ۳ کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی  جیهانی شانۆ گوێ بیستی دانانی سندوقێک بوین بەناوی سندوقی هاوکاری بۆ شانۆ .

بەشی زۆری ئەم سندوقانە کە دانراون لە دڵسۆزی هاوڵاتیان و توێژی تایبەندمەندەوەیە بەو کارانەوە، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی دروستکردنی سندوقەکان دەگەڕێتەوە بۆ بێ باکی و بێ پلانی حکومەت و دەستەوەستانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان، گەر نا چۆن دەبێت نەخۆشێک چاوەڕێی پارەی سندوقێک بکات تالێوەی هاوکاری و چارەسەری بۆبکرێت، چۆن دەبێت توێژێک لەکارمەندانی دەوڵەت چاوەڕێی هاوکاری ڕێکخراوێکی بیانی بکەن بۆ یارمەتیدانیان، چۆن دەبێت پێشخسننی هونەری کوردی و شانۆ پشت بەهاوکاری نێو سندوقێک ببەستێت، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم حکومەتە جگە لەوەستاندنی پڕۆژەو بازاڕەکانی کوردستان، گیرفانی فەرمانبەران وموچەخۆرەکانیشی لەبەتاڵ بەتاڵترکردوەتەوە بەجۆرێک گەر فەرمانبەرێک کە چارەکە  موچەی بەپێی ئەم سیستمە دانسقەیەی حکومەتی هەرێم وەرگرتبێ ئەوا لەماوەی ساڵ ونیوێکدا تەنها کەمتر لەچوار موچەی تەواوی جارانی وەرگرتوە و ژیانێکی مەمرەومەژی گوزەراندوەو بەسەر بردوە .

بۆیە بەبڕوای من لەبڕی دروستکردن وبڕیاردان لەهەموو ئەو سندوقانەی کەناوی هەندێکیان هاتوە، باشترە لەلایەن هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەوانەشی بیرۆکەی دروستکردنی سندوقی دیکەیان هەیە فشارو گوشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانیان دروست بکەن کە لە جیاتی ئەم هەموو سندوقی کۆمەک و هاوکارییە کە لەزۆرێک لەشوێنە گشتیەکان دانراون بۆکۆکردنەوەی کۆمەک ویارمەتی، باشترە کە بڕیابدات بە دروستکردنی سندوقە گەورەکەی داهات (سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەکان) کە پەرلەمانی کوردستان دوو ساڵ لەمەوبەرو لەبەرواری ۱ ی نیسانی ۲۰۱٥ دا کردیە یاسا ، واتا کۆکردنەوەی سەرجەم داهاتی نەوت و گازی کوردستان کە تائێستاش پڕۆسەکە بەیەکێک لە پڕۆسە ناشەفافەکانی هەرێمی کوردستان دادەنرێت،  جگە لە چەند کەسێک کە لە پەنجەکانی دەستێکیش کەمترن نازانرێت داهاتی ڕۆژانەو مانگانەی پڕۆسەی هەناردە و فرۆشتنی سوتەمەنی هەناردەکراو چۆن و چەندە ؟ 

بەدڵنیاییەوە گەر پرۆسەکە ڕوون وشەفاف بێت و سەرجەم داهاتە نەوتی و گازییەکان بە هەرجۆرە دراوێک کە دەفرۆشرێت بخرێتە نێو سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی وگازییەکان، بەواتایەکی تر بەگێڕانەوەی تەواوی داهاتەکان بۆ نێو سندوقەکە و شەفافی پڕۆسەکە ئەوا دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوی سەرجەم داهاتەکانی سوتەمەنی کە لە ئێستادا گرنگترین سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتە لە هەرێمی کوردستاندا.

بۆیە دەبێت هەمووان ئەو ڕاستیە زۆر باش بزانین کە چەندە سندوقی کۆمەک وهاوکاری هەیە لەهەرێمدا و ژمارەکانیشی چەندین هێندەی تر زیاد بکات، ناکاتە چارەسەرکردنی بنەڕەتی وڕیشەیی کێشەو گرفتەکان کە سندوقەکانیان بۆ دروستکراون، بەڵکو جۆرێکە لەپینە پەڕۆکردن، بۆیە گەر دەمانەوێت چارەسەری تەواوەتی بۆ بدۆزرێتەوە دەبێت هەوڵەکان بۆ دروستکردنی سندوقە گەورەکە چڕتر بکرێتەوە، چونکە گەر بەشێوازێکی دادپەروەرانەو پێویستبونی هاوڵاتیان و توێژە جیاوازەکان داهاتی نێو سندوقەکەخەرج و دابەشبکرێت ئەوا هێندە داهاتەکە زۆرە کە سەرجەم هاوڵاتیان دەتوانن لە داهاتی سوتەمەنی و سامانی سروشتی و ژێر زەوی خۆیان وەک یەک سود مەند ببن، ئەو کاتیش هاوڵاتیان تا ڕادەیەک خۆیان بە ئاسودە دەزانن کە لە سامان وسەرچاوە سروشتیەکانی هەرێمی کوردسنان پشکیان هەیە، دەشبێتە سەرەتایەک بۆ بە دامەزراوەییکردنی دامودەزگا حکومیەکان و ڕاییکردنی کاروبارەکان بەشێوازێکی سەردەمیانە، بەڵام بە پێچەوانەوە گەر بێدەنگ بین و حکومەت ناچارنەکرێت بە بەرکارکردنی یاسای سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەکان کە من ناوم لێناوە سندوقە گەورەکە، ئەوا دروستکردنی سندوقە بچوک و هەمەجۆرو لاوەکیەکان لەزیادبوندا دەبن و چارەسەری کەمترین کێشەو گرفتەکانیش دەکات، ئەمە جگە لەوەی کە حکومەت و بەرپرسەکانی بێ باکتر دەبن و خۆیان زیاتر دەکەنە "کەڕڕەی شەربەت" لە ئاست قەیرانەکاندا.

خوێندراوەتەوە339