عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

لەیادی ڕاپەڕیندا ، جامی ناڕەزایی خەڵک لەپڕ پڕترە‌


 ۲٦ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەرڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، پێش هەموو شتێک پیرۆزبایی لەخەڵکی کوردستان و ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە نەخشەوپلانی ڕاپەڕینیان داڕشت و، درودیش بۆ ئەو شەهیدانەی کەبەحەماسێکی زۆرەوە و بۆ سەرخستنی ڕاپەڕین گیانی خۆیان بەختکرد .

خەڵکی کوردستان لەوساتەی بڕیاری ڕاپەڕینیاندا لەبەرامبەر ڕژێمێکی دڕەندەوشۆڤێنی وەک ڕژێمی بەعس و لەماوەیەکی کورتخایەندا دارودەستەکەیان لەکوردستان وەدەرنا چاوەڕوانی هەڵهاتنی ئاسۆیەکی ڕوونیان دەکرد، چاوەڕێی دنیایەک خۆزگەوئاوات بوون کەساڵانێک بوو بۆی تێدەکۆشان وخەبانیان بۆیدەکرد، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاسۆیەی کە هەڵهات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو لێڵ بوون دەچوو ،خۆزگەو ئاواتەکانیش زۆرینەی هەرە زۆرییان نەک بەدینەهاتن بەڵکو بەتەواوی لە گۆڕنران.

خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی ڕاپەڕی ، بۆ کۆتایی هێنان بە زوڵم و ستەم بەرخۆدانی کرد کەچی دوای زیاتر لەچارەکە سەدەیەک لەفەرمانڕەوایی خۆماڵی و فرۆشتنی سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی جگە لەوەی کەئازادی لەنەمان نزیکبۆتەوەو بەرەو تەسکبونەوەی تەواو دەچێت و ، ستەمکردنیش چەند هێندە زیادیانکردوە و، هەرێمی کوردستانیشیان کردۆتە هەرێمکی پڕ لەهەژاری، برسێتی ، بێکاری ، نادادی ، ڕق لێبونەوەی یەکدی و.......هتد .

هەرێمێک دانیشتوانەکەی گیرۆدەی چەندین قەیران و کێشەی جۆراوجۆر بوبێتن ، بەکوللە مەرگی ومەمرەومەژی ژیانی ڕۆژانەبەڕێبکەن ، لە ئایندەی ژیانی دڵنیا نەبێت ، مامەڵە بەژیان ودواڕۆژوئاوو خاکیەوە بکرێت ، گەورەترین شانازی ودەستکەوتەکانی بەرهەمی ڕاپەڕینەکەی کەدامەزراندنی پەرلەمان وحکومەتی کوردستانە ۱٨ مانگەپەکیخرابێت و حکومەتەکەشی ئیفلیجکرابێت .

ئیتر پێم ناڵێن دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بەچ چاووڕوەیەکەوە باس لە دەستکەوت و جوانیەکانی ڕاپەڕینێک دەکەن کەخەڵکی کوردستان بۆخۆیان داینەمۆ و پشتیوانی هەرەبەهێزی سەرخستن وسەرکەوتنی بوون، بۆیە هەرئەوان بۆیان هەیە شانازی بەڕاپەڕین و بەرەنگاربونەوەی زوڵم وستەم بکەن، نەک کەسانێک کە تابیناقاقایان لەلایەک نقومی گەندەڵین و لەلەیەکی تریشەوە یاری بەدەستکەوت و پیرۆزییەکانی ئەم میللەتە خێرلەخۆنەدیوە دەکەن .

گەربەرپرسانی ئەم هەرێمە پێیان وایە ئەم نوسین و وتانەی ئێمەو مانان وانیەو پوختان ودرۆی هەڵبەستراون ، ئەرک بکێشن و تۆزێک بەوردی و دیقەتەوە دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بخوێننەوە کە لەسەرداوای کۆنگرێسی ئەو وڵاتە ساڵانە ئامادەی دەکات لەسەرمافی مرۆڤ وئازادی ڕۆژنامەوانی وشەفافیەت وخۆپیشاندانی گەلانی۲۰۰ وڵاتی دنیا لەڕێی باڵوێزو کونسوڵگەرییەکانیەوە لەوڵاتان، کە بەشێکی تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و تێیدا هاتوە کە حکومەت و حیزبە باڵادەستەکان هەڵبەت لەڕووی هێز و پارەوە، چۆن یاسا پێشێلدەکەن، ڕێگە لەسەرۆکی پەرلەمان دەگرن و کۆبونەوەکانی ئەنجامنادرێت، ڕۆژنامەنوس لەژێر ئەشکەنجەدا دەکوژرێت، کارئاسانی بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانی نزیک لەخۆیان دەکەن، گەندەڵی هەموو جومگەکانی تەنیوە، ناشەفافی لە بواری نەوتدا زۆرو زەوەندە و ......هتد .

بۆیە ئیتر کاتی ئەوە هاتوە ئەوانەی کەخۆیان بەخەمخۆری خەڵک و ، دڵسۆزی ئەم هەرێمە وخەڵکە بەشمەینەتەکەی دەزانن چیدیکە بێدەنگ نەبن لەئاست ئەو هەموو زوڵم وستەمەی کە لە ئێستادا لە خاک و خەڵکی کوردستان دەکرێت .

چونکە خەڵکی کوردستان توڕەییەکەیان هێندە زۆرەو لەجامی پڕ زیادیکردوە خەریکە لێیدەڕژێت .

خوێندراوەتەوە99