عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی وهەرێمی کوردستان‌


ساڵانە ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتی خۆی بڵاودەکاتەوە و تێیدا ڕێژەی زۆری شەفافی وگەندەڵی لەڕادەبەدەر لەوڵاتانی جیهان دیار و ڕیزبەندی دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ساڵی(۲۰۱٦)ی ڕێکخراوەکە دانیمارک و نیوزلەندە بە بەدەستهێنانی ڕێژەی (۹۰٪ )ی بونی شەفافی وکەمی گەندەڵی و لێپرسینەوە تێیدا بەشەفافترین وڵات دیاریکردوە و سۆماڵیش بەناشەفافترین وگەندەڵترین وڵات لەڕیزبەندییەکەدا هاتوە کەلەو ڕووەوەتەنها لە (۱۰٪)ی بەدەستهێناوە .

ئەوەی بۆ ئێمە گرنگ وجێگای بایەخ ولێوردبونەوەیە بونی عێراقە لەو ڕاپۆرتەدا کە لە پلەی پێنجەمدا هاتوە لەنێو (۱۷٦)وڵاتی جیهاندا کەڕێژەی شەفافیەت تێیدا تەنها ۱۷٪ یەو بەپێنجەمین وڵاتیش هەژمارکراوە لەزۆری بوونی گەندەڵی تێیدا .

بەواتایەکی تر وڵاتی عێراق کەهەرێمی کوردسانیش بەشێکی دانەبڕاوە لێی تاکو ئێستا لەماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا لەڕیزبەندی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێو دەوڵەتی یەکێک بووە لە (۱۰)وڵاتە یەکەمەکانی جیهان ونەیتوانیوە لەو (۱۰) وڵاتە یەکەمەی کەڕێژەی گەندەڵی تێدا فولە و ناشەفافی لەخاڵی خاڵیترە بێتەدەرەوە وهەنگاوێک لەو ڕوەوە بهاوێژێت بەرەوشەفافی.

لەگەڵ هەبوونی چەندین دەستە و ڕێکخراو و گروپی جۆراوجۆری دژبەگەندەڵی وکارکردن بۆ هێنانەدی شەفافیەت لە دامودەزگاکانی عێراق وهەرێمی کوردستاندا کەچی هێشتا شەفافیەت تێیدا( ۱۷٪) تێپەڕ نەکات وتەنها (٤)پۆینت لەپێش وڵاتێکی وەکو سوریاوە بێت کە هەموان دەزانین بارودۆخی سوریا لەئێستاداجگەلەناوچە کوردیەکان چۆنەولەچ حاڵێکدایە ، چۆن هەرگروپ ودەستەیەک خۆی بەبەرپرس وفەرمانڕەوای شاروناوچەوتەنانەت گەڕەکێکیش دەزانێت .


ئایا هەرێمی کوردستان لەعێراق شەفافترە یان گەندەڵتر ؟
زانیمان کەعێراق لەڕیزبەندی ناشەفافترین وگەندەڵترین وڵاتانی جیهان پلەی پێنجەمی وەرگرتوە ، واتا لەکۆی (۱۷٦)وڵاتی جیهان لە (۱۷۱)وڵاتیان ناشەفافتروگەندەڵترینیانە بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی .

پرسیارەکە لێرەدایە ئایا عێراقێک کە لەئێستادا خاوەنی پەرلەمانێکی چالاک بێت و بەردەوام بێت لە لێپرسینەوەومتمانەسەندنەوە لە بەرپرس و وەزیرەکانی، خاوەنی دەستەیەکی دەستپاکی بێت کەچەندین بەرپرسی ڕەوانەی دادگاکان کردوە بۆ لێپێچینەوە، دەستاودەستکردنی دەسەڵات تێیدا ئاسایی بێت، فرۆش وهەناردەوداهاتی نەوتی ڕوون وشەفاف ودیاربێت، بودجەی دیار و پەسەندکراو بێت و......هتد... ، کەچی هێشتا پێنجەم وڵاتی جیهان بێت لەناشەفافی وگەندەڵیدا .

ئەی ئەگەر هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوایە تۆ بڵێیت لەڕیزبەندیەکەدا چ پلەیەکی پێدەدرا، چونکە نزیکەی ساڵێک و چوار مانگە پەرلەمانەکەی بەبڕیارێکی حیزبی پەکخراوە، حکومەتەکەی بێ چاودێرییەو چی بەخواستی خۆیەتی دەیکات، کەس نازانێ ڕێژەی تەواوی هەناردەی نەوت وداهاتی وخەرجکردنەکەی چەندەوچۆنە، ڕێگە نەدرێت دیوانی چاودێری داراییەکەی چاودێری و وردبینی داهاتی سامانەسروشتیەکانی بکات، بودجەی دیاروپەسەندکراونەبێت  و.......هتد.... ،

بۆیە ناکرێت ڕاپۆرتێکی لەو شێوەیە کە لەلایەن ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییەوە بڵاودەکرێتەوە بەهەند وەرنەگیرێت و نادیدەبکرێت، بەڵکو گەر گەرەکمانە بەرەو شەفافیەت بڕۆین و دژی گەندەڵی بوەستینەوە دەبێت خاوەنی پەرلەمانێکی کارا، دەستەیەکی نەزاهەی چالاک، دیوانی چاودێرییەکی ورد، داواکاری گشتیەکی جدی، ڕێکخراوگەلێکی کۆمەڵگەی مەدەنی دژی گەندەڵی بوێربین.

چونکە وڵات بەسەروەری یاساوچاودێری وردو لێپێچینەوەی یاساشکێن وگەندەڵکاران شەفافیەت تێدا دروست دەبێت وگەندەڵیش بەرەوبنبڕی دەچێت .

خوێندراوەتەوە613