عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

کەناڵی(KNN) یاری خەڵک و نەیاری کەسانی گەندەڵ‌


لەمێژووی ڕاگەیاندنی کوردیدا دەکرێت  ۲۰ ـ ۱۲ وەک ڕۆژێکی پرشنگداروجیاوازتر لەڕۆژەکانی تری ساڵ سەیر بکرێت چونکە لەم بەروارەدا بۆ یەکەمین جار شاشەیەکی تەلەفزێۆنی نوێ دەرکەوت کە زۆر بەزوویی لەدڵی زۆرێک لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا پانتاییەکی گەورەی داگیرکردو بوە میوانێکی ڕۆح سوکی هەمیشەییان ئەو شاشەیەش ناوی لێنرا  تۆڕی هەواڵی کوردی ،کەلە نێو خەڵکیدا زیاتر بە (KNN) ناسراوە .

دەرکەوتنی تۆڕی هەواڵی کوردی وەک تیڤیەک کە دەربڕی دۆخ وڕووی  ڕاستەقینەی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بوو لەئان وساتێکی وادا گرنگی وماهیەتی خۆی هەبوو .

گرنگ بوو چونکە لەوکاتەدا هەرێمی کوردستان وخەڵکەکەی تینووی شاشەیەک بوون کە وەک خۆی وبێ ڕتوش ودەستکاریکردن خواست و داواکانیانی لێوە دەرببڕن یان ئاڕاستەی دام ودەزگا تایبەتمەندو پەیوەندیدارەکانی بکەن .

کارکردنی تۆڕی هەواڵی کوردی لەو چەند ساڵەی تەمەنیدا نەبێ کێشە بوە نەبێ هەڕەشە ، چونکە لەچەندین وێستگەی کارکردنیدا کێشەوگرفتی جۆراوجۆری بۆ دروستکراوە ،ئەمەجگە لەوەی کەبە دەیان جارهەم بە نهێنی و هەمیش ئاشکراهەڕەشە لەو ڕۆژنامەنوس وپەیامنێرو تەکنیکیانە کراوە کەلەم کەناڵەدا کارییانکردوە، بەڵام نەدروستکردنی گرفت و نەهەڕەشە زۆر و زەوەندەکانیش نەیانتوانی بۆ تۆزقاڵێکیش بێت ئەم شاشەیە و بینەرانی لەیەک داببڕن .

کەی ئێن ئێن لەماوەی کارکردنیدا بەدڵنیاییەوە یارو نەیاری هەبوەوبەردەوامیش هەر دەیبێت ، بەڵام مایەی خۆشحاڵی و سەربەرزییەکی زۆرە بۆ تەواوی ستاف و خێزانی ئەم شاشەیە کە هەموو کات خۆی لەخەڵکی جودا نەکردوەتەوە و لەبەرەی خەڵکیدابوە.

ئەمەش وایکردوە کەخەڵکی بەشخوراو و زوڵملێکراوی کوردستان وەک کەسێکی یار و نزیکیان دەڕواننە کەی ئێن ئێن ، بەپێچەوانەشەوە کەم نین ئەو کەسانەی کەنەک بەبینینی ڕاپۆرت وبەرنامەکانی خێرا تووشی حەساسیەت وبێزاری دەبن بەڵکۆ بەبینینی لۆگۆکەشی دۆش دادەمێنن و ئارەزووی بیستنی ناوەکەشی ناکەن، ئەوانەش خەڵکانێکن کەبەجۆرێک لەجۆرەکان گلاون لەگەندەڵی یان ڕۆڵیان هەبوە لەبەهەدەردانی سامانی زۆرو زەوەندی کوردستان یان دۆستەکانیانن، بۆیە شاشەکە بەهەمیشەیی یارونەیاری دەبێت، بەڵام گەورەییە خەڵک یارت بێت ونەیاریشت کەسانی گەندەڵکاربن .  

ئەم شاشەیە یەکێکە لەکۆرپەکانی تری کۆمپانیای وشە ،کە پێش کەی ئێن ئێنیش سایتی سبەی و ڕۆژنامەی ڕۆژنامەش دوو ڕۆژنامەی گرنگی ئەلیکترۆنی ونوسراوی سەرکاغەز بوون کە کاریگەری زۆریان هەیە و هەبوە لەبواری ڕۆژنامەگەری کوردیدا .

لەکۆتاییدا جگە لەدەستگوشین وماندونەبونی زۆرم لە تەواوی ستافی کەناڵی KNN خوازیارم لە ساڵڕۆژی دامەزراندنیدا ، پێداچونەوەیەکی تەواوبکات بە پڕۆگرام وبەرنامەوشێوازی کارکردنیدا بەشێوەیەک لەباشەوە بۆ باشترو دواتریش بەرەو باشترین هەنگاو بنێت وببێتەوە میوانە هەمیشەییەکەی ماڵەکانمان .

خوێندراوەتەوە997