كاردۆ محه‌مه‌د

نەوشیروان موستەفا و هێڵی سوور.!‌


لە زۆر پرس و کێشە و ململانێی سیاسیدا، باسی هێڵی سوور دەکرێت، ئەوەی لە سەر زەمینی واقیع و راگەیاندنەکان دەبینین، شتێک نەماوەتەوە لای ئێمە بەناوی هێلی سوور.  خاڵی هاوبەشی نیشتیمان و بەهای هاوڵاتیان بێت. تاک یا گروپ نەتوانن سنوری ئەو هێڵە ببەزێنن کە مافی گشتی و نەتەوەیی و پێکەوە ژیانی سەرجەم هاوڵاتیانە. بۆیە هەرێمەکەمان ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پشێوی و لێکترازانی زیاتر دەڕوات.

 بۆ مێژوو، دەمەوێت ئاماژە بە هەڵوێستێکی گرنگ و پڕ بایەخی کاک نەوشیروان مستەفا بکەم لە پێش درووستبوونی گۆڕان، لەسەر کێشە کەڵەکەبووەکانی هەرێمی کوردستان.  زۆر جار لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ کاک نەوشیروان، لەسەر ئەو پرسە و چۆنییەتی دەربازبون لە قەیران و کێشەکانی هەرێمی کوردستان و نیگەرانی خەڵکی، بۆ ئەو بێ دەنگە؟ ئەو سەبارەت بەو پرسیارەی ئێمە، دەیگوت: هەمیشە لەڕابردوو لە زۆر وێستگەدا دەمانتوانی گۆڕانکاری بکەین، بەڵام هەڕەشە و مەترسی دەرەکی بیانوییەکی ڕەوا بوو بۆ ئەوەی لەئاست کەموکورتیەکانی ناوخۆ، بێدەنگ بین. بەڵام ئێستا مەترسیەکە نەماوە، بۆیە لە ئێستادا بێ دەنگ نابین و قسە دەکەین و کار بۆ گۆڕانکاریی دەکەین.!

  لەدروست بونی گۆڕانەوە، لە بڕوابوون بەنیشتیمانسازیی لە ئامانجەکاندا و بەبڕوابوون بە هێڵی سوور، لەپرسە نیشتیمانی و نەتەوەییەکاندا، جگە لە پرۆژەی چاکسازیی بۆ هێزی پێشمەرگە، بیری لە هێزی تایبەت نەکردەوە و هەوڵیدا هەژمونی حزب بەسەر هێزی پێشمەرگەدا نەهێڵێت. لە پرسی خاکدا بەتایبەت ناوچە کێشە لەسەرەکاندا، کاریکرد نەخشەیەک هەبێت بۆ پاراستنی خاک و سنورەکانی هەرێم. سەبارەت بە کێشە لەگەڵ بەغدا داوای بونی دەزگای نیستیمانی بۆ دانوستاندن کرد بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. لەسەرەتای دروست بوونی گۆڕان و کارنامەکەی ئەو ڕاستیانەی سەرەوە سەرەتایەکی نەگۆڕ بوون کە نەوشیروان موستەفا وەک ڕێکخەری گشتی بە هێڵی سووری زانیوە، وەک بەهای هاوبەشی نەتەوەی و نیشتیمانی و هاوڵاتیانی کوردستان سەیری کردوە، لەبەرامبەر هەڕەشەکانی دەرەکیدا.

ئەمڕۆش لە هەموو ڕۆژێک زیاتر کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی دەرەکی و مەترسیەکانی ناوخۆ دایە و کۆمەڵگە، جۆشی رق و دابەشبوون لێکترازان دەدرێت. بە دروشم گروپسازیی، فەزای گشتی شێوێندراوەو بەرەو خراپتر دەڕوات و ئەم فەزایە گشتیە سیاسیە پڕ لە تەنگژەیە کە خەریکە لەسکەی ئاسای دەردەچێ . بۆیە گەڕانەوە بۆ ئەو پرانسیپانەو چارەسەر کردنی دۆخەکە بەپلەی یەک، ئەرکی سەرکردە بڕیار بەدەستەکانە کە نەوشیروان موستەفا، یەکێکە لەوانە کە دامەزرێنەری سەرەتاییە نەگۆڕەکانە بۆ گۆڕانکاریی لە چوارچێوەی پرۆسەی نیشتیمانیدا. باوەڕی بەهێڵی سوور هەیە. لە بەرامبەر هەڕەشە و دوژمنی دەرەکیدا، بۆیە بێ بەشداری کەسایەتییەکی گرنگی وەک نەوشیروان مستەفا، چارەسەرکردنی ئەم دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، کارێکی ئاسان نیە ئەگەر مەحاڵ نەبێت.!

خوێندراوەتەوە2298