د. سه‌ردار عه‌زیز

یاسای حەشدی شەعبی‌

تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی هەنگاوێکی گەورەیە، لە دیاریکردنی ئاراستەی چۆنێتی حوکمداری لە عێراقدا.

بە پێی یاساکە، ئەم هێزە بەشێکە لە هێزی چەکداری عێراق و ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە سەرۆک وەزیرانەوە. هەمو مافێکی سەربازی هەیە، بەڵام مەرج نیە هەمو مەرجەکانی سەربازی تیادابێت. کاتی دەرچونی ئەم یاسایە بە ڕونی ئەوەمان پێ دەڵێت کە هەوڵ دەدرێت ئەم هێزە بمێنێتەوە پاش کۆتایی داعش-یش.

سەرەتای ئەم هێزە، زۆرێک دەیگەڕێننەوە بۆ فەتوایەکی سیستانی کە لە جۆری جیهادی کیفایەیە. جیهادی کیفایە بەوە جیاوازە لە جیهادی عەیەن، کە ئەگەر کۆمەڵێک پێی هەستان ئەوا نابێتە فەرز لە سەر هەموان.

بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها بۆ بەشێکی حەشدا وایە، کە پێیان دەڵێن کەتیبەکانی فەتوا. کە زیاتر بریتین لەو کەتیبانەی کە سیستانی مەرجەعیانە، ئەگینا زۆربەی زۆری ئەوانی تر سەر بە مەرجەعیە ئێرانیەکانن. ژمارەی کەتیبەکانی حەشد نزیکەی حەفتا کەتیبەن.

حەشدی شەعبی دو ئەرکی سەرەکی دەبێت، ئەرکێکی ناوخۆیی و ئەرکێکی ئیقلیمی. ئەرکە ناوخۆییەکەی بریتیه لە پاراستنی نیزامی شیعە لە عێراقدا. ئەمە بۆ وەڵامێک بۆ ئەو مەترسیانەی بە تایبەتی کاتێک ئەم نیزامە کەوتە ژێر مەترسیەوە لە لایەن داعشەوە. بەم پێیە حەشدی شەعبی هێزێکی تابیەتە بۆ داکۆکیکردن لە شیعەیەتی عێراق، کە دیاردەیەکی نوێیە پاش چوارسەت ساڵ.

دوەم ڕۆڵی ئەم هێزە، بونە بەشێک لە سیستەمێکی بەرفراوان لە سوپای نانیزامی کە لە سەرەتای شۆڕشی ئێرانیەوە بونیادنراوە بۆ بون بە بەشێک لە سیستەمی داکۆکی و هەژەمۆنیەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دامەزرێنەری ئەم سیستەمە کەسێکە بە ناوی موستەفا چەمران، کە دەرچوی زانکۆی بێرکلی بوە لە ئەمریکا.
هێزی نانیزامی کە ماوەیەکی زۆر هێزە کوردیەکانیشی دەگرتەوە، لە رێگای قەرارگای رەمەزانەوە، نیشانەی قەیرانی کۆماری ئیسلامی بو لەگەڵ رژێمەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وە هەوڵدان بۆ لاوازکردن و فشارکردن و گۆڕینیان.

حەشدی شەعبی جۆری سیاسەت دەگۆڕێت لە عێراقدا، لە تەنیشت زۆرینەی دیموکراسی شیعە دەبنە خاوەن هێزێکی سەربازی تایبەت بۆ سەپاندنی ئەجیندای خۆیان بە سەر عێراقدا. وەک لە نمونەی حیزب اللە دەیبینین لە لوبنان.
ئەمە هێندەی تر سیستەمی دیموکراسی و شەرعیەت لە عێراقدا لاوازدەکات.

خوێندراوەتەوە1198