عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

بودجەی هەرێم و مانگای هۆڵەندی‌


ڕەنگبێت بەبینینی ناونیشانێکی لەو شێوەیە بۆ نوسینێک توشی تێڕامان بیت و ڕاستەوخۆ بڵێیت مانگای هۆڵەندی وبودجەی کوردستان کوجا مەرحەبا .

هەموان باش دەزانین کە لەگەڵ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسدا و دروستبونی حکومەتی نوێی دوای سەدام حسێنی دیکتاتۆر ساڵانە بودجەیەکی زەبەلاح لەناوەندەوە هەناردەی هەرێم دەکرا تاوەکو دروستبونی ناکۆکی وململانێی نێوان هەرێم وبەغدا لەساڵی ۲۰۱٤ دا ، حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوەی نەیتوانیبوو لەو پارە زەبەلاحەی لەناوەندەوە ڕەوانەی هەرێم دەکرا ژێرخانێکی پتەوی ئابوری بنیاد بنێت نەیشی توانی تەنها چەند ملیار دۆلارێک لەگەنجینەکانیدا هەڵبگرێت بۆ فریاکەوتن وڕووبەڕووبونەوەی لەحاڵەتێکی لەو شێوەیەدا کەتێیکەوت ،کورد واتەنی پارەی سپی بۆ ڕۆژی ڕەش بەکار بهێتێت .

لەگەڵ سەرهەڵدان ودەرکەوتنی قەیرانی داراییدا لەسەرەتاکانی ساڵی ۲۰۱٤ دا وبەدیاریکراویش لەبەرواری ۱۱ـ ۲ ـ ۲۰۱٤ بەنوسراوی ژمارە ۱۰۱٨ حکومەت چەند فەرمانێکی دەرکرد بەمەبەستی کەمکردنەوەی خەرجی ودەرماڵەو وەستاندنی پڕۆژەکان وگەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتی وەزارەتەکان بۆ وەزارەتی دارایی .

بەو حاڵەشەوە حکومەت بەداهاتی نەوت کە لە ۲۲ـ٥ـ۲۰۱٤ و بەسەربەخۆ دەستکرا بەفرۆشتنی وداهاتی ناوخۆو ئەو پارەشی کەلەحکومەتی ناوەندەوە هاتوە بۆ هەرێم کەبڕەکەی ۲ ترلێۆن و۲٨۰ ملیاردینارە جا توانرا موچەی فەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێم بدرێت .

لە۱۰ـ ۱۱ـ ۲۰۱٤ دا ئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت وغاز بانگهێشتی پەرلەمان کران کەپێکهاتبون لە سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەیی و وەزیرەکانی دارایی وپلاندانان وسامانەسروشتیەکان ئەوان لەوڕۆژەدا دڵنیاییاندا بەپەرلەمان وکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کەلەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٥ وە لەهەرێمی کوردستاندا شتێک نامێنێت ناوی قەیرانی دارایی بێت وکۆتایی بەو قەیرانەدێت وماڵئاوایی لێدەکەین .

کەچی ساڵی ۲۰۱٥ هات ونەک کۆتایی بەقەیرانی دارایی نەهات بەڵکو قەیرانەکە زیادیکردو چەندین قەیرانی تریشی بەدوادا هات وباروگوزەرانی خەڵکی هێندەی ترقورستربوو .

لەساڵی ۲۰۱٥ بەبودجەی نەوت و داهاتی ناوخۆو ملیاردێک دۆلاری قەرزی تورکیاو دوو ترلێۆن و٤۰۰ ملیاردی بودجەی هاتوو لەناوەندەوە ئینجا حکومەت توانی هەشت موچە بداتە فەرمانبەرو موچەخۆرەکانی کە ژمارەیان تاساڵی ۲۰۱٥ گەیشتبوە یەک ملێۆن و ٤۰۰ هەزارو ۲۱۱ کەس کەئەم ژمارەیە بۆ هەرێمێکی پێنج ملێۆنی نەک تەنها سەیرە بەڵکو سەمەرەشی تێپەڕاندوە .

واتا گەرقەرزی تورکیا و پارەی هاتوی ناوەند نەبوایە ئەوا حکومەت پێنج مانگیش توانای  پێدانی موچەی نەدەبوو لەو ساڵەشدا .

لەسەرەتای ساڵی ۲۰۱٦ شدا کەپەرلەمان پەکخرابوو حکومەت فرسەتی هێناو سیستمێکی ناوازەوعەجیب وغەریبی هێنایە ئاراوە کەسیستمی پاشەکەوتی موچەبوو واتا سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم جگە لەهێزەکانی پێشمەرگەو زێرەڤانی ودەزگاکانی ئاسایش وناوخۆ وهەندێ دەزگای تر کە خۆیان بە پێویستیاندەزانی وکاروبارەکانیانی تێدا ڕایی دەکرا ،سەدی پانزە تا سەدی حەفتاو پێنج لە موچەکانیان دەبڕدران بەبیانوی پاشەکەوت گوایە بۆیان پاشەکەوت دەکرێت .

حکومەت بەڵێنیشیدا کە پێدانی نیوەموچەو چارەکەموچە هەرگیز دواناکەوێت وهەموو ۱۰ ی مانگێک دابەشدەکرێت ، بەڵام نەک حکومەت ڕاستگۆنەبوو بەڵکو درۆیەکی شاخداریشی کرد چونکە وامانگی ئەیلولە هێشتا سەرەتایە لەپێدانی موچەی مانگی تەمموزی۲۰۱٦وپێشبینی باشبونیشی لێ ناکرێت.

لێرەوە دەگەڕێمەوە بۆ ناونیشانی بابەتەکە وجیاوازییەک دەکەین لەنێوان بودجەی هەرێم وداهاتی مانگای شیردەری هۆڵەندی .

وڵاتی هۆڵەندا خاوەنی ٥۰۰ سەد هەزار مانگای شیردەرە ، هەریەک لەو مانگایانە ڕۆژانە ۲۹ لیتر شیر بەرهەمەکەیەتی ، واتالەساڵێکدا ٥ ملیاردو۳۰۷ لیتر شیربەرهەم دێنن ، حکومەتی هۆڵەندا هەر یەک لیتر شیربە یەک دۆلار دەفرۆشێت و هەناردەی دەرەوە ی دەکات ،واتا حکومەتی هۆڵەندا ساڵانە ئەو داهاتەی کەتەنها لەڕێگای مانگای شیردەرەوە دەستی دەکەوێت بریتییە لە ٥ ملیاردو ۳۰۷ ملێۆن دۆلار، گەر بێتو ئەو داهاتە دابەشی ۱۲ مانگی ساڵی بکەین مانگانە دەکاتە ٤٤۲ ملێۆن و۲٥۰ هەزار دۆلار ،کەموچەی مانگانەی سەرجەم فەرمانبەران وموچەخۆرانی هەرێم بەم سیستمە ناوازەیەی هەرێم پەیڕەوی دەکات کەمترە لەو داهاتەی حکومەتی هۆڵەندا کەمانگانە لەو ڕێگەیەوە دەستی دەکەوێت .

کەچی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەفرۆشتنی ٥۰۰ بۆ ٦۰۰هەزاربەرمیل نەوتی ڕۆژانەبەبۆری وئاشکراو دەیان هەزاربەرمیلی تر بەتانکەروبەنهێنی وچوار دەروازەی نێو دوڵەتی و باج وڕسومات و چەندین سەرچاوەی کۆکردنەوەی داهاتی تر کەچی نەک نەیتوانیوە موچە بۆموچەخۆرەکانی دابین بکات بەڵکو لەپێدانی نیو موچەو چارەکە موچەکەشدا شکستی هێنا ، بۆیە چیتر ناکرێت ناوێکی زەبەلاحی وەک حکومەتی لێ بنرێت بەڵکو لەچارەکە حکومەتیش کەمترەوباشترە دان بە شکستی خۆیدا بنێت وماڵئاوایی بکات .

چونکە حکومەتێک نەتوانێت لەهەرێمێکدا کە سەرزەوی و ژێر زەوییەکەی پڕ پڕی بێت لەسامانی سروشتی وکانزایی و...

نەتوانێ هێندەی تەنها مانگا شیردەرەکانی هۆڵەندا داهات بۆ هاوڵاتیانی دابین بکات ،بەپێچەوانەشەوە ساڵانەش ۷۰۰ بۆ ٨۰۰ ملێۆن دۆلاری تەنها بۆ هاوردەی شیروماست وپەنیروکەرە بێت پێم ناڵێن بون ونەبون ومانەوەو نەمانەوەی وەک نین.


٭ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوو لیژنەی بازرگانی ومافی بەکاربەر لەپەرلەمانی کوردستان .

خوێندراوەتەوە1514