د. سه‌ردار عه‌زیز

ڕامان له ٣١ ئاب‌


شەڕی ناوخۆ له کوردستان ڕووداوێکی تێپەڕنەبوو، هەتا ئێستا ڕووداوێکی زیندووە. هەتا ئێستا ئێمە لە شەڕی ناوخۆداین و هەتابێت ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر دەبێت.

کورد خەڵکێکە کە ناتوانێت تێبگات ئەوە چیە دەگوزەرێت، هەرچەندە ئەمە پرسیارێکی گەورەی فینۆمینۆلۆژیاییە، بەڵام تێپەڕاندن، دوبارەنەبونەوە، درێژەپێنەدان ڕوونادات، هەتا تێگەیشتنێکی قوڵ لە دیاردەیەک نەیەتە ئاراوە.

ئێستا شەڕی ناوخۆی کوردستان له قۆناخی ململانێی ئایدەلۆژی و نوخبە و بەرژەوەندی کەمینەوە، له ڕێگای سیستەمی ئابوریەوە، سادەتر قسەبکەین لە ڕێگای پارەوە، شەڕەکە دەگوێزرێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.

هەندێک ئامراز هەن یاریدەدەرن، له فەراهەمبونی ئەم وەرچەرخانە مەترسیدارەدا، میدیا و میدیاکاری ساویلکە لە سەروی هەمویەوە.

لە کوردستان کوڕی قۆز و کچی جوان میدیاکارن، ئەمە نیشانەی هیچ بنەمایەک نیە بۆ مەعریفە.
هۆکارێکی تری یارمەتیدەر بۆ گواستنەوەی ئەم جەنگە، کەلتوری کوردیە کە کەلتورێکی خێڵەکی گروپی بچوک بچوکە، که بەردەوام لە دژی یەکتردان( خەڵکێک کە نەتەوەنین). زۆرترین چێژ کوردێک بەدەستی دەهێنێت ئەوەیە کە ئازاری کوردێکی تر بدات. بەڵگەشمان بۆ ئەمە ئەو هەمو پەرت بون و ڕق و گرژی و پێکەوە هەڵنەکردنە که لە کۆمەڵگای کوردیدا هەیە.

دۆخێکی سروشتیە خەڵك جیاوازبن و پێکەوە هەڵنەکەن، بەڵام ئەوەی ئاسایی نیە که نەتوانیت کۆدەزگایەک بهێنیتە ئاراوە کە بتوانێت ئەم جیاوازیانە لە خۆی بگرێت و لە دوو ئاستدا مامەڵەی لە گەڵدا بکات:
یەک، لە ئاستی هێورکردنەوە.

دوو، له ئاستی بەرهەمهێنانی سینتەثتیسیسی یانی دیدی هاوبەشی.

سێیەم، که تێکەڵەیەکە لە دیدی جیاوازی یەکەم و دووەم.

لە قۆناخی ئێستای شەڕی ناوخۆدا، شەڕە دژ بە خەڵك لە ڕێگای خەڵک خۆیەوە. ئەم شەڕە بە دژایەتی یاسا و سیستەم و دەزگا دەکرێت.

ئامانجی گەورە لەم شەڕە ئەوەیە دۆخێک بێتە ئاراوە که حکومداری تیایدا ببێتە موستەحیل و بردن و قۆرغکردن و دەستبەسەراگرتن ببێتە ئاسایی.

دۆخێک کە لێپرسینەوەی تیادا نەبێت، چاودێری تیایدا نەبێت، خەڵک یان بێتوانابن یان له جەنگێک تێوەگلابن نەتوانن لە سەر هیچ شتێک یەک دەنگبن.

ئەم نوخبە سیاسیە بەجۆرێک شەڕیان گواستەوە ناو کۆمەڵگا، بە ئاستێک ئەگەر سبەینی بومەلەرزە بدات لە شارێکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک هاودەنگی و هاوسۆزی نابینیت لە سەرتاپا کۆمەڵگای کوریدا بەرامبەری.

که شەر هاتە ناو کۆمەڵگا ئیتر میکانیزمی درێژەپێدان و خۆ بەرهەمهێنانەوەی خۆی بەرهەم دەهێنێت.

کۆمەڵگا حەزی لە سادەیی و دوالیزمی مانشیانەو، ئەفسانە و زیادەڕۆیی و هەڵبەستنە.

دۆخێکی لەم شێوەیە بو که هاتوو و توتسی دایە شەڕ و بە تەور یەکتریان قاتوقڕ کرد.

خوێندراوەتەوە1093