كاردۆ محه‌مه‌د

تا دەرفەتەکەمان لە دەست دەرنەچووە.!‌


لە مێژووی‌ خەباتی‌ گەلاندا هەموو کات نا، بەڵام لە سات و شوێنی‌ خۆی‌ هەلی‌ مێژوویی‌ هەڵدەکەوێت و بەر پرسانی وڵاتیش بۆ بەدیهێنانی‌ خواست و ئاواتە رەواکان دیقۆزێتەوە. لە پاش روخانی‌ بەعس لە ناو هەموو لایەنەکاندا، کورد بە هێزترین پێگەو هێزی‌ هەبوو. خاوەنی‌ دەسەڵاتی‌ (ئەمری‌ واقعی‌) خۆیی‌ بوو، توانی‌ هەندێ داوا و خواستی‌ خۆیی‌ لە دەستوردا بچەسپێنێ. لە ئێستاشدا دڵە راوکێی‌ کورد لە بڕیاردانی چارەنووسیدا دیار نیەو پێویستی‌ بە لێووردبوونەوە هەیە، چونکە ئەو کاتیش بە نیوەو ناچڵی لە یەکلاکردنەوەی‌ پرسە چارەنووسەکانیدا لێبڕاو نەبوون و حەواڵەی‌ نادیاریان کرد، سەرچاوەکەش خستنەپێشی‌ بەرژەوەندییە کەسی‌ و تایبەتیەکانە لە سەرووی بەرژەوەندییە باڵاکانی‌ گەل. بێ ئاگا لەوەی‌ ئەگەر پرسەکان لە بەرژەوەندی‌ نەتەوەیی‌ یەک لا بێتەوە و کوردستان خاوەنی‌ قەوارەو چارەنووسی‌ خۆیی‌ بێت، ئەوە ئەو کات بەرژەوەندیە حزبی‌ و کەسیەکانیان پارێزراوە.

لە هەنووکەدا سەرەڕای‌ بوونی‌ هێزی‌ پێشمەرگە، لە سەنگەری‌ پێشەوەی‌ شەڕی دژە تیرۆردا، دەرفەتێکی‌ لەبار بۆ بەلاداخستنی‌ کێشەکان لەسەر ئاستی‌ کوردستانی‌ گەورە لە بارە، کەچی‌ سەرکردایەتی‌ کورد نوقمی‌ ململانێی‌ حزبیی‌ و بەرژەوەندیە تایبەتیەکان بووە.! کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی‌ جەمسەربەندی‌ وڵاتە زلهێزەکان و دامەزراوە شەرعییەکانی‌ پەکخستوە، سەرجەم رایەڵەکانی‌ پەیوەندی لایەنەکان لە خراپترین دۆخ دایە. ئەوە جگە لەوەی‌ حکومڕانی‌ کوردی‌ توشی‌ شکستێکی‌ گەورەی‌ بەرێوەبەردن بووە و هاوڵاتیانی تووشی قەیرانێکی گەورە کردوە. ئەگەر سەیریی گۆڕانکاریی ناوچەکە و ڕووداوەکان بکەین، وا پێدەچێت بە تێپەڕبوونی کات، هاوکێشەکان لە عێراقدا بگۆڕێت و عێراق وەک یەکەیەکی‌ سیاسی‌ یەکگرتوو رۆژبە رۆژ ڕوەو داروخان و هەرەسهێنان بچێت.

سەرەڕایی‌ ئەوەش ڕۆڵ و پێگەی‌ کورد لەو عێراقەدا بەرەو لاوازی‌ زۆر چووە گەیشتۆتە ئاستێک جگە لە بەرگری‌ لە پۆست، هیچ مەسەلەیەکی‌ تر جێگای باس و قسەکردن نیە. بەڵام ئایا ئەم دۆخەی‌ بەغدا و ناوچەکە زەنگێک نیە بۆ حزبە سیاسیەکانی‌ کوردستان کە ئەگەر بە خۆ نەکەون و قەیران و گەندەڵی و ناشەفافیەت و پەکخستنی‌ دامەزراوەکان چارەسەر نەکەن واز لە خواستی تاکەکەسی بەسەر بەرژەوەندی‌ گشتی‌ نەهێنن، ئەوە هەلە مێژوویەکان بەوەی‌ لە ڕابردوودا بەدەستمان هێناوە لە دەست دەچێت.! ئەوسا پەشیمان بوونەوە، چ دادێکیان دەدات و کێ باوەڕیان پێدەکات؟ بۆیە کاتی‌ رێکخستنەوەی‌ ماڵ پەیوەندی‌ هێزە سیاسیەکانە، بە لابردنی تۆزو غوباری رابردوو، مامه‌ڵەکردنێکی‌ سەردەمیانە و ده‌رنەچوون لە گەمەی‌ دیموکراسی‌، کە ئەویش بە ڕێزگرتن لە جیاوازییەکانی یەکتر، بەر پرسیارێتی گەورەش دەکەوێتە سەر شانی ئەوانەی لەم قۆناغەدا هەست بە لێپرسراوێتی و ئازار و خەمی میللەتەکەیان دەکەن.

*سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان.

خوێندراوەتەوە860