ئاریان ره‌ئوف

بڕیاره‌كانی‌ دوای 17ی‌ شوباتی 2011 تان له‌بیره‌ ؟! ‌


یه‌كێك له‌ سیما هه‌ره‌ دیاره‌كانی وڵاته‌ دواكه‌وتوه‌كان و ئه‌و وڵاتانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات پاوان كراوه‌ له‌ لایه‌ن بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان گروپێكی سیاسی، فره‌ ده‌ركردنی‌ بریا و یاسایه‌، به‌تایبه‌ت له‌كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانیی‌ خه‌ڵك، لایه‌نی‌ هه‌ره‌ رون و دیاره‌كانی ئه‌م بڕیار و یاسایانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هیچیان جێبه‌جێ ناكرێت و ته‌نها بۆ تێپه‌راندن و هێوركردنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانه‌ دوای‌ هێوربونه‌وه‌ش ته‌نها ئه‌و بڕیارانه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی مانه‌وه‌یان بێت له‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی‌ بێ ده‌نگكردن و داپڵوسینی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی هاوڵاتیان .

دیاره‌ ئه‌م وه‌سفه‌ سه‌ره‌تاییه‌ پراوپر ده‌كرێت لێكدانه‌وه‌ی‌ پێبكه‌ین بۆ هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ هه‌ركات ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رهه‌ڵ ده‌ده‌ن به‌رامبه‌ر نا دادپه‌روه‌ری‌ و به‌ تاڵانبردنی سامانی سروشتی و قۆرخكردنی‌ ده‌سه‌ڵات، كت وپر ئه‌وانه‌ی‌ ئیداره‌ی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یان قۆرخكردوه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ به‌ناوچاكسازی لێپرسیسنه‌وه‌ ملدان بۆ بڕیاره‌كانی هاوڵاتیان، به‌ڵام دوای هێوربونه‌وه‌ی‌ ناچاری‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان هه‌موو ئه‌و به‌ڵین وبڕیارانه‌ له‌بیر ده‌چن به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ده‌ركردنی‌ بڕیاری‌ و یاسای نوێی بۆ قایمكردنی‌ پێگه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان، باشترین نمونه‌ش ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ بوو كه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی 17ی‌ شوبات و رۆژانی دواتر له‌ ساڵی 2011 چ له‌ لایه‌ن مسعود بارزانی به‌ سیفه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم و چ له‌لایه‌ن په‌رله‌مان كه‌ ئه‌وكات یه‌كێتی و پارتی سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كرد، چ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ یه‌كێتی و پارتی سه‌رۆكایه‌تیان ده‌كرد، ده‌ركران، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی‌ بارزانی له‌ هه‌ردوو په‌یامی له‌ 3و 21/3/2011  وتی( دوای گه‌رانه‌وه‌م دیراسه‌تێكی ته‌واوای وه‌زعه‌كه‌مان كردووه‌ و گه‌یشتمه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌، ده‌بێت موعاله‌جه‌یه‌كی ئه‌ساسی بكرێت نه‌ك به‌ موسه‌كینات- مسعود بارزانی 3/3/2011)  دواتر له‌ وتاری‌ 21/3/2011 وتی ( په‌نا به‌خوا له‌ماوه‌ی‌ 3-4 مانگی دیكه‌ ئێوه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌ ده‌بینن).

ئه‌وه‌ پێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و بڕیار و راسپاردانه‌ تێپه‌ریوه‌ كه‌چی نه‌ك هیچیان جێبه‌جێنه‌كران به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك بڕیار و یاسای نوێیان ده‌ركرد كه‌ پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان پێی قایمتر بكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی سروشتی و شاردنه‌وه‌ی‌ داهات و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتیان زیاتربوو، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌فتارانه‌شیان كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ هاوڵاتیان له‌ كۆتاییه‌كانی ساڵی 2015 سه‌ریان هه‌ڵدا بۆ شاردنه‌وه‌ی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆرانیان تۆمه‌تباركردن به‌ نانه‌وه‌ی نائارامی و راگه‌یاندكارانیان ئاودیوی‌ دێگه‌ڵ كرد و كوده‌تایان كرد به‌سه‌ر شه‌رعیترین ده‌سه‌ڵاتی گه‌ڵ كه‌ په‌رله‌مان و مسعود بارزانی ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ قودره‌تی قادر درێژه‌ پێدا.

له‌ ئێستاشدا هاوڵاتیان به‌گشتی و چینی فه‌رمانبه‌ران به‌ تایبه‌تی به‌هۆی پێنه‌دانی 6 مانگی موچه‌ و هه‌روه‌ها ده‌ركردنی بڕیاری‌ به‌ناو (سیسته‌می نوێ موچه‌) كه‌ له‌ زۆرینه‌ی‌ شار و شارۆچكه‌كان بایكوتی ده‌وام كردنیان كردوه‌ و رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان، له‌ ترسی ته‌شه‌نه‌كردن و كۆنترۆڵ نه‌كردنی‌ شه‌قامی ناڕازی رۆژانه‌ گۆیمان له‌ چه‌ندین بڕیار و راسپارده‌بێت به‌وه‌ی‌ چاكسازی ئه‌نجام ده‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا هیچی ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دران جێبه‌جێنه‌كران ته‌نها كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ دۆخه‌كه‌ هێورببێته‌وه‌ سه‌ركرده‌كانی پارتی ده‌ستیان كردوه‌ به‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ ئه‌دای حكومه‌ت به‌مه‌ش شه‌قام هێورنه‌كرایه‌وه‌، دواترین هه‌نگاو ده‌ركردنی‌ كۆمه‌ڵه‌ خاڵێكه‌ له‌لایه‌ن مسعود بارزانی به‌ناوی بڕیاری‌ چاكسازی كه‌ له‌ 10/2/2016 ده‌ركراون، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ین.

1.    ئه‌م بڕیارانه‌ شه‌رعیه‌تی یاساییان نیه‌، چونكه‌ به‌ ناوی سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و پۆسته‌یه‌ شه‌رعیه‌تی نه‌ماوه‌.
2.    به‌شێك له‌ ئه‌م به‌ناو بڕیارانه‌  هه‌مان ئه‌و بڕیارانه‌ن كه‌  ده‌قی وتاره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ 21/3/2011 بڵاوكرایه‌وه‌ ماوه‌ی‌ چوار مانگ بۆ جێبه‌جێكردنی‌ دانرا، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ گرنگ بوون له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هاونیشتمانیان و ئه‌نجامدانی چاكسازی پشتگوێ خران، وا پێنج ساڵ تێپه‌ری‌ به‌سه‌ریدا جێبه‌جێ نه‌كران، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی‌ كه‌  به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیانی پێ ده‌پارێزین  جێبه‌جێكران له‌وانه‌ش (دروستكردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش)، بۆ زیاتر رونكردنه‌وه‌ خشته‌ی‌ هاوپێچ به‌راوردی كردوه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو بڕیاره‌كه‌ (له‌ بواری‌ چاودێری‌ دارایی و داواكاری‌ گشتی ، وپرسی پێشمه‌رگه‌، داهات، كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجیه‌كان ..هتد )
3.    سه‌رجه‌م به‌ناو بڕیاره‌كان به‌ دارشتنێكی نا رون و په‌رش دارشتنیان بۆكراوه‌ كه‌ دوره‌ له‌ بنه‌مای بڕیاری‌ ئیداری‌ و سیاسی و به‌ وشه‌ی‌ پێداچونه‌وه‌ ده‌ستیان پێكردوه‌، دان نانێت به‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵی و به‌ تاڵان بردنه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ هه‌رێم ئه‌نجام ده‌درێت.
4.    به‌شێكی تری‌ بڕیاره‌كان هه‌مان ئه‌و راسپارده‌ و بڕیارانه‌ن كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ رابردودا حكومه‌ت به‌ ناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ خه‌رجیه‌كان ده‌ریكردوه‌ن له‌وانه‌ش خاڵه‌كانی (ز،ح.گ).

5.    ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ به‌دواداچون و چاودێریكردنی تێدا پشتگوێ خراون له‌ وانه‌ش (په‌رله‌مان ، ده‌سته‌ی‌ ده‌ستپاكی، داواكاری‌ گشتی، چاودێری‌ دارایی) به‌ڵكو هه‌مو رێكاره‌كانی گه‌ڕاندونه‌ته‌وه‌ بۆ لیژنه‌یه‌ك كه‌ سه‌ر به‌ خودی بارزانی بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ روندهنه‌‌كاته‌وه‌ ئه‌م بڕیارانه‌ بنه‌مای چاكسازیان تێدا نیه‌، چونكه‌ پرسی چاكسازی په‌یوه‌سته‌ به‌لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاسای له‌ رێگه‌ی‌ داموده‌زگا یاساییه‌كان نه‌ك لیژنه‌یه‌كی سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی جێبه‌جێكردن و پۆسته‌كه‌ش له‌ ئێستادا شه‌رعیه‌تی‌ نیه‌ .

له‌ كۆتایدا ده‌توانین بڵێین ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ كه‌ به‌ناو چاكسازیه‌وه‌ بڵاوتان كردۆته‌وه‌ ته‌نها بۆ هێوركردنه‌وه‌ و له‌ خشته‌بردنی هاوڵاتیانه‌ و هیچ نیه‌تێكی جدی نیه‌ بۆ جێبه‌جێكردنیان و شكڵین به‌مانایه‌كی تر موسه‌كیناتن و موعاله‌جه‌ی ئه‌ساسی نین، ئه‌مه‌ ئێمه‌ نایڵێین به‌ڵكو ئه‌و بڕیارانه‌ی‌ له‌ 21/3/2011  بڵاوكرایه‌وه‌ وا ئه‌ڵین، چونكه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ زۆر گشتگیرتر و رونتر بوون، به‌ڵام جێبه‌جێش نه‌كران دوای هێوركردنه‌وه‌ی‌ ناچاری‌ خۆپیشاندانی‌ هاوڵاتیان،  ته‌نها ئه‌وانه‌ی‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌بێت جێبه‌جێ تان نه‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌  له‌ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵی رابردودا گه‌نده‌ڵیه‌كان فراوانتر و ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی‌ ناوتان بردن پاره‌یان زیاتر بوو، و سامانی سروشتی ئه‌م هه‌رێمه‌ش به‌ پێش چاومانه‌وه‌ تاڵان كرا و داهات ناشه‌فافتر بوو، دوو ئیداره‌ی‌ تۆختر بوو، هێزی پێشمه‌رگه‌شتان په‌رتكرد و دێگه‌ڵه‌تان زیندوكرده‌وه‌و، ئازادی راده‌ربرینتان به‌رته‌سكتر كرده‌وه‌، هاونیشتمانیانیشان برسی كرد، دوای‌ ته‌واوبونی ماوه‌ی‌ پۆسته‌كه‌شتان نه‌ك چۆڵتان نه‌كرد به‌ڵكو كوده‌تاشتان كرد به‌سه‌ر په‌رله‌مان. كه‌ ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعی هاونیشتمانیانی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌یه‌ .

خشته‌یی به‌راوردکاری له‌ نێوان بڕیاره‌کان  له‌  2011 و 2016





خوێندراوەتەوە484