عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

کوردستان ،هەرێمێک بەمێژوویەکی ڕەشدا گوزەردەکات‌


باشوری کوردستان ئەو هەرێمەیە کەنزیکەی چارەکە سەدەیەکە ئازادکراوەوکورد خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەکات ودامەزراوەکانی تێدا بەڕێوە دەبات .

لەم ماوەیەدا دەسەڵاتدارێتی کوردی بەچەندین هەورازو نشێویدا گوزەری کردوە ،وە زۆر جاریش لەئاست ڕوودانی ڕووداوو پێشهاتەکاندا کەم ئەزمونی وساوایی دەسەڵاتی کوردی کراوەتە بیانویەکی حازربەدەست وئامادە ، بەڵام ئایا دەکرێت لەئێستاداودوای هەڵبژاردنی چوار خولی پەرلەمانی وپێکهێنانی هەشت کابینەی حکومەت وکرانەوەی زۆر بەڕووی دنیای دەرەوەدا لەئاست پێشێلکردنی یاساو مافی مرۆڤ وئازادی ڕادەربڕین ویاری کردن بەدەستکەوتەکان چ بیانویەک بهێنینەوەوڕۆژگار چ بەهانەیەکمان لێ قبوڵ دەکات ؟

گەر بەخێرایی وتیر ئاسا سەیری ڕووداوەکانی ئەم چەند مانگەی هەرێمی کوردستان بکەین بەگشتی ودوای ٢٣ ی حوزەیران بەتایبەتی چۆن هەستێکمان لادروست دەبێت ودەتوانین بەکام لۆژیک ڕوو بەڕوویان ببینەوە ؟

هەموان باش ئەوڕاستییە دەزانین کەلەئێستادا سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان هەر یەکەیان بەهۆکارێک لەکار کەوتون یان توشی ئیفلیجی هاتوە بەشێوەیەک سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکەکەی لە ٢٠ی ئابی ٢٠١٥ وەماوەی یاسایی تەواو بوە ،واتا لەئێستادا هەرێمی کوردستان لەڕووی سەرۆکایەتییەوە لەبۆشایی یاساییدایە ئەمە لەکاتێکدا کەلە ٣٠ ی حوزەیرانی ٢٠١٣ دوای تەواو بونی ماوەی سەرۆکی هەرێم دووساڵی تریشی بۆ درێژکرایەوەواتا تا ٢٠ی ئابی ساڵی ٢٠١٥ .

پەرلەمانی کوردستانیش سەرەڕای ئەوەی لە٢٣ی حوزەیرانەوە کاردەکرێت بۆ پەراوێزخستن ووەلانانی تاوەکو لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا بەئاشکرا کودەتای بەسەرداکرا دوای ئەوەی لەلایەن هێزێکی حیزبییەوە کەپێشتر بۆ ئەوکارە ڕاسپێردرابوون ڕێگە نەدرابەسەرۆکەکەی (د.یوسف محەمەد سادق )لەشاری سلێمانییەوە بچێتە هەولێری پایتەخت کەباڵەخانەی پەرلەمانی کوردستانی لێیە تاکو کارەکانی خۆی ڕایی بکات.

ئەمەجگە لەوەی کەلەهەمان ڕۆژوبەرواردا لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە وەزیرەکانی کەلەپشکی بزوتنەوەی گۆڕان بوون ئاگادارکرانەوە کەبۆیان نیەوناتوانن بچنەوە سەرکارەکانی خۆیان ،کەهەر بەوتەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئەمەی ئەو دەیکات نەیاساییەونەدیموکراسیشە بەڵام ناچارە ئەم کارە بکات ویەکێکە لەبژاردە گونجاوەکان لەم دۆخەدا ،کەئەمەش ڕێکاوڕێک دەرخەری ئەوڕاستیەیە کەهێشتا بڕیارەکانی حکومەت لەمەکتەبی سیاسی حیزبەوە دەردەکرێن چونکە ڕۆژی پێشتریش لەکۆبونەوەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستاندا ئەوبڕیارە دراوەوهاوشانی ئەمەش بەیاننامەیەکی توندیشیان بڵاوکردەوە .

ئەمە جگە لەوەی کەئەم کابینەیە (کابینەی هەشت ) لەگەڵ هەبونی دەیان قەیرانی هەمەجۆرداکەبونیان هەیە لەهەرێمداودەکرا هەموو هەفتەیەک کۆبونەوەیەک وەک نەخشە ڕێگای چارەسەی بۆڕوو بەڕوو بونەوەی قەیران وگرفتەکان ئەنجامبدرایە کەچی لەماوەی نزیکەی پێنج مانگدا تەنها کۆبونەوەیەک دەکات وئەویش بڕیارونەخشەڕێگای تێدا نەبوو بۆچارەسەری قەیرانەکان جگە لەدیاریکردنی چەند ڕۆژێکی پشوو کەتەنها شتێکە کە قەیران نەبێت لەهەرێمی کوردستاندا .

بۆیە بەبڕوای زۆرێک لە شارەزایان وهاوڵاتیانی هەرێمیش ئەوەی لەم ماوەیەدا ڕوویاندا جگە لەوەی گەڕانەوەبوو بۆخاڵی سەرەتا ئەتککردنی تەواوی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم وگەورەترین دەزگای یاسادانانە کەپەرلەمانی کوردستانە ،وەعەیبەیەکی گەورەشی هێنایە سەرشانی هەرێمی کوردستان وئەزمونەکەی کەچەندین ساڵە بەشان وباڵیدا هەڵدەدرێت وهەرێمی کوردستان هەموو کاتیك وەکو کوانویەکی دیموکراسی ومافی مرۆڤ وئازادی ڕادەربڕین وهەڵبژاردن بۆدنیای دەرەوە پێناسە دەکرا .بەڵام بەداخەوە ئەم وەسف وسەدایە درێژەی نەکێشاوپەتی درۆکورتی هێنا .

بۆیە ئیترکاتی ئەوە هاتوە زۆر بەڕاشکاوی بەخۆمان ودنیای دەرەوەیشی بڵێین کەبەکار هێنان وبانگەشەکردن بۆ چەمکەکانی ئازادی ودیموکراسی ومافی مرۆڤ وسەروەربونی یاسا ونمونەی جوانی حکومڕانی جگە لە وشەگەلێکی ڕیزکراوبەدوای یەکدیدا وگەوجاندنی خەڵکی ویاریکردن بەهەستی مرۆڤەکان هیچی تر نین .

خوێندراوەتەوە607