كاردۆ محه‌مه‌د

ئەگەرەکانی بەردەم گۆران‌


لەم هەلومەرجە پر لە کیشەو قەیراناوییەدا، چەند ئەگەرێک لەبەردەم گۆڕاندایە، لەوانە:

*ئاسایی‌ کردنەوەی‌ دۆخەکە بۆ پێش ١٢ی ئۆکتۆبەر و دەستپێکردنەوەی‌ گفتوگۆ لەسەر بنەمای‌ ئیدامەدان لە حوکمڕانی‌ بۆ دوو ساڵی‌ ئایندە بەهەمان بەرنامەی‌ هاوبەشی‌ ڕاگەیاندنی‌ حکومەت.

*داواکردنی‌ هەڵبژاردنی‌ پێش وەخت، بۆ گۆڕینی‌ نەخشەی‌ سیاسی‌ بەپێی‌ بەرکەوتەی‌ هەڵبژاردن و دەربازبوون لە قەیرانەکان و جارێکی‌ تر گۆڕین و پێکهێنانەوەی‌ دامەزراوەکان بەپێی‌ نەخشەی‌ سیاسی‌ نوێ.

*کشانەوە لە حکومەت پەسندکردنی‌ ئۆپۆزسیۆن بوون بۆ دروستکردنی‌ بەرەیەکی‌ تازە کە خەباتی‌ جەماوەری‌ و مەدەنی‌ بکاتە سەر مەشقی‌ بەدیهێنانی‌ ئامانجەکان.

لە ئەگەری‌ یەکەم دا پێویستە پەتەکە نەپچرێنین و سەرلەنوێ گفتوگۆ دەست پێبکەینەوە، بەدروستکردنەوەی‌ پردی متمانە و داڕشتنی‌ بەرنامەیەکی‌ تۆکمە بۆ ڕێگرتن لە دووبارە بوونەوەی‌ خۆسەپاندنی‌ حیزبی‌ و کودەتای‌ سیاسی‌.


بژاردەی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌:

لە قۆناغی یەکەم دا:
بزوتنەوەی‌ گۆڕان چوار ساڵ کاری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ لە پڕۆسەی‌ سیاسی‌ تاقیکردەوە وسەرکەوتوو بوو لە داهێنانی نەریتی‌ کاری‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ و هەنگاوی گەورەی‌ نا لە چەسپاندنی‌ بنەماکانی‌ دیموکراسی‌.

لە قۆناغی دووەم دا:
 لەسەر بناغەی‌ خواستی‌ دەنگدەر ، دروشمی‌ بەرەو دەسەڵاتی‌ بەرزکردەوەو بەڵێنی‌ دا لەپێگەی‌ دەسەڵاتەوە بەپێی‌ ڕێکەوتی‌ هاوبەشی‌ لایەنەکان کار بۆ گۆڕان و چاکسازیی‌ بکات، کەچی‌ گرژی‌ و ڕووداوەکانی‌ ئەمدواییە سەلماندیان هێشتا حیزب بەسەر دام ودەزگا نیشتمانی‌ و بنەڕەتیەکانی‌ سیستەمەکە زاڵە. لەم دۆخەدا ئۆپۆزسیۆن بوون لەژێر فشارو کاریگەریی رووداوەکانەو پەرچەکرداری تێدایە.


*هەڵبژاردنی‌ پێشوەخت:
بۆ دەربازبوون لە قەیران و تەنگژەکان، ڕەنگە چارەسەرێکی‌ گونجاو ودیموکراسی‌ بێت. لە رەوشی ئیستادا ، لە شەڕێکی‌ گەورەی نیشتمانی داین لەگەڵ دەرەوەی‌ خۆماندا . هەروەها کۆمسیۆن، وەکو ئامرازێکی‌ ئەم کارە ناتوانێ لە ماوەیەکی‌ کورتدا هەڵبژاردن ئەنجام بدات. کەواتە ئەم بژاردەیە بەلایەنی‌ کەم لە دۆخی‌ ئێستا ئاسان نییە. کەواتە بەردەوامیدان لە حکومەت دا بۆ دوو ساڵی‌ ئایندە کە بڕیاری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ گۆڕانە بژاردەیەکی گونجاوە .


بەفۆرم و شێوازی‌ تر بە پرۆژەیەکی فراوانتر دەتوانین ئەم دوو ساڵە بکەینە ویستگەیەک کە بە قۆناغی‌ گوێزەرەوەی‌ ناوبنین تا هەڵبژاردنی‌ 2017 لە پێناوی جێبەجێکردنی ئەم بژاردەیە بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان بچینە سەر مێزی‌ گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان، بۆ داڕشتنی‌ ستراتیژێک کە وەڵامدەرەوەی‌ قۆناغەکە بێتو ڕێگری‌ لە چەندبارەکردنەوەی‌ سیاسەتە مەترسیدارەکانی‌ لایەنە سیاسیەکان بکات، ئەمەش لەڕێگای‌ داننان بەهەڵە سیاسیەکان و هەڵگرتنی‌ بەرپرسیاریەتی و دانانی‌ هێڵی‌ سوور بۆ دەستبردن بە پرنسیپە بنچینەییەکانی‌ نیشتیمانی‌ و تیکدانی ئاسایش و ئاشتەوای کۆمەلایەتی یاساشکێنی، زاڵ کردنی‌ بەرژەوەندی‌ حیزب بەسەر بەرژەوەندیە باڵاکانی‌ نیشتیمانی‌ و نەتەوەیی.


*ئەنجامدان و پەرەسەندنی رووداوەکانی ئەم دواییە دەریخست کە هەرچی‌ 24 ساڵە کۆیدەکەینەوە و قسەی‌ لەسەر دەکەین موڵکی‌ حیزبە. بەبۆچوونی‌ من جۆرێک لە هاوڕایی‌ بۆ فۆرمی‌ حوکمڕانی‌ لەلای‌ چوار لایەنەکە هەیە ، کەواتە بۆ گفتوگۆیەکی‌ نیشتیمانی‌ ڕاشکاوانە لەگەڵ پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان بەو بڕوایەی‌ کە هیچ لایەک ناتوانی‌ لایەکەی‌ تر بسڕێتەوەو ڕێگای‌ ئەقڵانیەت پێکەوەژیانی‌ ئاشتیانەیە سەرەڕای‌ جیاوازیە زۆرەکانمان بگرینە بەر.

* ئێمە میللەتێکی‌ ستەمدیدەین هەر بۆ ئەو ئامانجەش قوربانیمان داوە،بۆیە دەبێ بگەینە ڕێکەوتنی‌ هاوبەش ، سەرەڕای ئەو راستیانەی سەرەوە،هەریەک لە یەکیتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەبوونی جیاوازی تایبەتمەندی و خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە . بە حوکمی‌ گەلێ هۆکاری‌ مێژوویی‌، سیاسی‌، کۆمەڵایەتی‌ ،هەروەها بە حکومی پێکهێنانی‌ حکومەتی‌ لۆکاڵی‌ لە دوو پارێزگای سلێمانی‌ و هەڵەبجە لەنێوان یەکێتی‌ و گۆڕان بۆ ئەوەی بتوانین بە تیگەیشتنکی واقعی ناکۆکیەکان کەمکەیتەوە و بە دانانی بەرنامەیەکی نوی داڕشتنەوە بۆ بەڕێوەبردنی‌ ووڵات بەشێوەیەک بکەین . کە کۆتایی‌ بە ناوەندیەتی‌ بەڕێوەبردنی‌ ووڵات بهێندرێ و یاسای‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاکان بەشێوەیەکی‌ ڕێکوپێک جێ بەجێ بکرێ ، جۆرێک لە هاوسەنگی‌ و چەسپاندنی‌ بنەماکانی‌ حوکمڕانێکی‌ دیموکراتی‌ ڕابگرێت. بە پێویستی ئەم قۆناغەی دەزانم هەردوو فراکسیۆنی‌ یەکێتی‌ و گۆڕان هاوپەیمانی‌ بۆ قۆناغی‌ دوو ساڵی‌ ئایندە ڕابگەیەنن،لەچوارچێوەی‌ یەک فراکسیۆنی‌ پەرلەمانی‌، بە هەماهەنگی‌ لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنەکانی‌ ترو بەتایبەت فراکسیۆنی‌ پارتی‌ کار بکەن و کۆتایی‌ بە هەوڵی‌ سڕینەوەی‌ یەکتر بدەن و ڕێز لە دامەزراوە شەرعیەکان و سەروەری‌ یاسا بگرن و لەچوارچێوەی‌ پرۆژەیەکی‌ نیشتیمانی‌ هەموو لایەک پێکەوە ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنن و نەتەوەکەمان بگەینین بە کەنارێکی‌ ئارام و لەسایەی‌ وڵاتێک بژین کە کەرامەتی‌ مرۆڤەکان پارێزراوبێ و پەنجەکان یەکتر نەشکێنن و کوردستانێکی‌ ئازاد ببینین.

خوێندراوەتەوە2033