كاردۆ محه‌مه‌د

جێبەجێکردنی خەونی حزب.!‌


دوای ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو، پەکخستنی دامەزراوە شەرعیەکان، پارتی کەوتە هەڵەیەکی سیاسی گەورە بە پاساوی پابەند نەبونی گۆڕان بە رێکەوتنەکان. هەموو لایەک ئەو راستیە دەزانن رێکەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی هاوبەشکە مانشێتی بنەڕەتی بەرنامەکە، چاکسازیی و کۆتایی هێنان بوو بە شوێنەواریی دوو ئیدارەی کە گرێکوێرەی بەردەم حوکمڕانییەکی نیشتمانی و حکومەتی هاوڵاتی بووە. بە داخەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی گرژی نێوان (گۆڕان و پارتی) چەقبەستنی دەسەڵات بوو لە هەنگاونەنان بۆ جێبەجێەکردنی ئەم بەرنامە هاوبەشە و نەبوونی هیچ ئاماژەیەک، بۆ بوونی میکانیزم و نەخشە ڕێگای دەربازبوون لە قەیرانەکان. ئەمەش وایکرد بەرە بەرە ڕەوشەکەی ئاڵۆز و قەیرانەکانی قوڵتر ببنەوە. سەرباری هەمو ئەم کێشانە، کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیشی هاتە سەر، ئەمەش وایکرد بزوتنەوەی گۆڕان بکەوێتە بەردەم بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاوڵاتیان و دەنگدەرانی، کە بەڵێنی چاکسازیی و دادپەروەری و چوارساڵی ئارامی بە هاوڵاتیان دابوو. بەڵام دۆخەکە بە ئاقارێکدا برا کە گۆڕان بکەوێتە بەردەم ڕەخنە و تانەی جەماوەرەکەی،  زۆرجاریش بە ناڕەوا دەگوتر "گۆڕان لەبەر پۆست، بێدەنگی هەڵبژاردووە.!"

لەم نێوەندەشدا، بزوتنەوەی گۆڕان لە لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکان کەناڵە یاساییەکانی بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە چەقبەستووە تاقیکردەوە، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتن و پێکەوە ژیانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، سەرەڕای پڕۆژە جیاوازەکان، بەهۆی زاڵکردن و هەیمەنەی بەرژەوەندی حیزبی و نەبوونی متمانەی راستەقینە لە نێوان لایەنەکاندا، گرێی چارەسەریی ئەم کێشەیە لە دەستی پەرلەمان دەرهێنرا و خرایە دەستی حیزبەکان. ئەوانیش نەگەیشتنە چارەسەر و لە ئەنجامدا دۆخەکە بە بنبەست گەیشت. ئیدی نائومێدییەکی قوڵ تەنگی بە هاوڵاتیان هەڵچنی و هاوڵاتیان و فەرمانبەران لە پێناو بژێوی و موچەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان و بەرئەنجامیش توندوتیژی لێکەوتەوە.بەداخەوە توندوتیژیی ئامرازێکە جگە لە بەهەدەردانی وزە و قوربانی خەڵک و تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، هیچ بەرهەمێکی بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی نابێت و کولتووری توندوتیژیی وڵاتانی ناوچەکەی کردووەتە دۆزەخێک و بە بێ ئەوەی بتوانرێت هیچ گۆڕانکارییەک بکرێت.

ئەزمونی وڵاتانی ناوچەکە و دەورەبەرمان لە گۆڕانکارییەکان بەشێوازی توندوتیژیی ئەو ڕاستییەی سەلماند کە چۆن ئامانجەکان بۆ دونیایەکی باشتر لە ئێستا دەکاتە وەهم، هەمیشە بە پێچەوانەوە خەباتی مەدەنی و ئاشتیانە و نەرێتی کاری پەرلەمانی ڕێزگرتن لە جیاوازییەکان بەدیهێنەری پێشکەوتن و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی چاکسازیی ڕاستەقینە بووە. پشتیوانی گۆڕان بۆ خۆپیشاندەران  لەسەر مافەکانی خەڵک و گۆڕانی خۆپیشاندانەکان بۆ توندوتیژی و تۆمەتبارکردنی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە کە گوایە گۆڕان داینەمۆی توندوتیژییەکانە، پارتی گەیاندە ئاستی گرتنەبەری بژاردەیەک کە تۆخکردنەوەی خەونی دوو ئیدارەیی و سەپاندنی دەسەڵاتی حیزبی و ڕێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە هاتنی بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەتدا لێکەوتەوە.

ئەمە لە کاتێکدا چوار لایەنەکە (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ) لە پەرلەمان و لە گفتوگۆ و لەشەقامدا هاوبەش بوون، کەچی پارتی وایکرد بزوتنەوەی گۆڕانی بکاتە ئامانج، لەسەر بنەمای سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە.!) ئەم خۆسەپاندنەی پارتی، سەپاندنێک نییە بە هێزی یاسا، بەڵکو یاسای هێزە.

بڕیارەکە وای لە هەندێ کەس کردووە نەک ڕووبەڕوی ئەم ئیرادە خۆسەپێنە حیزبەییە ببنەوە، بەڵکو تیۆریزەش بۆ دوو ئیدارەیی دەکەن ودەیانەوێت خەونی ئەو حیزبانە بهێننە دی، کە پێوەری حوکمڕانیان تەنها لەسەر بنەمای بەرکەوتەی هەڵبژاردن و دەنگدەر نییە.!

ئەمە لەکاتێکدایە مێژووی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی ئێمە، بەدرێژایی مێژوو ئامانجەکەی ئازادی و بەدەستهێنانی مافی چارەنووس بووە، نەک خۆسەپاندن، لەو پێناوەشدا قوربانییەکی گەورەمان داوە. ئەمە جگە لەوەی لە ئێستادا ڕووبەڕووی شەڕێکی گەورە بووینەتەوە لەگەڵ تیرۆرستان، بەو هۆیەوە دەرفەتێکی باشی نێودەوڵەتیمان بۆ ڕەخساوە، لە جیاتی زەمینەسازی بۆ یەک گوتاریی و گەڕانەوەی ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی ، بەڵام بەداخەوە هەندێ بۆچوون و گروپی دیارکراو بانگەشەی ناوچەگەرێتی و تۆخکردنەوەی دوو ئیدارەیی و دابەشکردنی دانیشتوان و خاک لەسەر بنەمای حیزبی دەکەنە پێوەری هاوڵاتی بوون.! ئەرکی دەستەبژێری ڕۆشنبیر و سیاسی ئەوەیە قسە لەسەر خەونی مرۆڤی کورد و پڕۆژە گەورەکان بکەن و نەچنە ئینتیمای ناوچەگەرێتی و شارچییەتی.

دوای ڕووداوە تاڵەکان و گەڕانە بۆ چوارگۆشەی یەکەمی پێش دامەزراندنی دام و دەزگا شەرعییەکان، ئەرکی سەرشانی هەمو لایەکە بژاردە سیاسییەکانی لە پێناو گێڕانەوەی متمانە و دانانی بەرنامەیەک بێت کە ڕێگریی دەکات لە سەپاندنی دەسەڵاتی حیزب و چەند باربوونەوەی ئەم ڕووداوانە، ئەمەش تەنها لە ڕێزدان بۆ پێکەوە ژیان و پابەندبوون بە سەروەری یاسا فەراهەم دەبێت و هەر ڕێگەیەکی تر هەمومان بەرەو تونێلێکی تاریک دەبات.

*سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان

خوێندراوەتەوە1911