عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

باچاکسازیش وەک سازان نەبێتە گاڵتەجاڕی مەملەکەت‌


ماوەی چەند مانگێکە وشەی سازان بۆتە بنێشتەخۆشەی سەر زوبانی هەموان لەکەسێکی ئاسایی ئەم هەرێمەوە تادەگاتە سەرکردەی پارتەسیاسییەکان وپەرلەمانتاران وئەوانەشی کەنەگلاون لەکاری ئیداری و سیاسییەوە .

وشەکەلەبنەڕەتدا دنیایەک واتای جوان وسەنگین دەبەخشێت بەڵام هێندە وترایەوە وکەسیش پابەند نەبوو پێوەی ئیتر کەس خەز بەگوێ لێبوونی ناوەکەشی ناکات و لێشمان بۆتە وشەیەکی ڕەزا قورسیش .

هێشتا وازمان لە وشەی سازان نەهێناوەولێشی جیانەبوینەتەوە وشەیەکی تر هاتۆتە کایەوەودڵنیاشم لەم چەند مانگەی دادێ ئەویش زۆرترین ناوی دەهێنرێت ودەبێتە وشەی سەرزاری هەموان ،کە وشەکەش پێیدەوترێت چاکسازی ودنیایەک مانایشی بۆدەهۆنرێتەوە .

هێشتا هیچ چاکسازییەک ئەنجام نەدراوەوبەفەرمیش جگە لەچەند پێشنیارێکی وەزارەتی دارایی بۆ ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو کەمکردنەوەی خەرجی وزیادکردنی داهات هیچ پڕۆژەیەکی تر ڕانەگەیەنراوە ،ئەمەجگە لەوەی لەلایەن لیژنەتایبەتمەندەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە چەند پڕۆژەیەک کەکاتی خۆی لەلایەن فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی کراون کراونەتە پڕۆژەیەکی هاوبەش کەمەبەست تێیدا چاکسازیکردن وشەفافیەت وهێنانەدی دادی کۆمەڵاتییە، بەڵام دڵنیام ئیتر ڕاگەیاندنی چەندین پڕۆژەویاداشت وپێشنیاری تردەربارە یان لەپێناوی چاکسازی ڕادەگەیەنرێت کەبەبڕوای من هەندێ لەوپڕۆژانەش پێدەچێت ئەوانەشی کە پێشنیاریانکردوە یان پێشکەشی دەکەن بۆ خۆشیان نە باوەڕیان پێ بێت نە لەگەڵ جێبەجێکردنیدابن لەسەر ئەرزی واقیع بەڵام ئیتر ئەمە دەبێتە خویەکی باوو خراپ وهەر بۆ ئەوەی بڵێن فڵان حیزب یان فراکسیۆن و وەزارەت پڕۆژەی تایبەتیان هەیە بۆ چاکسازیکردن .

بەبڕوای من چەندە پڕۆژەی چاکسازی هەمەلایەن پێشکەش بکرێت لەلایەن هەردامەزراوەیەکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازیکردن هەر کەمە چونکە ئەم هەرێمە هێندە سیخناخ بوە بەگەندەڵی وناشەفافی وبەهەدەردانی سامانی سەر زەوی وژێر زەوییەکەی هێشتا پێویستمان بە چەندین پڕۆژەی تری بوار چاکسازیکردن هەیە ، وە پێم وایە گەر حکومەت تەنهاو تەنها بتوانێت ئەو هەموو کارە نایاسایی و گەندەڵی وخراپ بەکارهێنانەی دەسەڵات کەتەنها لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقەوە بەکاری هێناوەوکردونی ڕێکبکاتەوە ئەوادەکرێت بوترێت کە چاکسازی گەورەوفراوانی ئەنجامداوە .

دەشخوازم پێشنارەکانی وەزارەتی دارایی وئابوری وپڕۆژەکەی لیژنەی دارایی وئابوری لەپەرلەمانی کوردستان ببنە خاڵی دەست پێک ونەخشە ڕیگایەکی فراوان بۆ ئەنجامدانی چاکسازییەکی گشتگیرو بنەڕەتی وهەمەلایەن لە سەرجەم جومگەسیاسی وئیداری وئابورییەکانی هەرێمی کوردستاندا .

ماوەتەوە بڵێم چاکسازی بەهەموو کەس ناکرێت بەڵکو بەکەسی چاکسازوخاوەن پڕۆژەئەنجامدەدرێت ، ئیتر پێویست ناکات بۆچاکسازیکردن چاوەڕێ ی یەکدی بکەین ،وە هیچ کاتێکیش هێندەی ئێستا هەرێمی کوردستان پێویستی بەپرۆسەی چاکسازیکردن نیەو پەتی تەحەممولی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش لەپچڕان نزیک بۆتەوەولەهیچمانی قبوڵ ناکەن لەجێ ی کردای ڕاستەقینە قسەی زل وبریقەداریان بۆ بکەین .

بۆیە ناکرێت بەهیچ بیانویەک وشەی چاکسازیش وەک سازان بکرێتە گاڵتەجاڕی مەملەکەت و وەک سازان لەبەرچاومان نابوتی بکەن .

خوێندراوەتەوە727