كاردۆ محه‌مه‌د

نه‌وت وەک سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ قه‌یران.!‌


داهاتی نه‌وت، گەر بەشێوازێکی سیستەماتیک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ده‌بێتە سه‌رچاوه‌یه‌كی بنه‌ره‌تی  بۆ بوژاندنەوەی وڵات و گەشەکردنی سێکتەرە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستاندا. ئەگەر بەرهەم و داهاتی نەوت شەفاف بێت دەبێتە هۆکارێکی گرنگ و بەهێز بۆ ده‌ربازبوون‌ له‌م قه‌یرانه‌ گەورەیەی دارایی و ئاوەدانکردنەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوەو ئاسۆکانی دەربازبونیشی ئەگەرێکی دوورە.

لەگەڵ ئەو گرنگی و بایەخەی نەوت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا نەکراوە، ئەمەش یەکێکی ترە لە هۆكارە بنه‌ڕه‌تییەکانی جیاوازی و ململانێی سیاسی نێوان لایەنە سەرەکییەکان، بێ چارەسەریی ئەم گرفتەش مەحاڵە سەقامگیریی سیاسی و ئابوری و بوژانەوەی کوردستان درووست بێت.

سەبارەت بەو رەخنە و سەرنج و تێبینییانەی کەلەسەر ئەم بوارە هەیە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسان ئامادەنین بە روون و ئاشکرا ڕایبگەیەنن کە(بڕی نەوتی هەناردەکراوی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی جیهانی چەندە؟ بەرمیلی بە چەند دەفرۆشرێت؟ هۆکاری جێبەجێ نەکردنی یاسای نەوت و گاز چییە؟ بۆچی دەستەی بەڕێوەبردنی سندوقی داهاتە نەوتییەکان دانامەزرێنن؟) وەڵام نەدانەوەی ئەم پرسیارانە هێندەی تر گومان دەخاتە سەر بواری نەوت و ناشەفافی ئەو کەرتە گرنگە لەهەرێمی کوردستاندا.

هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، مافی خۆیان بپرسن، ئێستا دوای ناردنی بڕی زیاتر له‌ 550 هەزار به‌رمیل رۆژانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتیه‌كانه‌وە، بەڵام تا ئێستا ناتوانرێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکرێت، تا ئێستا ئەو وەزارەتە ئامادە نییە بە ڕوونی هۆکارەکەی بۆ میدیاکان بخاتە ڕوو.‌ دڵنیام وەڵامدانەوەی ئەم پرسیار و گومانانە لەسەر بواری نەوت و وزە لە هەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی ڕاست و ڕەوان گەشەیەکی گەورە بەو بوارە دەدات و داهاتەکەی دەبێتە هۆکارێکی بەهێز و سەرچاوەیەکی گرنگ و ڕێگایەک بۆ دەربازبوونمان لەم تەنگەژە ئابورییەی کە زیاتر لە ساڵێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. بە پێچەوانەوە وەڵامنەدانەوەشی وەک ئێستا، ئەو قەیرانە سیاسی و ئابورییە درێژە دەکێشێت و بەردەوام سپەیسی نێوان بەرپرسان و هاوڵاتیان فراوانتر دەکات و متمانەش لە نێوان لایەنەکاندا لاوازتر دەکات.

دەرئەنجامی ئەو مامەڵەیە لەگەڵ ئەو سەروەتە گرنگەی وڵاتمان، وەک دەوترێت لەبری ئەوەی نەوت هۆکارێک بێت بۆ خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان هۆکارێک دەبێت بۆ بەدبەختی و گرفتی هاوڵاتیان. ئەمە جەوهەری کێشەی نەوت و وزەیە لە هەرێمی کوردستان، چارەسەرکردنی ئەو کێشە دەروازەیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تری هەرێمی کوردستان.


*سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە خولی پێشوی پەرلەمانی کوردستان.

خوێندراوەتەوە701