عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

کلیلی چاکسازییەکان‌


هەموان دەمانزانی کەلە ٢٠ ی ئابی ٢٠١٥ وە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشاییەکی یاسایی وسیاسیەوە ،بۆیە ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان بۆئەوەی هەرێمی کورستان نەکەوێتە ئەو بۆشاییەوە لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٥، واتا پێش ٧٠ ڕۆژ لەووادەیە پڕۆژەیەکمان بەواژۆی سەرجەم ئەندامانمان لەفراکسیۆن ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردودواتریش فراکسیۆنەکانی یەکێتی ولایەنەئیسلامییەکانیش پڕۆژەیان بۆهەمان مەبەست پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کرد.

ئەوەبوو لە ٢٣ ی حوزەیرانی هەمان ساڵ خوێندنەوەی یەکەم بۆ سەرجەم ئەوپڕۆژانەکران کە بۆهەمواری یاسای ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥ ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کران ودواتر ئاڕاستەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان کرا تاکو ڕاپۆرتی خۆیان بنوسن لەسەر پڕۆژەکان ،دوای تێپەڕبونی ماوەیەکی زۆر بەسەر نوسینی ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی کەکرانە ڕاپۆرتێکی هاوبەش ومانەوەی لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دواتر بڕیار درا کەپەرلەمانی کوردستان لە ١٩ ی ئابدا لەکۆبونەوەیەکی نائاساییدا خوێندنەوەی دووەم بۆ ڕاپۆرتەهاوبەشەکە بکرێت وپڕۆژەیاساکە بکرێتە یاسا ،بەڵام بەهۆی تەواونەبونی ڕیژەی یاسایی (نیسابی یاسایی )ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان نەتوانرا دانیشتنە نائاساییەکە ئەنجام بدرێت بۆبەیاساکردنی پڕۆژەیاساکان .

وەبەپێ ی هەموو پێودانگێک ویاسا بەرکاروکارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەئێستادا هەرێمی کوردستان بێ سەرۆکە وبەگوێرەی ماددەی ١٥ ی یاسای ژمارە یەکی سەرۆکایەتی هەرێم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کارەکانی سەرۆکی هەرێم بۆماوەی ٦٠ ڕۆژی تەواو ڕایی دەکات .
ئەوەی دەمەوێت کەمێک ئاماژەی بۆ بکەم گرنگی هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە لەئێستای هەرێمی کوردستاندا .
لەو پڕۆژەیاسایانەی کە بۆهەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لەلایەن فراکسیۆنەکانی گۆڕان ویەکێتی ویەکگرتوو کۆمەڵ بەڕوونی تیشکی خراوەتەسەر ئەوەیە کە دەبێت سیستمی فەرمانڕەوایی لەهەرێمی کوردستاندا پەرلەمانی تەواو بێت چونکە ئەم سیستمەی ئێستا نەپەرلەمانیەو نەسەرۆکایەتیشەتەنانەت تێکەڵیش نیە بەڵکو جۆرێک لەلادانی تێدایە بۆیە ئامانج لەوپڕۆژەیاسایانە جگە لەهەمواری یاسای سەرۆکایەتی ڕاستکردنەوەی حوکمیشە لەهەرێمدا .

هەروەها کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە ئیتر هەر کەسێک بێت ولەهەر دەنگ وڕەنگێکیش بێت .

چونکە بەپێ یاساکەی ئێستا زۆرترین دەسەڵات دراوەتە کارەکتەری سەرۆکی هەرێم ،هەر بۆنمونە سەرجەم دۆسیەکانی ( پێشمەرگە + ئاسایش + پەیوەندییەکانی دەرەوە + پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی ناوەند + دانان ودامەزراندنی دادوەروئەندامانی دادگاکان ) وچەندین دۆسیەی گرنگ وهەستیاری تربەباڵای سەرۆکی هەرێم بڕدراوە،کە گەر بێت وبویسترێت دەسەڵاتەکان بەخراپ بەکاربهێنرێت ئەوا دەتوانرێت تەنها لەماوەی شەوو ڕۆژێکدا بارودۆخی وڵات تێکبدرێت ونائارامیش دروست بکرێت .

بۆیە من پێم وایە گەر وەکو باڵەخانەیەک سەیری دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بکرێت ئەوا بەهەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کلیلی دەرگای سەرەکی بۆچاکسازی دەکرێتەوەو لەدوای کردنەوەی ئەودەرگایە ئیتر دەرگا لاوەکیەکان کردنەوەیان کارێکی سانا دەبێت ،بۆیە بەدڵنیاییەوە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی دەبێتە کلیلی چاکسازی لەهەرێمی کوردستان ،وەتاکو نەتوانرێت یاسای سەرۆکایەتی هەموار بکرێتەوە بەشێوەیەک کەهاوسەنگی دروست ببێت لەنێوان دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم وپەرلەمان وئەنجومەنی وەزیران ،ئەوا ناکرێت باس لەچاکسازی ڕیشەیی بکرێت لەهەرێمی کوردستاندا .

خوێندراوەتەوە544