عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

٢٥ی تەمموز ، هەڵهاتنی ئاسۆیەکی ڕون ‌

   

لەمێژووی مرۆڤایەتیدا چەندین ڕۆژی گرنگ ومێژوویی هەن و دروستدەبن کە بۆ ئەوگەل و وڵاتە دەبێتە ڕۆژێکی پرشنگدار و وەرچەرخانێکی گرنگ ،مێژووش گەورەیی ئەو ڕۆژانە بە شانازییەوە لەفەرهەنگی خۆیدا تۆمار دەکات و بە ئاوی ئاڵتونیش دەیان نوسێتەوە .

٢٥ ی تەمموزی ساڵی ٢٠٠٩ ،ئەوڕۆژەبوو کە لەمێژووی هاوچەرخی کوردداو لەسەرەتاکانی هەزارەی سێهەمدا دەکرێت بە یەکێک لەڕۆژە گەش و درەوشاوەکان بۆ خەڵکی کوردستان لەقەڵەم بدرێت .

لەم ڕۆژەدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لەکەرنەڤاڵێکی بێ وێنەو ئێجگار گەورەدا بێ گوێدانە ترس وهەڕەشەکان بڕیاری دروستبون وسەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکی کاریگەروکارایان دا لەبەرامبەر دەسەڵاتداران وفەرمانڕەوایانی هەرێمی کوردستان کە نزیکەی دوو دەیە فەرمانڕەوایەتیان لەم هەرێمەدا لەدەستدا بوو ، دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارای وەک بزوتنەوەی گۆڕان کارێکی هەڕەمەکی ولەخۆڕا نەبوو بەڵکو لە دەرئەنجامی ئەو هەموو زوڵم وستەم ونادادییەوە سەری هەڵدا کە دەرهەق بەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکران ،ئەمە جگە لە وەی کەوڵات خەریکبوو بەتەواوی سیخناخ دەبوو بە گەندەڵی .

٢٥ی تەمموز ئەوەی بە دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە وت : کەچیتر ناکرێت ولێشتان قبوڵ ناکرێت یاری بە پیرۆزییەکانی خاک وخەڵکی کوردستان بکەن ،خێرو بێری سەرزەوی وژێر زەوی ئەم هەرێمە بەخواست و ئارەزوی خۆتان تاڵان و هەرزان فرۆش بکەن ،کۆمەڵگا دابەش بکەن بەسەر دوو بەرەو دوو زۆنگ و دوو ئیدارەو دوو دنیای جیاوازدا ،کۆمەڵگای کوردی بکەنە کۆمەڵگایەکی مشەخۆرو تەمبەڵ وبێ بەرهەم ، کۆتایی هێنان بەچەمکی کێ لەگەڵت بێ باشەو کێش ملکەچت نەبێ جاشە و .....هتد.... .

٢٥ ی تەمموز جگە لەوەی کە هاوشێوەی زەمینلەرزەیەکی بەهێز عەرشی دەسەڵاتدارانی هەرێمی لەرزاند ،هۆکارێکی گەلێک باشیش بوو بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان و ئاشنابونی بەشێکی زۆری خەڵکی کوردستان بەماهیەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
 
٢٥ی تەمموز پڕکردنەوەی بۆشاییەکی گەورەی سیاسی بوو لەنێو دەسەڵاتێکی ناتەندروستدا ،هاتنە کایەی ئۆپۆزسیۆنێکی کاراوکاریگەربوو بۆ نێو گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی کوردستان کە ئەو گۆڕەپانە بێ ئۆپۆزسیۆنێکی وەک گۆڕان وایکردبوو کەدەسەڵاتداران بەخواستی خۆیان ئەسپی خۆیانی تێدا تاو بدەن .

ماوەتەوە بڵێین کە دەبێت و پێویستیشە هەموان بەگرنگییەوە بڕوانینە دەستکەوتەکانی ٢٥ ی تەمووز ،هەموان ببینە پاڵپشتێکی بەهێزی بزوتنەوەی گۆڕان تاکو ئەوئامانجەی کە بۆی دامەزراوەو خەڵکی بنیادی ناوە بێتە دی و وڵات بکەیەنە وڵاتی هەموان بەهەموو دەنگ وڕەنگ وپێکهاتەو ئاین وئاینزا جیاوازەکانیشەوە .

٢٥ ی تەمموز هەڵهاتنی ئاسۆیەکی مژدەبەخش بوو بۆهەموان

سەرکەوتووبێت ئیرادەی بەرزی خەڵکی کوردستان ،سڵاو لەوئازیزانەش کە بوونە ئاڵا هەڵگری بنیادنانی ئۆپۆزسیۆنێکی کارای وەک گۆڕان .

خوێندراوەتەوە828