عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

کێ سازاوە، کێش نەسازە؟‌


رۆژی ٢٣ ی حوزەیرانی ٢٠١٥ ،پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجامداو تێیداخوێندنەوەی یەکەمی بۆشەش پڕۆژە یاساکرد کە چواریان تایبەت بوو بەهەمواری چوارەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٥، هەروەها خوێندنەوەی دوەمیشی بۆ هەردوو پڕۆژەیاسای (نەبڕینی موچەی تاقانە +تاقانەکانی کیمیاباران وئەنفال وجینۆسایدکراوەکان )کەلەلایەن ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکەشکرابوو کرد وکرانە یاسا.

ئەوەی دەمەوێت ئاماژەی بۆبکەم لەم چەندخاڵەدا دەیانخەمەڕوو :

١- سەیرم لێدێت لەلایەن هەندێ کەس بەتایبەت کەسانی یاسایی باس لەیاسایی نەبوونی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت، لەکاتێکدا دانیشتنەکە بەپێی ڕێکارە یاساییەکان بەڕێوەچوەو هیچ شتێک نەکراوە دژی یاسا کارپێکراوەکان بێت، کێیش باوەڕی نیە بەیاسایی بونی دانیشتنەکە من سوپاسی دەکەم کەبۆم بسەلمێنێ.

٢-خراپی ئەدائی کارکردنی هەندێ لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن وئاوەژوو کردنەوەی ڕاستیەکان لەکاتی ڕووماڵکردنی دانیشتنەکانی پەرلەمان کەمن پێم وایە کارکردنی ئەودەزگاڕاگەیاندنانە بەوشێوازە ئامادەسازی تەواوی بۆکرابوو ،بۆیە ئەوکەناڵ ودەزگایانە نیشانەیەکی ئێجگار گەورەی پرسیارییان لەسەر خۆیان تۆمارکرد وزیاتر لەو پارتانەی بایکۆتی دانیشتنەکەیانکردبوو تەنگەنەفەستر دەردەکەوتن.

٣- زۆر باس لەوەدەکرێت کە گوایە ئەوچوارلایەنە (گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو،کۆمەڵ) لەسازانی نیشتمانی لایانداوەو تاكڕەوانە کارەکەیان کردوە ،بەڵام من دەپرسم لە و پێنج لایەنەی کەپێیان دەوترێت پێکهێنەری حکومەت وخاوەنی زۆرینەی هەرەزۆری کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستانن چوارییان پڕۆژەی هەیە بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ونایانەوێت قەیرانی سەرۆکایەتیش بچێتە سەرقەیرانەکانی تری کوردستان بەڵام تەنها پارتی لەگەڵ ئەوپرۆژەیەدا نییە ،باشە کێ لەگەڵ سازانەو کێش دژی ڕای زۆرینەیە بۆسازان ،لەکاتێکدا هەموان بەپارتیشەوە زۆر باش ئەوەدەزانین کە ١٩ی ئاب ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی کۆتایی دێت وهەرێم دەکەوێتە بۆشاییەکی یاسایی وسیاسیشەوە.

٤- دەرکەوت کە مەرج نییە پارتی دیموکراتی کوردستان کە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانن (٣٨کورسی)هەرچیەکیان ویست بەخواستی ئەوان بێت و دژی هەرپڕۆژەیەکیش بن ئیتر قسەی لەسەرنەکرێت و وەلابنرێت،واتاکۆتایی بەخەیاڵپڵاوی هات.

٥- زۆر بەڕاشکاوی بۆ هەموان دەرکەوت کە کێ لەگەڵ شێوازی هەڵبژاردنی سیستمی پەرلەمانی و کێیش دژی وەستایەوە و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی لەناو خەڵکەوە پێ پەسەندە ،ئیتر قسەکردن ولێدوانی جۆراوجۆر هیچ لەمەسەلەکان ناگۆڕێت.

٦- من وهاوڕێیەکم ئەمڕۆ پەرلەمانتارێکمان لەپەرلەمانی کوردستان بینی وتەنانەت چۆنی وچاکیشمان لەیەکدی کرد کەچی لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە لێدوانێکی دابوو کەگوایە ئەمڕۆ ٢٣ی حوزەیران بەهۆی مەشغەڵەتەوە ناچێتە پەرلەمان ومەجالی نیە.

٧- ئەمڕۆ ئەوڕاستییە دەرکەوت کە لەپەرلەمانی کوردستاندا دوو بەرە هەیە ،یەکێکیان دەیەوێت خەڵک لەسەرۆک بپرسێتەوەو ئەوی تریشیان گەرەکیەتی سەرۆک لەخەڵک بپرسێتەوە ،کە بەرەی یەکەمیان زیاتر لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازی لێدەکرێت.

بەهیوای کۆتایی هاتنی قەیرانە زۆر و زەوەندەکانی هەرێمی کوردستان و زیادنەکردنی قەیرانی سەرۆکایەتی و دوورخستنەوەی دوو دڵی و دڵەڕاوکێ لە هاوڵاتیانی کوردستان .

خوێندراوەتەوە851