عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

کوردستان ،هەرێمێک جمەی دێت لەزیادەڕۆییدا ...‌


زیادەڕۆیی گەر لەساڵانی ڕابردوودا وەکو حاڵەت لەهەرێمی کوردستاندا دەرکەوتبێت ئەوا لەئێستادا لەحاڵەت دەرچووەو بۆتە دیاردە ، دیاردەیەک گەر بەری لێنەگیرێت ئەوا بە دوور نازانرێت چەندین کێشەی جۆراوجۆر لەم هەرێمەدا سەرهەڵبدات .

من لێرەدا تەنها چەند داتایەک لەسەر زیادەڕۆیی بۆسەر زەوییەکانی کشتوکاڵی وشارەوانی دەخەمەڕوو کە ئەمانە داتاو ئاماری فەرمی وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆیانن کەمن دڵنیام ،زیادەڕۆییەکان گەلێک لەوداتاوئامارانە زێدەترن کەبەفەرمی ڕاگەیەنراون ،گرفتی گەورە ئەوەیە کە زیادەڕۆیی لەم مەملەکەتەدا تەنها لەلایەن هاوڵاتیانەوە نەکراونەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بەڵکو حکومەتی هەرێمیش خۆی کارەکتەرێکی دیاروگرنگی زیادەڕۆییە بۆسەر زەوی کشتوکاڵی بەواتایەکی تر حکومەتیش هێندەی هاوڵاتیان و بگرە زیاتریش پشکی زیادەڕۆیی بەردەکەوێت :

* لەهەرێمی کوردستاندا نزیکەی ٢٥/ ی زەوییەکشتوکاڵییەکانی زیادەڕۆییان کراونەتەسەر کە دەکاتە (١٥٠٠١٥٩)یەک ملیۆن وپێنج سەدهەزاروسەدوپەنجاو نۆ دۆنم زەوی کشتوکاڵی ،بەداخەوە زیادبوون وفراوانبونی شارەوانی شاروشارۆچکەکان وماستەرپلانی شارەکانیش لەسەر زەوی کشتوکاڵی بوە ،ئەمەجگە لەوەش کە زۆرینەی هەرە زۆری زیادەڕۆییەکان لەلایەن بەرپرسان ودەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمەوە کراونەتە سەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان ، وەلەساڵانی ڕابردووشدا چەندین لیژنەی جۆراوجۆر دروستکراوان بۆ ڕێگریکردن لەزیادەڕۆیی بۆسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بەڵام نەک نەتوانرا بەرییان پێ بگیرێت بەڵکو هێندەی تر زیادییان کرد .

* لەهەرێمی کوردستاندا ئەوزیادەڕۆییانەی کراونەتە سەر زەویی شارەوانییەکان نزیکەی پەنجا هەزار زیادەڕۆییە یاخود بەدروستی بڵێین (٤٨٨٩٤)حاڵەتی زیادەڕۆیی تۆمارکراوهەن ،کەزۆرینەیان لەپاریزگاکانی هەولێرو دهۆکن کە ژمارەیان (٣٩٧٦٥) زیادەڕۆیین و سەدان وهەزاران سكاڵای تۆمارکراویش هەن بەڵام کەمترینیان چارەسەرکراون .

* لەهەرێمی کوردستاندا (٤٥) هەزار دۆنم زەوی کەلەباشترین زەوییە کشتوکاڵییەکانن کراونەتە پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیاوبەڵێندەرەکانەوە کەحکومەت مۆڵەتی کارکردنی پێداون.

لەهەموو وڵاتانی پێشکەوتودا گەر شارفراوان بکرێت وپڕۆژە ئەنجام بدرێت ئەوا لەسەر ئەوزەوییانە دەبێت کە سیفەتی کشتوکاڵیان لەدەستداوەو سودی لێ نابینرێت بۆ کشتوکاڵکردن ،بەڵام لەم مەملەکەتەی لەمەڕ خۆماندا بەهۆی بێ پلانیەوە پڕۆژەکان زۆرێکیان لەباشترین زەوییە کشتوکاڵییەکان ئەنجامدەدرێت .

گەر بشوترێت نەبوونی یاسای تایبەت بەو دیاردەیەو کێشە و گرفتەکشتوکاڵییەکان وایکردوە دیاردەکە تەشەنە بکات ئەوا هێندە یاساوبڕیاری تایبەت هەیە بەوبوارە ڕەنگە بوبێتە هۆی سەرلێشیواندنی دادوەرەکان لەدادگاکانی کوردستانیشدا ،واتا کێشە لەنەبوونی یاسادا نیە بەڵکو کێشە گەورەکە لەجێبەجێنەکردنی یاساکان و نەبوونی ئیرادەیەکی بەهێزدایە بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانە ،بۆیە خوازیارم ئەولیژنە باڵایەی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروستکراوە لەئێستادا بۆ ڕێگریکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان بتوانن سەرکەوتوبن لەکارەکانیانداوڕێگە نەدرێت چیتر زەوی وخاکی کوردستان بەو شێوازە تەخشان وپەخشان بکرێت کەلەساڵانی ڕابردوودا کراوە .

خوێندراوەتەوە606