كاردۆ محه‌مه‌د

پرسی‌ ده‌ستوور و ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌


به‌ره‌ به‌ره‌ نزیك ده‌بینه‌وه‌، له‌ماوه‌ی‌ دیاریكراو بۆ ته‌واوبوونی‌ پرسی‌ ده‌ستوور و ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، سه‌ره‌ڕای‌ گه‌رمی‌ و كوڵانی‌ ناوچه‌كه‌ش له‌ شه‌ڕ و گۆڕانكاری‌ گفتوگۆكان و گه‌ڕی‌ سه‌ردانه‌كان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ پرسه‌كان له‌م باره‌وه‌ گه‌ڵاڵه‌ی‌ بۆچوونێكی‌ هاوبه‌شی‌ نه‌كردووه‌، چونكه‌ دید وبۆچوونی‌ جیاواز له‌مه‌ڕ سازان له‌سه‌ر ده‌ستوور و پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌یه‌، بۆ تێپه‌ڕاندنی‌ دۆخه‌كه‌ و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌كان ڕای‌ ڕاشكاوی‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان كاربڕه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێكه‌وتن. ناتوانین ئامانجه‌كه‌ به‌ قسه‌ بپێكین، به‌ڵكو ده‌بێ له‌ ڕێی‌ پلان و میكانیزمی‌ دروستی‌ سیاسی‌ و یاسایی‌ ئه‌نجام بدرێت و هه‌نگاوه‌كانیش به‌ كردار بێت، ئه‌گه‌ر ئیراده‌ی‌ لێك تێگه‌یشتن بۆ حكومڕانیه‌كی‌ هاوبه‌شی‌ دیموكراتی‌ هه‌بێت. ئه‌ویش به‌ بوونی‌ ژوورێكی‌ هاوبه‌شی‌ نوێنه‌رانی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌ خاوه‌ن بڕیاره‌كان، وه‌ك پێویستیه‌كی‌ هه‌نوكه‌یی‌ بۆ پشتگیری‌ كردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان له‌چوارچێوه‌ی‌ یاسادا.

پرسی‌ ده‌ستوور، وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌ و گرێبه‌ستێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و سیاسی‌ هه‌روه‌ها بنه‌ما بۆ هه‌موو یاساكان كه‌ ده‌سه‌ڵات و تایبه‌تكاری‌ ده‌مه‌زراوه‌كان دیاریده‌كات و دان به‌ ماف و ئازادییه‌كان داده‌نێت. به‌ بڕوای‌ من ئه‌گه‌ر نه‌توانین سازان له‌سه‌ر ده‌ستوورێكی‌ سه‌رده‌میانه‌ی‌ دیموكراتی‌ بكه‌ین واباشتره‌ دوای‌ بخه‌ین ، نه‌ك ده‌ستوورێكمان هه‌بێت كه‌ كۆده‌نگی‌ لایه‌نه‌كانی‌ له‌سه‌ر نه‌بێت، چونكه‌ زۆر ووڵات هه‌ن ده‌ستووری‌ نووسراویشیان نیه‌ و ووڵاتی‌ دیموكراتین و یاساش تێیدا سه‌روه‌ره‌، زۆر ووڵاتیش هه‌ن ده‌ستووریان هه‌یه‌ و نه‌ك هه‌ر پابه‌ند نین به‌ ده‌ستووره‌كه‌، به‌ڵكو ووڵاتی‌ نادیموكراتی‌ و دیكتاتۆرین . له‌به‌رئه‌وه‌ زۆر یاسای‌ گرنگ هه‌ن سروشت و مۆركی‌ ده‌ستووریان هه‌یه‌ ، ده‌توانن پرسه‌ گرنگه‌كان ڕێك بخه‌ن.

ده‌رباره‌ی‌ پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ له‌ ڕاستیدا دابڕاو نیه‌ له‌ ده‌ستوور، به‌ڵام جیا له‌ ده‌ستوور ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م بژارده‌ی‌ جیا جیا باشترین بژارده‌ كۆده‌نگی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌ به‌ هه‌مواركردنی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، ئه‌ویش به‌ چه‌سپاندنی‌ سیسته‌می‌ په‌رله‌مانی‌ دیموكراتی‌ و بڕوابوون به‌ ده‌ستاو ده‌ست كردنی‌ ده‌سه‌ڵات و چاكسازی‌ و چه‌سپاندنی‌ سه‌روه‌ری‌ یاسا.

خوێندراوەتەوە887