عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

ئایا بەڕاست پەرلەمانی کوردستان سست بوەوشکستی خواردوە؟‌


لەوکاتەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بەوەرزی گرێدانی دووەمی خۆی هێناوە لەلایەن هەندێ دەزگای ڕاگەیاندن وتەنانەت خودی پەرلەمانتارانی ئەم خولەش (خولی چوارەم)هەندێ وتارولێدوانی جیاجیام بینیوەوبیستوە کەلای من جێگای تێڕامان وسەرنج بوە ،بۆیەدەبێت هەموان ئەوڕاستییە بزانین کەئەم خولەی پەرلەمان لە ٢٩ ی نیسانی ساڵی ٢٠١٤،دەستەی سەرۆکایەتی بۆ هەڵبژێردراوە ،واتادوای (٥)مانگ و(٢٣)ڕۆژلەسوێندخواردنی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان یان دەتوانین ڕاستر بیڵێن پەرلەمانی کوردستان بەهەردوو وەرزی گرێدانیەوە تەنها (٧)مانگ کاریکردوە بەومانگەشەوەکەلەوەرزی گرێدانی یەکەم درێژکرایەوە بۆ یاسادانان ،بۆیە دەکرێت تەنها هەڵسەنگاندنی پەرلەمان لەماوەی ئەم حەوت مانگەدا بکەین کە دەستی بەکارکردن کردوە،وەدەبێت ئەوڕاستیەش لەبەرچاوبگیرێت کەلەم ماوەیەداهەرێمی کوردستان بەچ بارودۆخێکدا تێپەڕیوەو چەندین قەیران وتەنگەژە ڕوویان لەم هەرێمە کرد کەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەبوو بەسەرکاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە تەنانەت نەدەتوانرا کارلەسەر هەندێ یاسا بکرێت کەئیلتیزامی دارایی بۆحکومەت دروستدەکردبەهۆی قەیرانی داراییەوە.

من نامەوێت ببمە پارێزەری پەرلەمانی کوردستان وبڵێم هیچی نەهێشتۆتەوە وکارکردنی بەدڵی هەموان وبەخواستی هەموان بوەبەتایبەت فراکسیۆنەکەی ئێمە (گۆڕان) ،بەڵام ناشکرێت ئەوپڕۆژەیاساوبڕیارانەی کە بونەتە یاساوبڕیاربەنادیدە سەیربکرێن وبڵێن پەرلەمانی کوردستان هیچی نەکردوە یان سست بوەوشکستی خواردوە لەکارکردنیدا،بۆیە من پێم خۆش بووکەبەداتاوئامار هەندێ لەویاساوبڕیاروکارانەی تری پەرلەمانی کوردستان کەکردوونی بەخوێنەران وهاوڵاتیانی ئازیزئاشنابکەم ئەوسا خەڵکی دەتوانێت بڕیار لەوەبدات کەئایا پەرلەمان کاری باشی کردوە یان شکستی خورادوەهیچی نەکردوە:

*پەرلەمانی کوردستان لەم ماوەیەداتوانیویەتی ٩یاسا دەربکات کەهەندێکی هەموارکردنن ،وەهەندی لەویاسایانە ساڵانێکە نەتوانراوە کاری تێدا بکرێت بەڵام لەم خولەدا بونەتەیاسا لەوانە یاسای بودجەی حیزبەکان وکۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن وڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان ،جگە لەخوێندنەوەی یەکەم بۆ ١١٢ پڕۆژە یاساوپڕۆژەبڕیارکەهی سەرجەم فراکسیۆنەکانی بەبێ جیاوازیکردن تێدایە.

*پەرلەمانی کوردستان (٣١)بڕیاری دەرکردوە کەهەندێ لەوبڕیارانە بەهایان زۆر زیاترە یان کەمتر نیە لەیاساکان کەدەرچوێندراون وگرنگی تایبەتی خۆیان هەیەودەتوانرێت بەبڕیاری مێژوویی هەژمار بکرێن لەوانە بڕیارەکانی ژمارە(١٨ و ١٩)کەتایبەتە بەهێزەکانی ناوخۆوهێزی پێشمەرگەی کوردستان هەروەها بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆبانێ تاببنە پشتیوانێکی بەهێزی شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە ئەمەجگەلەبڕیاری چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ کانتۆنەکانی خۆرئاوا بەوشێوەیەی کەخۆیان دەیانەوێت ،هەروەها بڕیاری کۆتایی هێنان بەکڕینی ئوتومبێل بۆ پەرلەمانتارانی کوردستان لەسەرخەرجی پەرلەمانی کوردستان وناساندنی پارێزگای هەڵەبجە بەپایتەختی ئاشتی وچەندین بڕیاری گرنگی تر..

*ئەم خولی چوارەمی پەرلەمانە شتێک کەبۆی هەیە شانازی پیوەبکات ئەوەیە کەبۆتە پردێکی بەهێزی پەیوەندی نێوان کوردانی باکورو ڕۆژئاواو تەنانەت ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش لەگەڵ باشوری کوردستان لەزۆر ڕوەوە کەناکرێت بەکەم سەیربکرێت.

*لەم دوو وەرزی گرێدانەدا پەرلەمانی کوردستان (٤٣) دانیشتنی ئاسایی ئەنجامداوەو (٢)دانیشتنی نائاسایشی کردوەکەتایبەت بوە بەوپێشهاتانەی کەلەهەرێم وناوچەکەداڕویاندا.

*(١٧) وەزیرلەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێم بانگهێشتی لیژنە پەیوەندیدارەکان کراون لەپەرلەمانی کوردستان و(٥)وەزیریش هاتونەتە نێوهۆڵی پەرلەمانی کوردستان جگە لەئەنجومەنی هەرێمی بۆ نەوت وغازکەبانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان کراون..

*(٣٨٢)پرسیارلەلایەن ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون ،لەوژمارەیەش پەرلەمانتاران تائێستاوەڵامی (٢٢٠) پرسیارییان وەرگرتوەتەوە .
*هەندێ سیماوکاری جیاواز لەم خولەدا بەڕوونی هەستیان پێ دەکرێت و هەن لەوانە شەفافیەت وگواستنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان وهەولیش لەئارادایە کۆبونەوەی لیژنەکانیش بەڕاستەوخۆیی پەخش بکرێت تاکو خەڵکی بزانن لەلیژنەکانیشدا چی دەگوزەرێت ،هەروەها بەسیستماتیککردنی دانیشتنەکان ودیاریکردنی ڕۆژانی کۆبونەوەی پەرلەمان ولیژنەکان لەڕێگەی خشتەیەکی دیاریکراوەوە،هەروەها پەراویزنەخستنی هیچ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی کوردستان بەگەورەو بچوکەوە .

*زیادکردنی سێ لیژنەی تر بۆ لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان کەبریتین لە (لیژنەی ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان وپەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردی ولیژنەی کاروباری پەرلەمانی کوردستان )هەروەها کردنەوەی نوسینگەیەکی پەرلەمانی لەشاری کەرکوک کە نیشانەی گرنگی دانەبەوشارەئازیزە ی کوردستان..

ئەوەی ماوەتەوە بیڵێم ئەوەیە کەپێویستە هەموان پێکەوە (فراکسیۆنەکانی پەرلەمان)ببینە هاوکارویاریدەدەری باش بۆئەوەی لەساڵانی دادێ زۆرترین یاساوبڕیاری باش دەربکرێن کەلەبەرژەوەندی باڵای میللەتەکەماندابێت وهەموان لەئاست ئەوبەڵێنانەدا بین کە داومانە بەخەڵکی کوردستان وئەوانیش لەوڕوانگەیەوە متمانەی خۆیانیان پێ بەخشیوین ،وەپەرلەمان بکەینە مەرجەع وشوێنێک بێت بۆئومێدی هەموان بەبێ جیاوازی .




عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

خوێندراوەتەوە844