د. سه‌ردار عه‌زیز

کۆبانێ: بۆچی رێگه ده‌درێت ئه‌و شاره بکه‌وێت؟‌


١ ئامانجی داعش له هێرشکردنه سه‌ر کۆبانێ به‌شێکه له‌و پاکتاوه ڕه‌گه‌زیه که ئه‌م هێزه ئه‌نجامی ئه‌دات به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی که عه‌ره‌ب و سوننه نین. کورد به‌شێکه له‌م پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی پاکتاوی ڕه‌گه‌زی. ده‌بینین که چۆن شیعه، ئێزیدی، مه‌سیحی، هه‌موو جیاوازێک له ناوچه‌ی سوننه وه‌ده‌ر ده‌نرێت، قڕ ده‌كرێت، شوناسی ده‌گۆڕێردرێت. ئه‌م پاکتاوه ڕه‌گه‌زیه له ئه‌نجامی پێکه‌وه گرێدانی ئامانجی ناسیونالیزمی پان عه‌ره‌بیزمه له گه‌ڵ ئیسلامی سیاسیدا.

٢ بۆچی تورکیا و رۆژئاوا بینه‌ری ئه‌م پاکتاوه ڕه‌گه‌زیه‌ن به‌بێ هیچ چالاکیه‌ك؟ لێره‌دا ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی داعش پاکتاوی ڕه‌گه‌زیه، مه‌به‌ستی تورکیا و رۆژئاوا په‌سیوکردنی (په‌سیفای) په‌كه‌که‌یه. هێرشی داعش به‌شێکه له‌و ئیداره‌كردنه‌ی هێز که تورکیا و رۆژئاوا ده‌خوازێت ئه‌نجامی بدات له پێناو شکاندنی شکۆی ئه‌و هێزانه‌ی که نایه‌نه ژێر رکێفیانه‌وه. ئه‌م پرۆسه‌یه له پێناو هێنانه ژێر رکێفی هه‌موو هێزه‌كانه بۆ ژێر چه‌تری رۆژئاوا له رێگای به‌گژدانیان به‌یه‌كتردا.

٣ کۆبانێ وه‌ها ده‌بینرێت که نموونه‌یه‌ك بێت بۆ ته‌نهابوونی په‌یه‌ده. ئه‌مه‌ش په‌یامێکه بۆ سه‌ختی مانه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی پانتایی خواستی وڵاتانی رۆژئاوا.

٤ به‌ڵام له راستیدا په‌یه‌ده گه‌ر له رووی سه‌ربازیه‌وه ناچاربکرێت ئه‌وا له هه‌موو روه‌کانی تره‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، شکۆمه‌ندی تۆمار ئه‌كات.

٥ سه‌رباری ئه‌مه ده‌كرێت بپرسین ئایا کاتی ئه‌وه نیه که په‌یه‌ده وه‌ها بیربکاته‌وه که نه‌به‌ردی سه‌ربازی له گه‌ڵ دیدی سیاسیدا بگونجێنێت؟ هاوکێشه‌كانی ناوچه‌كه زۆر خێرا ده‌گۆڕین، چۆنێتی دروستکردنی هاوپه‌یمانی و بونیادی هێز یاریه‌كی سه‌خته له ناوچه‌كه‌دا.

٦ تورکیا ئه‌و هێزه‌یه که نازانێت چۆن هه‌ڵسوکه‌وت بکات بۆئه‌وه‌ی دۆڕاو نه‌بێت، به تایبه‌تی کاتێک که دۆستی ئه‌و وڵاته تیرۆریستانن که مانه‌وه‌یان ته‌نها مه‌سه‌له‌ی کاته. تورکه‌كان هه‌ر به‌رپرسێکیان شتێک ده‌ڵێت، هه‌ر رۆژێک شتێک ده‌ڵێن، بۆ ئه‌وان ترسی گه‌وره ئه‌وه‌یه که به‌ره‌ی شیعه له ئێران، عێراق، سوریادا براوه‌ی گه‌وره بێت. ئێستا خواستی ئێران گونجاوتره له گه‌ڵ رۆژئاوادا زیاتر له گه‌ڵ خواستی تورکیا له گه‌ڵ رۆژئاوادا. تورکه‌كان که نه‌یاری کوردن ده‌ترسن که هه‌ر ده‌ستتێوه‌ردانێکیان بۆ کۆبانی ببێته هۆکاری سه‌رکه‌وتنی په‌یه‌ده و شکستی دۆسته‌که‌یان. ئه‌سته‌مه تورکه‌كان براوه‌ی ئه‌م جه‌نگه بن.

٧ ئه‌و نه‌به‌ردیه‌ی که په‌یه‌ده له کۆبانی تۆماری ده‌كات، رووداوێکه بۆ دروستبوونی کورد وه‌ك مرۆڤێکی جیاواز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. مرۆڤێکی خاوه‌ن نه‌ته‌وه و خاک و باوه‌ڕی خۆی. له هه‌مانکاتدا به‌زاندنی سنوره‌کانه و به‌هێزکردنی ناسیونالیزمی کوردیه، که ماوه‌یه‌كه له لایه‌ن هه‌ندێ کاڵفامه‌وه له ژێر هێرشدایه.

خوێندراوەتەوە1179