ئاریان ره‌ئوف

كورد له‌به‌غدا... له‌ وه‌رگرتنی پۆسته‌وه‌ بۆ به‌شداری‌ و هاوبه‌شی له‌بڕیاردانی سیاسی‌

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ گومان نیه‌ له‌دوای‌ ساڵی 2003 هێزه‌ كوردیه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ به‌شداریه‌كی كارایان هه‌بێت له ‌بڕیاردانی سیاسی و ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌تی عێراق، كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی‌ له‌ قازانجی هه‌رێمی كوردستان بێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی نه‌بونی به‌رنامه‌ و پلان روانگه‌یه‌كی ستراتیژ و ململانێی حیزبایه‌تی و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی ئه‌م  ناكارایه‌ی هێزه‌ كوردیه‌كان به‌رده‌وامی هه‌بوه‌ ‌تائێستا، هه‌ربۆیه‌ نه‌ك نه‌یتوانیوه‌ مافه‌ ده‌ستوریه‌كانی خۆی به‌ده‌ستبهێنێت به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رده‌وام حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق بوەته‌ مایه‌ی‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ترسناك له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا به‌ڕوكه‌ش یه‌كێك بوه‌ له‌هێزه‌ به‌شداربوه‌كان له‌ پرۆسه‌ی‌ حوكمڕانی عێراق، بەڵام  ئه‌م به‌شداریه‌ی‌ ته‌نها به‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێك پۆست بو له‌ده‌وڵه‌تی عێراق نه‌ك به‌شدارو هاوبه‌ش بێت له‌بڕیاردانی‌ سیاسی.

هه‌ربۆیه‌ نه‌یتوانیوه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو به ‌به‌رده‌وامی ئه‌م كێشانه‌ له‌زیابوندان و ساڵ بۆ ساڵ دۆسیەی قورستر كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كرێت به‌سه‌ر دۆسیه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كان. ئه‌مه‌ش به‌ جۆرێك خراپ كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر تواناكانی هه‌رێمی كوردستان كردوه‌ به‌ جۆرێك ماندوی كردوه‌ كه‌ ره‌نگه‌ له‌توانایدا نه‌بێت له‌وه‌ زیاتر به‌رگه‌ی ئه‌و قه‌یرانانه‌ بگرێت.

وه‌ك چۆن ئه‌وه‌ی‌ له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی رابردودا سه‌ره‌رای‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی‌ كێشه‌ی‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی هه‌رێم كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140 ئاماژه‌یان پێكراوه‌، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌نه‌كردنی دۆسیه‌ی‌ پڕچه‌ك كردن و موچه‌ی‌ پێشمه‌رگه.

له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ 2014 كێشه‌ی‌ بڕینی بودجه‌ی‌ هه‌رێمی كوردستانی به‌سه‌رداهات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك كاریگه‌ری‌ خراپی له‌سه‌ر ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان دروستكردوه‌، چونكه‌ له‌توانای هه‌رێمدا نیه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر بتوانێت بۆشایه‌ داراییه‌كانی پڕبكاته‌وه‌ به‌بێ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ دارییه‌كانی له‌ده‌وڵه‌تی عێراق، كه‌ ئه‌مه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌وخۆ له‌سه‌ر هه‌رێم دروست ده‌كات له‌ئاینده‌دا و كاریگه‌ری‌ خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ چاكسازی و دیموكراسی، بەڵام سه‌ره‌رای هه‌مو ئه‌و دۆسێه‌و قه‌ریرانانه‌ هێزه‌ كوردیه‌ خاوه‌ن پۆسته‌كان له‌به‌غدا پاشه‌كشه‌یان نه‌كرد له‌پۆسته‌كانیان له‌به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی‌ فشارێكی گه‌وره‌ دروست بكه‌ن له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق و كۆمه‌ڵگای‌ نێوده‌وڵه‌تی ئه‌و هێزه‌ ده‌ره‌كیانه‌ی‌ كه‌ كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بڕیاردان هه‌یه‌ له‌عێراق تا حكومه‌تی‌ عێراق ناچار بكه‌ن سه‌رجه‌م دۆسیه‌كانی كه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ فیدراڵ له‌سه‌ری‌ ناكۆكن چاره‌سه‌ربكات، هۆكاری ئه‌مه‌ش له‌به‌رنه‌بونی یه‌ك روانگه‌و یه‌ك بڕیاری‌ سیاسی بو له‌نێو هێزه‌ كوردستانیه‌كان له‌سه‌ر  هه‌ڵوێستی‌ كشانه‌وه‌ له‌پرۆسه‌یه‌ك كه‌ جگه‌ له‌پۆست هیچ قازانجێكی سیاسی بۆ هه‌رێم به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌، چونكه‌ ئامانجی سه‌ره‌كی ئه‌م هێزه‌ خاوه‌ن پۆستانه‌ ته‌نها  پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ حیزبی و شه‌خسیه‌كانیان بو نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هاوڵاتیه‌كانی.

له‌ئێستاشدا كه‌ وه‌فدی دانوسانكاری‌ كورد له‌به‌غدا له‌به‌شداره‌ له‌دانوستانه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی‌ عێراق ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌مای پێشوی به‌شداری‌ له‌حكومه‌تی‌ عێراق هه‌وڵه‌كانی به‌گه‌ڕ بخات كه‌ ئه‌ویش ته‌نها به‌ده‌ستهێنانی پۆسته‌، ئه‌وا بێگومان نه‌ك دۆسیه‌ ئاڵۆز و ترسناكه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ چه‌ندین دۆسیه‌ و كێشه‌ی‌ تر له‌نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێم و حكومه‌تی‌ فیدراڵی له‌چه‌ند ساڵی ئاینده‌دا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن كه‌ دورنیه‌ بگه‌نه‌ حاڵه‌تی‌ جه‌نگ به‌ تایبه‌ت له‌سه‌ر دۆسیه‌ی‌ ناوچه‌ كوردستانیه‌كان كه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ ماده‌ی‌ 140 دان.

ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ له‌ئێستادا وه‌فدی دانوستانكاری‌ كوردی‌ جه‌ختی له‌سه‌ر بكات  هاوبه‌شی و به‌شداری فیعلیه‌ له‌ئیداره‌دان و بڕیاردانی سیاسه‌ت له‌عێراق چ له‌ئاستی سیاسه‌تی ناوخۆ بێت یان سیاسیه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ پله‌ی‌ یه‌ك، وه‌رگرتنی پۆست به‌ پله‌ی‌ دوه‌م، چونكه‌ له‌رابردودا چه‌ندین پۆستی گرنگ لای كورد بون، بەڵام بچوكترین دۆسیه‌ی په‌یوه‌ست به‌هه‌رێمی‌ كوردستانیان پێ چاره‌سه‌ر نه‌كرا. هه‌روه‌ها گرنگه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ بۆ به‌غدا ده‌نێردرێن  به‌رپرس بن له‌به‌رامبه‌ر دۆسیه‌كانی هه‌رێم به‌ هاوبه‌شی و له‌لایه‌ن یه‌ك ناوه‌ندی بڕیاردانی‌ هاوبه‌ش له‌هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ بكرێن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانن یه‌ك ده‌نگ بن له‌بڕیار وه‌رگرتن و هه‌ڵوێست نواندن له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی‌ فیدراڵی.


سبه‌ی

خوێندراوەتەوە863