د. سه‌ردار عه‌زیز

قه‌یرانی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم: ره‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی‌

قه‌یرانی سه‌‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، هه‌ستیارترین ساته‌وه‌خته که تیایدا له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا بڕیار لەسه‌ر چاره‌نوسی دیموکراسی بون یان دیموکراسی نه‌بونی سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی کوردستان ده‌درێت. ئه‌م نوسینه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌یه بۆچی ئه‌م کێشه‌یه هێنده هه‌ستیاره؟

زۆربه‌ی قسه‌و باسه‌کان ده‌رباره‌ی کێشه‌ی سێ باره‌کردنه‌وه‌ی سه‌رۆک نوسراو و وتراوه ته‌نها جه‌ختی  لەسه‌ر ره‌هه‌ندی ناوخۆیی ئه‌م کێشه‌یه کردوه‌ته‌وه. به‌ڵام ئایا ئه‌م قه‌یرانه چۆن کاریگه‌ری ده‌بێت لەسه‌ر کورد، حکومه‌تی هه‌رێم و خه‌ونی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی له داهاتودا، لەئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا؟

ره‌نگه بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره پێویستمان به‌ئه‌وه هه‌بێت که بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ساڵی 1920 بۆ ده‌قی په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر، که له نزیک شاری پاریس، له فه‌ره‌نسا بڕیاری لەسه‌ر درا. به‌ندی شه‌ست و چوار له په‌یماننامه‌که‌دا یارمه‌تیمان ده‌دات بۆئه‌وه‌ی گرنگی ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستا بزانین. به‌ندی شه‌ست و چوار ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر پاش ساڵێک له پیاده‌كردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه خه‌ڵکی کورد لەنێو ئه‌و پانتاییه‌ی که له به‌ندی ژماره 62دا دیاریکراوه نیازی خۆیان بگه‌یه‌ننه ئه‌نجومه‌نی  عوسبه‌تی نه‌ته‌وه‌‌کان، بەشێوازێک که پێشانی بده‌ن که زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه ئاره‌زوی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن له تورکیا، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌ن ئه‌وکاته، وه‌های دانا که ئه‌و خه‌ڵکانه توانای ئه‌و جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌یان هه‌یه و به‌باشیزانی که سه‌ربه‌خۆ بن، ئه‌وا تورکیا رازی ده‌بێت به‌م بڕیاره.

ئه‌وه‌ی بۆ مه‌به‌‌ستی ئێمه جێگه‌ی بایه‌خه له به‌نده‌كه‌دا، ئه‌و مه‌رجانه‌یه که له به‌نده‌که‌دا هه‌یه. وه‌ك ده‌بینین که دو مه‌رجی سه‌ره‌كی له به‌نده‌که‌دا هه‌یه؛ یه‌که‌م خواستی خه‌ڵکی بۆ سه‌ربه‌خۆیی، دوه‌م، هه‌بونی توانا بۆ سه‌ربه‌خۆبون. هه‌بونی توانا بۆ سه‌ربه‌‌خۆبون یانی هه‌بونی توانا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری خود. ئه‌م مه‌رجه له‌و راستیه مێژوییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت که کورد به درێژایی مێژو وه‌ك خێڵ و عه‌شیره‌ت زۆربه‌ی کات به شه‌ڕی یه‌كتریه‌وه سه‌رقاڵ بون. بۆیه به‌لای دارێژه‌رانی په‌یماننامه‌که‌وه مه‌رجێکی وه‌ها جه‌ختی لەسه‌ر کراوه‌ته‌وه.

ئه‌گه‌ر له ئه‌مڕۆدا سه‌یری دۆخی هه‌‌رێمی کوردستان بکه‌ین له‌م روانگه‌یه‌وه، ده‌بینین هه‌مان ئه‌م مه‌رجانه له ئارادان. بۆئه‌وه‌ی کورد سه‌ربه‌خۆبێت گرنگه که کورد نیاز و خواستی وه‌های هه‌بێت و پێشانی بدات که توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه، که کاروباری حکومداری خۆی به دور له شه‌ڕ و یه‌كترکوژی به‌ڕێوه‌ببات. نیازی خه‌ڵکی کورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی بۆ دونیا رونه. به‌ڵام حوکمکردنی خود یان هه‌بونی توانا بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خود بەشێوازێکی سه‌رده‌میانه‌ی، مه‌ده‌نیانه‌ی دیموکراسیانه، هێشتا تاقینه‌كراوه‌ته‌وه؛ به مانایه‌كی تر حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هێشتا ئه‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌ی تێنه‌په‌ڕاندوه‌ له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا. ئایا ‌تائێستا حکومه‌تی هه‌رێم پێشانی داوه که به توانایه له‌وه‌ی حکومڕانی خۆی بکات بەشێوازێکی سه‌رده‌میانه‌ی دیموکراسی سه‌قامگیر؟ ئه‌مه تاقیکردنه‌وه‌یه‌كه سیسته‌می سیاسی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمدا تاقیده‌كاته‌وه.


ئایا ئێستا چی له ئارادایه؟

سه‌ره‌تا ده‌بێت سیناریوکان وێنان بکه‌ین؛ ئایا ئه‌گه‌ر سه‌رۆک بەجۆرێک له جۆره‌كان هه‌‌وڵی مانه‌وه‌‌ی خۆیدا، ئه‌وا یان قبوڵ ده‌كرێت یان قه‌یران و پشێوی له هه‌رێم دێته ئاراوه.  له دۆخی قبوڵکردندا، که به هیچ شێوه‌یه‌ك ئاسان نیه، ئه‌وا په‌یامێک بۆ ده‌ره‌وه ده‌نێردرێت که سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم، نه‌گۆڕا، له ساته‌‌وه‌ختێکدا که ده‌بو بەپێی ده‌ستور، خواستی خه‌ڵك، بنه‌مای شه‌رعیه‌ت بگۆڕدرایه. ئه‌گه‌ر بێتو مه‌سعود بارزانی بۆ هه‌شت ساڵی تر ببێته‌وه به سه‌رۆکی هه‌رێم، ئه‌وا لەهه‌ر جێگایه‌كی دونیا باس له دیموکراسی بکات، له‌کاتێکدا ئه‌و خۆی شانزده ساڵ له پۆستی سه‌رۆکایه‌تیدا بوه، به لای هه‌مو که‌سێکه‌وه ده‌ربرێنێکی به‌تاڵه‌ له مانا، بگره پڕه له دوفاقی. له هیچ سیسته‌مێکی سیاسیدا نیه، که خۆی به دیموکراسی ناوزه‌د بکات، تاکه که‌سێک به به‌هانه‌ی جیاواز زیاتر له سی ساڵ له پۆستی سه‌رۆکدا بێت.

به‌ڵام سیناریۆی دوه‌م که زیاتر ئه‌گه‌ره، زیاتر ترسناکه. خۆسه‌پاندنی بارزانی بۆ سێباره‌كردنه‌وه، ئه‌وا ئه‌گه‌رێکی زۆری هه‌یه که ببێته مایه‌ی پشێوی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم. له دۆخێکی وه‌هادا هه‌رێمی کوردستان به زه‌قی به هه‌مو دونیای ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌لمێنێت که له یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌ی دیموکراسیدا شکستی هێنا. چونکه له رۆژی دروستبونی حکومه‌تی هه‌رێمه‌وه هه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌مه یه‌که‌م ساته‌وه‌خته که ده‌بێت سه‌رکرده‌یه‌ك ده‌ستاوده‌ستی ده‌سه‌ڵات بکات، به‌ڵام به‌ڕێوه‌نه‌چو. ئه‌نجام نه‌دان یان رێگرتن له ده‌ستاوده‌ستکردن مانای ئه‌وه‌یه که به هیچ شێوه‌یه‌ك دیموکراسی له ئارادا نیه. کرۆکی دیموکراسی ده‌ستاوده‌ستکردنی ده‌سه‌ڵاته نه‌ك هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی هه‌مان که‌س تا رۆژی حه‌شر.

به هه‌ر جۆرێک سه‌رۆکی ئێستا بمێنێته‌وه له پۆسته‌که‌یدا په‌یامێک بۆ هه‌مو وڵاتان و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌كان ده‌نێرێت، که هه‌رێمی کوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی نیه له وڵاتانی تری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که سه‌رتاپایان به ده‌ست ناسه‌قامگیری و قه‌یرانه‌وه ده‌ناڵێنن.

حکومه‌تی هه‌رێم زۆر هه‌وڵی داوه که وێنایه‌ك بۆخۆی دروست بکات که گوایه له ئه‌وانی تر ناچێت، به‌ڵام رۆژ له دوای رۆژ هه‌تا بێت وه‌ك وڵاتانی تری نادیموکراسی ناوچه‌که‌ی لێدێت. بەجۆرێک ئێستا به فه‌رمی خه‌ونی حکومه‌تی هه‌رێمه که ببێته وڵاتێکی نادیموکرات، وه‌ك له نمونه‌ی به دوبه‌ی بونی هه‌ولێردا ده‌یبینین.  لەپێناوی ئه‌وه‌ی هه‌رێم نه‌بێته کیانێکی کاریکاتێری له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تیه‌کاندا ته‌نها ئه‌وانه پشتگیری بکه‌ن که به پاره‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌م چه‌ور کراون، ئه‌وا ده‌بێت رێگه له خواستی خه‌ڵک و ده‌ستاود‌ه‌ست کردنی ده‌سه‌ڵات نه‌گیرێت.

رێگه‌گرتن له دیموکراسی، یان پینه‌وپه‌ڕۆکردنی پرۆسه‌ی دیموکراسی دژ به خواستی خه‌ڵك، ده‌بێت هۆی له گۆڕنانی یه‌كجاری خه‌ونی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر به‌هانه‌ی پارتی بۆمانه‌وه‌ی سه‌رۆک پلانه‌كانیه‌تی ئه‌وا ره‌نگه بهپێچه‌وانه‌وه مانه‌وه‌ی سه‌رۆک دژ به خه‌ونی گه‌وره‌ی کوردبێت به سه‌ربه‌خۆییه‌وه.

له‌سایتی (سبه‌ی) وه‌رگیراوه‌

خوێندراوەتەوە1162