د. سه‌ردار عه‌زیز

رۆژی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریه له جیهاندا‌

ئه‌مرۆ رۆژی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریه له جیهاندا

پیرۆزبایی له هه‌موو رۆژنامه‌نوسێکی راسته‌قینه ئه‌که‌م.

رۆژنامه ئامراز و دیارده‌یه‌كی بێ ئه‌ندازه گرنگه بۆ کۆمه‌ڵگا. بۆ من کرۆکی رۆژنامه‌گه‌ری بریتیه له خولقاندنی پانتاییه‌ك؛ که کۆمه‌ڵگا بتوانێت تیایدا خۆی ببینێت، دان به کار و کردار و خه‌ون و نیاز و پلانه‌كانیدابنێت. رۆژنامه پانتایی گشتیه که تیایدا، له رێگای گێڕانه‌وه‌ی رووداو ڕا و راپۆرت و بۆچونه‌كانه‌وه، گشت له گشت ئاگادارده‌بێته‌وه. ئامرازێکه که ئاگادارت ده‌كاته‌وه له رووداوی رۆژ بۆئه‌وه‌ی ببیته به‌شێک له کاتی سه‌رده‌م. هه‌روه‌ها جێگایه‌كه بۆ دانپیانان، وئاشکراکردن، روپۆش هه‌ڵماڵین له سه‌ر شاراوه‌كان.

کرداری پێشاندان، که کرۆکی رۆژنامه‌گه‌ریه، کردارێکی زێده مه‌ترسیداره، به‌تایبه‌ت کاتێک ئه‌م پێشاندانه، پێشاندانی سروشتی به‌ریوه‌چوونی ده‌سه‌ڵاته به خه‌ڵكی. ده‌سه‌ڵات که ژیاری خه‌ڵكی به‌ریوه‌ده‌بات، ئاره‌زوی وایه که به نهێنی کاره‌كانی ئه‌نجامد بدات. کاری رۆژنامه‌گه‌ری شه‌ره دژ به‌م نهێنی-گه‌رایه.

به‌ڵام ده‌بێت له‌وه‌ش ئاگاداربین کاتێک ئه‌مه کرۆکی رۆژنامه‌گه‌ریه، ئه‌وا ده‌سه‌ڵات رۆژنامه‌ی تایبه‌تی خۆی داده‌مه‌زرێنێ که کاری شاردنه‌وه‌ی نهێنی بێت. شاردنه‌وه‌ی نهێنی له رێگای رۆژنامه‌وه به شێوازی ئاڵۆز به‌رێوه‌ده‌چێت.

به هه‌رحاڵ رۆژنامه‌گه‌ری کوردی وه‌ك ده‌ڵێن سه‌دو نازانم چه‌ند ساڵه‌ بوونی هه‌یه به‌ڵام هێشتا ساوایه. گه‌ر له رابووردوودا کورد خۆی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات نه‌بووه ئه‌وا رۆژنامه‌گه‌ری به گشتی شێوازی پروپاگه‌نده‌ و به‌رگریکردن و جۆشدانی به ئه‌رکی خۆی زانیوه، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا، ئاسان نیه بۆی نهێنیه‌كانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌ڵماڵێت. به تایبه‌تی رۆژنامه دیارده‌یه‌كی مۆدرێنه که ده‌سه‌ڵات تیایدا فراوان و کراوه‌یه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی کوردی ته‌سک و قۆزاخه ئاسایه.

خوێندراوەتەوە565