د. سه‌ردار عه‌زیز

چۆن به‌رگری بکه‌ین؟‌

بێگومان به‌رگریکردن چ له رووی کردار و چ له رووی تیوره‌وه زێده ئاڵۆزه. ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه ئاماژه‌ی پێبده‌م سه‌رنجێكه‌، که تا ئاستێکی زۆر ده‌گه‌رێته‌وه بۆ فه‌یله‌سوفی یاخی ئه‌ڵمانی فردرێک نیتچه. له کتێبی ئه‌ودیو چاکه و خراپه، له به‌شی چواردا نیتچه دێرێکی سه‌رنجراکێشی هه‌یه.

ئه‌م به‌شه‌ی کتێبه‌كه پێکهاتووه له 185 کورته رسته‌ی ئه‌فۆریزم ئاسا. له دێڕی 146دا نیتچه ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی که دژ به دڕنده تێده‌کۆشیت ده‌بێت به ئاگابێت نه‌بێت دڕنده. پاشان له ته‌نیشت ئه‌م رسته‌وه وه‌ك جۆرێک له ته‌واوکه‌ر نیچه ده‌ڵێت؛ گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له نشێوی بنواڕیت ئه‌وا له ئه‌نجامدا نشێویش له تۆ ده‌روانێت.


هه‌ردوو رسته‌كه پێکه‌وه به مانای ئه‌وه‌دێت کاتێک رووبه‌رووی نه‌یارێک ده‌بیته‌وه ده‌بێت ئاگات له خۆی بێت له میانه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌دا نه‌چێته پێستی نه‌یاره‌كه‌وه.

یان ره‌فتاری ناشایسته‌ی نه‌یاره‌كه نه‌تخاته دۆخێکی وه‌هاوه که وه‌ك ئه‌و مامه‌ڵ‌ بکه‌یت. ئه‌مه دۆخی به‌رگری سه‌خت ده‌كات به تایبه‌ت کاتێک که نه‌یار هه‌موو ره‌فتارێکی نه‌شیاو به‌کارده‌بات. ره‌نگه بتوانین به‌م دیارده‌یه بڵێین وه‌ك ئه‌ویتر لێهاتن یان چونه پێستی ئه‌ویتر.
 
ئه‌مه وه‌هاده‌كات که هه‌میشه به‌رگری دوو ئاستی هه‌یه ئاستێک دژ به هه‌ڵچوون و له ده‌ستدانی ئاگایی خود، ئاستێکی تر به‌رگریکردن دژ به نه‌یار. بۆیه گرنگه له ئاگایی که‌سی به‌رگریکه‌ردا ئه‌و دیده به زیندووی بمێنێته‌وه که ئه‌و بۆیه ده‌جه‌نگێ بۆئه‌وه‌ی له ئه‌و نه‌چێت، وه‌ك ئه‌وی لێنه‌یه‌ت، نه‌بێته ئه‌وی نه‌یار. ئه‌مه بنه‌مای ره‌هه‌‌ندی ئه‌خلاقی به‌رگریکردنه.

ئاڵۆزی ئه‌م دیارده له‌وه‌دایه که کاتێک نه‌یار به کارێک هه‌ڵده‌ستێت تۆش له به‌رامبه‌ردا بێیت هه‌وڵ بده‌ی به هه‌مان کار یان به کارێکی له هه‌مان شێوه هه‌ستیت. دیاره هه‌میشه ئاسانه بۆئه‌‌وه‌ی ره‌وایی به خۆت بده‌ی به‌وه‌ی مافی ئه‌وه‌ت هه‌یه که تۆڵه بکه‌یته‌وه، که وه‌ك چۆن نه‌یار مامه‌ڵه‌ت له گه‌ڵدا ده‌كات تۆش به هه‌مان شێوه‌بیت.

لێره‌دا ره‌نگه پێداویستیه‌كانی به‌رگری ناچارت بکات به کارێکی وه‌ها به‌ڵام مه‌ترسی ئه‌وه دێته ئاراوه که به‌رگری چیدی مانای نامێنێت چونکه له ئه‌نجامدا دوو دژی وه‌ك یه‌ك له گه‌ڵ یه‌كدا له ململانێندان نه‌ك دوو دژی جیاواز.

له هه‌مانکاتدا گه‌ر له رووی ئه‌خلاقی سیاسیه‌وه لێی بنوارین ده‌بێت لایه‌نی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات هێنده ئه‌خلاق له ده‌ست نه‌دات که به‌رامبه‌ر ناچار بکات به کاری دژ به باوه‌ڕی خۆی. چونکه ئه‌و کاته هه‌موو شتێک له کۆمه‌ڵگادا د‌ه‌مرێت و توندوتیژی و بێ به‌هایی ده‌بێته پرینسیپی باڵا.

خوێندراوەتەوە777