د. سه‌ردار عه‌زیز

دیسانه‌وه بارزانی‌

له وتاره‌كه‌یدا به بۆنه‌ی درێژکردنه‌وه‌ی حوکمی خۆی بارزانی وه‌ك هه‌میشه له سه‌ره‌تاوه به کۆمه‌ڵێک رسته‌ی سوز وروژێنه‌ر ده‌ستی پێکرد. پاشان باسی پێشمه‌‌رگایه‌تی خۆی هێنایه ئاراوه. یه‌ڤگینی پریماکۆڤ له کتێبی روسیا و عه‌ره‌به‌كان ده‌گێڕێته‌وه که له کاتی سه‌ردانیدا بۆ لای بارزانی له گه‌ڵ خۆی دوو کاتژمێری بۆ مه‌سعود و ئیدریس بردوه وه‌ك دیاری، به‌ڵام که ده‌گاته لایان بۆی ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وان سه‌عاتی سویسری زۆر گرانبه‌هایان له ده‌ستدایه. ئاوابووه پێشمه‌رگایه‌تیه‌كه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم پڕ خشڵ و زێر و ئه‌ڵماس.

وتاره‌كه هه‌‌ندێک خاڵی زه‌قی تیادایه

یه‌كه‌م، بارزانی له وه‌سفی ئه‌وانه‌دایه که له گه‌ڵیدا ته‌بان و نه‌یاری ئه‌وانه‌یه که ڕای جیاوازیان هه‌یه. به جۆرێک هه‌ست به خیتابێکی حیزبی به‌رته‌‌سک ده‌كرێت نه‌ک دیدی پیاوی ده‌وڵه‌ت، یان سه‌رۆک.

دووه‌م، له چه‌ندین جێگادا هێرش ده‌كاته سه‌ر ئۆپۆزسیون، تاوانباریان ده‌كات به‌‌وه‌ی رازی نین. ئۆپۆزسیون رازیکردن نه‌رێتێکی نادیموکراسیه. ئۆپۆزسیون بۆیه ئۆپۆزسیونن چونکه ده‌یانه‌وێت سه‌رتاپا سیسته‌می حکوم به جۆرێکی تربێت. هه‌بوونی زیاد له شێوازێک له حکوم له کۆمه‌ڵگادا تاکه کۆڵه‌كه‌ی پته‌وکردنی دیموکراسیه، نه‌ک رازیکردنی هه‌موان به یه‌ك شێواز.

سێیه‌م، سه‌رۆکی هه‌رێم هه‌وڵی دا به هه‌موو شێوه‌یه‌ك خۆی له هه‌‌موو به‌رپرسیارێتیه‌ك بێ به‌ری بکات و هه‌موو کاره‌كان بخاته ئه‌ستۆی ئه‌وانیتر. له کاتێکدا هه‌موو کاره‌كان له خزمه‌تی که‌سی ئه‌ودان پێش هه‌موو که‌‌سێک. ئیمزانه‌کردنی له هه‌مانکاتدا ده‌چێته خانه‌ی ئه‌م خۆ دزینه‌وه له به‌رپرسیارێتی. ئه‌م یاری خۆبه‌ریکردنه گومان ده‌خاته سه‌ر هه‌موو شتێک له وتاره‌كه‌دا که ئه‌گه‌ر تۆزقاڵێک بۆنی ئه‌رێی لێبێت. به‌م پێیه له داهاتوودا به‌پێی هه‌مان میکانیزم هه‌تا بیه‌وێت درێژه به ده‌سه‌ڵاتی ده‌دات، که یانی سه‌رۆکی هه‌تا هه‌تایی. چونکه چۆن ئێستا ده‌ڵێت پێیانکردم، له داهاتوشدا هه‌مان بیانو به‌كارده‌باته‌وه.

چوارهه‌م، سه‌رۆکی هه‌رێم بۆ یه‌که‌مجار هه‌ندێک دێر ده‌ڵێت که ده‌كرێت به گومانێکی زۆره‌وه وه‌ك پۆزه‌تیف ته‌ماشابکرێت. ووتنی ئه‌م دێرانه به‌رئه‌نجامی هه‌‌وڵی ئۆپۆزسیون و ناره‌زایی خه‌ڵكه. ده‌بێت ئه‌م دێڕانه بکرێن به ماڵ به سه‌ر سه‌رۆکه‌وه: خۆ هه‌ڵنه‌بژاردنه‌وه‌ی وه‌ك سه‌رۆک، گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌ستور، دیاریکردنی ماوه‌ی کاتی بۆ که‌متر له ساڵێک به مه‌رجێک نه‌به‌سترێت به سازش له سه‌ر ده‌ستور. له‌و ماوه‌ دیاریکراوه‌دا گه‌ر بارزانی توانی ده‌ستور سازپێبکات سه‌رۆکایه‌تی ته‌واوده‌بێت، گه‌ر سه‌رکه‌‌وتووش نه‌بوو هه‌ر ماوه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت.

پێنج، یه‌کێتی بێ پارتی پێیناکرێت، پارتی بێ یه‌کێتی پێی ناکرێت. به‌ڵام له‌م هاوکێشه‌یه‌‌دا یه‌کێتی یاساشکێن و کوده‌تاچی و سه‌رۆک په‌رست و داهێنه‌ری هه‌موو خولقێکی نادیموکراسیه. کاتی ئه‌وه هاتوه خه‌ڵكی کوردستان ئه‌م هه‌موو پێشلکاریه له یه‌کێتی قبوڵ نه‌كه‌ن. به‌تایبه‌ت ئێستا یه‌كیتی ئاشکرا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات ته‌نها بۆ فریودانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی بۆماوه‌یه‌كی کاتی وه‌ك شانۆگه‌ریه‌ک له پارتی دوور ده‌كه‌وێته‌وه، له هه‌مانکاتدا هه‌ر له ئێستاوه بریار دراوه که پاش هه‌ڵبژاردن بگه‌رێته‌وه بۆ دۆخی جارانی.

شه‌ش، وتاره‌که هاوتایه له گه‌ڵ جۆرێک وتاری تایبه‌ت له ته‌مه‌نی سه‌رۆکه ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان. له رۆژانی شۆرشی ئێران، شا وتارێکی پێشکه‌شکرد که خۆی له شای شاکانه‌وه کرد به ته‌نها شا، هه‌مان جۆری گوتار له جێگاکانی تر ده‌بینرێت. مه‌سعود به‌رزانی له دوا وتاریدا له سه‌رۆکی کوردستانه‌وه بوو به سه‌رۆکی کاتی، بۆ راپه‌راندنی کارێکی تایبه‌ت، پاش ئه‌وه ته‌واو. ئه‌م کاتیه ده‌بێت به فشار بکرێت به‌كاتی ئه‌گینا به کاتی زۆر ئاسان ده‌كرێت به هه‌میشه‌یی.


ئاوێنه‌

خوێندراوەتەوە822