ته‌ندروستی

سورێژە هەڕەشە لە جیهان دەکات

نەخۆشی سورێژە لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا بڵاودەبێتەوە و ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشداری دەدات لە هەڵكشانی ژمارەی توشبووان.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاشكرای دەكات لە چەند وڵاتێكی ئەوروپا 500 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی سورێژە تۆماركراوە، لەو ژمارەیەش 474 حاڵەتیان لە حەوت وڵاتدان كە ئەوانیش بریتین لە ئیتاڵیا و فەرەنسا و سویسرا هەروەها پۆڵەندا و ڕۆمانیا و ئەڵمانیا و ئۆكرانیا.

بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوەكە زۆرینەی حاڵەتەكانی توشبوون لە ئیتاڵیا تۆماركراوە كە ژمارەیان 238 حاڵەت بووە، هەروەها لە ڕۆمانیا لەسەرەتای ساڵی 2016وە تا ئێستا 17 كەس بەهۆی نەخۆشییەوەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی هۆكاری هەڵكشانی ژمارەی توشبووانەوە باسی لەوە كردووە كە نەبونی هۆشیاری و خۆنەكوتان دژی ڤایرۆسەكە هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیەیە لەو وڵاتەنەدا، داواشی لە لایەنە بەرپرسەكانی هەر وڵاتێكیش كردووە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو نەخۆشییە.

سورێژە لەڕێی جۆرە ڤایرۆسێكەوە توشی مرۆڤ دەبێت و بەهۆیەوە ئەو كەسە پلەی گەرمی لەشی بەرزدەبێتەوە و پێستی توشی سوربونەوە دەبێت، بەپێی ئامارەكانیش لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا نزیكەی 134 هەزار كەس لە وڵاتانی جیهانی بەهۆی سورێژەوە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەیان منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵن


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1656