ته‌ندروستی

هەرێمی كوردستان؛ 99 هەزار كەس بەدەست شەكرەوە دەناڵێنن

ئەمڕۆ 14ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانی نەخۆشی شەكرەیە، كە یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و ساڵ لەدوای ساڵ ژمارەی توشبووانی زیاد دەكات، ئەمە جگە لەوەی ساڵانە بە ملیۆنان كەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەمساڵدا یادی ڕۆژی جیهانی شەكرە لەژێر ناوی (گرنگی پشكنین بۆ زوو دەستنیشاكردنی شەكرە) دەكاتەوە و دەیەوێت لەو ڕێگایە هاوڵاتیانی جیهان زیاتر هۆشیار بكاتەوە سەبارەت بە مەترسییەكانی شەكرە گرنگی ئەنجامدانی پشكنین بۆ ئەوەی لەكاتی توشبوون بەو نەخۆشییە بە زوترین كات كەسی توشبوو چارەسەر وەربگرێت.

بەپێی دواین ئاماری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ژمارەی توشبووان بەو نەخۆشییە لە ساڵی 2015دا 400 ملیۆن كەس بووە، لەو ژمارەیەش پێنج ملیۆنیان بەهۆی كاریگەرییەكانی شەكرەوە گیانیان لەدەستداوە، پێشبینش دەكرێت لە ساڵانی داهاتوودا ژمارەی توشبووان بە نەخۆشییەكە لە هەڵكشاندا بێت و لەساڵی 2040دا بگاتە 642 ملیۆن كەس كە زۆرینەی توشبووانیش خەڵكی وڵاتە دواكەوتووەكانی جیهانن.

بێگومان هەرێمی كوردستانیش لە توشبووانی شەكرە بەدەر نییە و بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 99 هەزار كەس لە كوردستاندا بەدەست نەخۆشی شەكرەوە دەناڵێنن و بەردەوام پێویستیان بە چاودێری تەندروستی و بەكارهێنانی چارەسەر هەیە.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1456