ته‌ندروستی

موسڵ؛ كەرتی تەندروستی لە خراپترین دۆخدایە

موسڵ كە دووەم گەورەترین  شاری عێراقە، ماوەی دوو ساڵە لەژێر دەسەڵاتی چەكدارە تیرۆریستەكانی داعشدایە و لەو كاتەشەوە كەرتی تەندروستی لەو شارە لە خراپترین دۆخدایە.

بەپێی هەواڵی چەند میدیایەكی عێراقی دۆخی تەندروستی لەناو شاری موسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری كە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە، لە بارێكی خراپدایە و نەخۆشخانەكان ناتوانن خزمەتگوزاری پێویست پێشكەش بە هاوڵاتیان بكەن.

بەپێی لێدوانی چەند پزیشكێكی ناو شارەكە لەئێستادا خەڵكی موسڵ ناتوانن چارەسەری پێویستی نەخۆشەكانیان بكەن، چونكە دەرمان و كەرەستەی پێویستی پزیشكی لە نەخۆشخانەكاندا نەماوە، چەكدارانی داعشیش نەخۆشخانەكان ناچار دەكەن چارەسەرەكان بۆ ئەو چەكدارانەیان بەكاربهێنن كە لە هێرشەكاندا بریندار دەبن.

یەكێكی تر لەو كێشانەی ڕووبەڕووی كەرتی تەندروستی موسڵ بۆتەوە كەمی پزیشكی پسپۆڕی بوارە جیاوازەكان بەو پێیەی بەشێكی زۆری پزیشكە ناسراوەكان دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر شارەكەدا گرت، موسڵیان جێهێشتووە.

ئەمە جگە لەوەی چەكدارانی داعش باجێكی زۆریان خستۆتە سەر ئەو دەرمان و چارەسەرانەی هاوردە دەكرێت، ئەمەش وایكردووە چارەسەر و دەرمانەكان زۆر كەم بن و ئەوانەش كە دەست دەكەون نرخیان زۆر گران بێت..


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1863