ته‌ندروستی

سوید؛ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ پزیشكی‌ به‌خشرایه‌ زانایه‌كی‌ ژاپۆنی‌

خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ پزیشكی‌ ئه‌مساڵ به‌خشرایه‌ زانایه‌كی‌ ژاپۆنی‌ له‌ به‌رامبه‌ر داهێنانه‌كانی‌ له‌ بواری‌ خۆكوشتنی‌ خانه‌ زیانبه‌خشه‌كانی‌ له‌شی‌ مرۆڤ.

له‌ ڕێوڕه‌سمێكدا ئه‌میندارێتیی‌ نۆبڵ له‌ په‌یمانگای‌ كارۆلینسكای‌ سوید, بڕیاریدا به‌ به‌خشینی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ پزیشكی‌ به‌ یۆشینیۆری‌ ئۆسومی‌, زانای‌ ژاپۆنی‌ و داهێنه‌ر له‌بواری‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ له‌سه‌ر خۆكوشتنی‌ خانه‌ زیانبه‌خشه‌كانی‌ له‌شی‌ مرۆڤ كه‌ په‌یوه‌ندیی‌ به‌ نه‌خۆشییه‌كانی‌ ئیفلیجبوون و شه‌كره‌ و شێرپه‌نجه‌وه‌ هه‌یه‌.

 یۆشینیۆری‌ ئۆسومی‌ ساڵی‌ 1945 له‌ ژاپۆن له‌دایكبوه‌ و مامۆستای‌ په‌یمانگای‌ تۆكیۆیه‌ بۆ ته‌كنه‌لۆژیا.

ئه‌وه‌ش به‌ 107مین خه‌ڵاتی‌ بواری‌ پزیشكی‌ داده‌نرێت له‌ سه‌ره‌تای‌ دابه‌شكردنی‌ خه‌ڵاته‌كانی‌ نۆبڵه‌وه‌ له‌ ساڵی‌ 1905, ساڵی‌ ڕابردووش 3 زانا به‌ هاوبه‌شی‌ خه‌ڵاته‌كه‌یان پێ به‌خشرا له‌ به‌رامبه‌ر داهێنانه‌كانیان بۆ په‌ره‌پێدانی‌ چاره‌سه‌ری‌ نه‌خۆشیی‌ مه‌لاریا.

بڕیاریشه‌ سبه‌ینێ سێشه‌ممه‌ براوه‌ی‌ خه‌ڵاتی‌ نۆبڵی‌ فیزیا ئاشكرا بكرێت و ڕۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ش نۆبڵی‌ كیمیا ببه‌خشرێت, دواتر و ڕۆژی‌ هه‌یینیش خه‌ڵاتی‌ نۆبڵ بۆ ئاشتی‌ ئاشكرا ده‌كرێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە651