جیهان

واشنتۆن: ئه‌مریكا لیستی‌ پۆتنی‌ بۆ سزادانی‌ لێپرسراوان ‌و سه‌رمایه‌دارانی‌ روسیا راگه‌یاند

ڤلادیمێر پۆتن: له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ منی‌ تێدا نییه‌ هه‌ستده‌كه‌م سوكایه‌تیم پێكراوه‌ ‌

ئیداره‌ی‌ ئه‌مریكا لیستێكی‌ به‌ ناوی‌ 114 به‌رپرسی‌ حكومه‌تی‌ روسیا ‌و سه‌رمایه‌داری‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌ناوی‌ لیستی‌ پۆتن راگه‌یاند، وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ تۆمه‌ته‌كانی‌ ده‌ستوه‌ردانی‌ مۆسكۆ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2016. ڤلادیمێر پۆتنی‌ سه‌رۆكی‌ روسیاش راگه‌یاندنی‌ لیسته‌كه‌ به‌ هه‌نگاوێكی‌ دوژمنكارانه‌ له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات. چاودێرێكی‌ سیاسیش پێی‌ وایه‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌و لیسته‌ له‌ئێستادا خزمه‌ت به‌بانگه‌شه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ پۆتن ده‌كات.

ڤلادیمێر پۆتن سه‌رۆكی‌ روسیا رایگه‌یاند: لیستی‌ پۆتن كه‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ تره‌مپه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌ ‌و ناوی‌ لێپرسراوانی‌ باڵاو كه‌سایه‌تییه‌كانی‌ روسیای‌ تێدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه‌ سزا بدرێن وه‌كو وه‌ڵامێك بۆ ده‌ستوه‌ردانی‌ مۆسكۆ له‌هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ 2016، هه‌نگاوێكی‌ دوژمنكارانه‌.

 له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ تایبه‌ت به‌هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ روسیا  له‌مۆسكۆی‌ پایته‌خت، كه‌ مانگی‌ ئازاری‌ داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پۆتن به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی‌: هه‌ستیكردوه‌ سوكایه‌تی‌ پێكراوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ له‌ لیسته‌كه‌دا نییه‌.

سه‌رۆكی‌ روسیا كه‌ دیارترین كاندیدی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی‌ مانگی‌ ئازاره‌  وتیشی‌: مۆسكۆ نایه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ واشنتۆن ئاڵۆزتر بكات ‌و هه‌وڵده‌دات بۆ باشكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان، هێنده‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌  هاوتا ئه‌مریكییه‌كانیان هه‌وڵی‌ بۆ ده‌ده‌ن.

چاودێرێكی‌ سیاسی‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و لیسته‌ی‌ له‌لایه‌ن ئیداره‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكاوه‌ راگه‌یه‌نراوه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی‌ ئێستای‌ مه‌ترسی‌ زۆری‌ نابێت بۆ سه‌ر كرملین.

ئه‌ندرێ‌ كۆلێسنیكۆڤ چاودێری‌ سیاسی‌ له‌ لقی‌ مۆسكۆی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ كارنیگی‌ ده‌ڵێت:  پێشبینی‌ ده‌كرد لیسته‌كه‌ ورده‌كاری‌ زیاتری‌ له‌خۆ بگرتایه‌.

ئه‌ندرێ‌ كۆلێسنیكۆڤ - چاودێری‌ سیاسی‌ له‌ لقی‌ مۆسكۆی‌ دامه‌زراوه‌ی‌ كارنیگی‌، وتی؛ ئه‌م لیسته‌ له‌ لیستی‌ ته‌له‌فۆنی‌ ئیداره‌ی‌ سه‌رۆك، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ روسیا ده‌چێت، لیستێكی‌ بیرۆكراسی‌  شتێكی‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ پێموابوو ده‌بوایه‌ زیاتر ئاڵۆزبوایه‌‌و بایه‌خی‌ زیاتر به‌ورده‌كاری‌ بدرایه‌. له‌م فۆرمه‌یدا، لیسته‌كه‌ مه‌ترسی‌ زۆری‌ بۆ سه‌ر ئه‌م سیستمه‌ نابێت.

كۆلێسنیكۆڤ له‌و بڕوایه‌دایه‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م لیسته‌ خزمه‌ت به‌ بانگه‌شه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ڤلادیمێر پوتنی‌ سه‌رۆكی‌ روسیا ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ ده‌بێته‌ دروستكردنی‌ هێستریایه‌ك له‌دژی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ روسیا.

ئه‌ندرێ‌ وتیشی؛ هستریایه‌ك دروست ده‌بێت، هستریایه‌ك له‌دژی‌ ئۆپۆزسیۆن.  ئه‌وان به‌ئاگر‌و توڕه‌ییه‌وه‌ به‌ره‌نگاری‌ سه‌ركرده‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌ تابوری‌ پێنجه‌م ناویان ده‌به‌ن،  یان پێیان ده‌ڵێن به‌كرێگیراوانی‌ بیانی‌. ئه‌مه‌ پاساوێكی‌ تر ده‌بێت بۆ ئه‌و كاره‌. ئه‌مه‌ دیارییه‌كه‌ بۆ پوتن له‌كاتی‌ بانگه‌شه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا.

ئێواره‌ی‌ دووشه‌ممه‌ ئیداره‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا لیستێكی‌ به‌ ناوی‌ به‌رپرسان و سه‌رمایه‌دارانی‌ روسیا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ كۆنگرێس داواده‌كات به‌هۆی‌ ده‌ستتوه‌ردانی‌ مۆسكۆ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ 2016 ی‌ ئه‌مریكا سزایان به‌سه‌ردا بسه‌پێندرێت. 

لیسته‌كه‌ی‌ ئه‌مریكا 114 به‌رپرسی‌ حكومه‌تی‌ روسیا و 96 سه‌رمایه‌داری‌ له‌ خۆگرتووه‌ و دیمتری‌ مێدڤێدێڤ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ روسیا و سێرگی‌ لاڤرۆڤ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ و جێگری‌ سه‌رۆك وه‌زیران و چه‌ندین وه‌زیری‌ تری‌ حكومه‌تی‌ روسیا ناویان له‌ لیسته‌كه‌دایه‌.

تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە2012