جیهان

ئێران: بۆ یه‌كه‌مجار كه‌ڕوبی‌ ره‌خنه‌ له‌ خامنه‌یی ده‌گرێت

كه‌ڕوبی‌: خامنه‌یی ده‌ستوری‌ پێشێلكردووه‌‌

مه‌هدی‌ كه‌ڕوبی‌ كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ناوخۆی‌ ئێران بۆ جاری‌ یه‌كه‌م ره‌خنه‌ی‌ توند له‌ عه‌لی‌ خامنه‌یی رابه‌ری‌ باڵای‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ده‌گرێت.

له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ یه‌كێك له‌ سایته‌كانی‌ نزیك له‌ خۆی‌ بڵاوكرایه‌وه‌، مه‌هدی‌ كه‌ڕوبی‌ رایگه‌یاند، خامنه‌یی ده‌ستوری‌ پێشێلكردوه‌ و به‌رپرسیاره‌ له‌ ئه‌نجامی‌ كاره‌ساتباری‌ هه‌ژمونی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ گه‌وره‌ی‌ سوپای‌ پاسداران.

له‌ نامه‌كه‌دا كه‌ڕوبی‌ داوا له‌ خامنه‌یی ده‌كات فه‌رمان به‌ سوپای‌ پاسداران بكات ده‌ست له‌ ئابوری‌ ئێران هه‌ڵبگرێت.

مه‌هدی‌ كه‌ڕوبی‌ له‌گه‌ڵ میر حسێن موسه‌ویدا كه‌ به‌ دوو سه‌ركرده‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ سه‌وز له‌ ئێران ئه‌ژمار ده‌كرێن له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ساڵی‌ 2009 وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ ئێرانه‌وه‌ ماڵبه‌ند كراون.

قسه‌كانی‌ كه‌ڕوبی‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌پێی‌ یاساكان له‌ ئێران، هه‌ر كه‌سێك به‌شێوه‌ی‌ ئاشكرا ره‌خنه‌ له‌ رابه‌ر بگرێت سزای‌ زیندانیكردنی‌ به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1690