جیهان

سۆچی‌: كۆنگره‌كه‌ به‌ كێشمه‌كێش و ده‌مه‌قاڵێ‌ ده‌ستیپێكرد

كۆنگره‌ی‌ سۆچی‌ له‌ روسیا به‌ كێشمه‌كێش و ده‌مه‌قاڵێ ده‌ستیپێكرد، به‌هۆی‌ دانانی‌ ئاڵای‌ حكومه‌تی‌ سوریا له‌ فڕۆكه‌خانه‌، نوێنه‌رانی‌ وه‌فدی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا بڕیاریاندا به‌شداری‌ كۆنگره‌كه‌ نه‌كه‌ن و به‌ فڕۆكه‌یه‌ك به‌ره‌و توركیا بگه‌ڕێنه‌وه‌، كوردیش هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ربڕینی‌ ناڕه‌زایی‌ له‌دژی‌ له‌شكركێشی‌ توركیا بۆسه‌ر عه‌فرین كۆنگره‌كه‌ی‌ بایكۆت كردوه‌.

به‌پێی‌ نوێترین زانیارییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا كۆنگره‌كه‌ی‌ بایكۆت كردوه‌، به‌ڵام وه‌فدی‌ توركیا له‌ كۆنگره‌كه‌دا نوێنه‌رایه‌تی‌ ئۆپۆزسیۆنیش ده‌كات.

دواجار كۆنگره‌ی‌ دیالۆگی‌ نیشتیمانی‌ سوریا له‌ شاری‌ سۆچی‌ له‌سه‌ر ده‌ریای‌ ره‌ش ده‌ستیپێكرد، به‌ڵام كۆنگره‌كه‌ به‌ ده‌ستپێكێكی‌ خراپ ده‌ستیپێكرد.

ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا كه‌ به‌ فڕۆكه‌ له‌ توركیاوه‌ هاتبوون، له‌كاتی‌ دابه‌زینیان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سۆچی‌ توڕه‌بون و نیگه‌رانییان ده‌ربڕی‌ به‌هۆی‌ دانانی‌ ئاڵا و لۆگۆی‌ حكومه‌تی‌ سوریا له‌ به‌شی‌ پێشوازیكردنی‌ فڕۆكه‌خانه‌كه‌دا، به‌وهۆیه‌وه‌ ره‌تیانكرده‌وه‌ له‌ ده‌رگای‌ فڕۆكه‌خانه‌ بچنه‌ده‌ره‌وه‌.

یه‌كێك له‌ ئه‌ندامانی‌ وه‌فدی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ ناوی‌ ئه‌حمه‌د بڕی‌ كه‌ پێشتریش به‌شداربوه‌ له‌ دانوستانه‌كانی‌ ئاشتی‌ له‌ ئه‌ستانه‌ی‌ پایته‌ختی‌ كازاخستان له‌ لێدوانێكدا بۆ رئاژانسی‌ رۆیته‌رز وتی‌: ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ توركیا.. هه‌رچیه‌ك روبدات ناچینه‌ ناو كۆنگره‌ی‌ سۆچییه‌وه‌.. مه‌رجه‌كانی‌ خۆمان به‌ روسه‌كان وتوه‌ كه‌ ده‌بێت دروشم و ئاڵاكانی‌ حكومه‌تی‌ سوریا لاببرێن.

به‌پێی‌ زانیارییه‌كان نزیكه‌ی‌ 70 كه‌س كه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌كه‌ن له‌ فڕۆكه‌خانه‌ چاوه‌ڕوانی‌ فڕۆكه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ توركیا. 

دوای‌ دو كاتژمێر دواخستن، به‌بێ گوێدانه‌ نیگه‌رانییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌، كۆنگره‌ی‌ سۆچی‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ روسیا به‌شداری‌ ئێران و توركیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئامانج لێی‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ به‌شه‌ڕهاتوه‌كانی‌ سوریا و هه‌مواركردنی‌ ده‌ستوری‌ سوریایه‌ دوای‌ نزیكه‌ حه‌وت ساڵ شه‌ڕ و كوشتار له‌و ولاَته‌.

ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ كۆتایی نه‌هات، له‌ناو هۆڵی‌ كۆنگره‌ش ژماره‌یه‌ك له‌ نوێنه‌رانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا بایكۆتی‌ وتاری‌ ده‌ستپێكی‌ كۆنگره‌یان كرد كه‌ له‌لایه‌ن سێرگی‌ لاڤرۆڤ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ روسیا خوێندرایه‌وه‌، نوێنه‌ره‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن روسیایان تۆمه‌تباركرد به‌ كوشتنی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نی‌ سوریا له‌رێگه‌ی‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كانه‌وه‌.

به‌ر له‌ ده‌ستپێكردن، نیشانه‌كانی‌ شكستی‌ كۆنگره‌ی‌ سۆچی‌ ده‌ركه‌وتن، كورد وه‌كو هێزێكی‌ كاریگه‌ر له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ سوریادا وه‌كو ناڕه‌زایه‌تی‌ دژی‌ له‌شكركێشی‌ سوپای‌ توركیا بۆسه‌ر عه‌فرین كۆنگره‌كه‌یان بایكۆت كرد، زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ سوریا به‌ هه‌مان شێوه‌ كۆنگره‌كه‌یان بایكۆتكردوه‌.

به‌پێی‌ هه‌واڵێك كه‌ ئاژانسی‌ رۆیته‌رز له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ سوریا كۆنگره‌كه‌ی‌ بایكۆتكردوه‌، به‌ڵام وه‌فدی‌ توركیای‌ راسپاردوه‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ بكات له‌ كۆنگره‌كه‌دا.

سه‌رباری‌ بایكۆتی‌ كورد و نیگه‌رانی‌ نوێنه‌رانی‌ ئۆپۆزسیۆن، ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كان له‌ كۆنگره‌كه‌دا ئاماده‌ نین له‌وانه‌ ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1943