کوردستان

ده‌سته‌ی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان: چه‌ند رۆژی‌ داهاتوو كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر ‌و به‌غداد كۆتاییدێت

كازم محه‌مه‌د عقابی: ته‌واوی‌ كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم ‌و به‌غداد كۆتاییان هاتووه‌‌

سه‌رۆكی‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رجه‌م كێشه‌ ئاڵۆزه‌كانی‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ تایبه‌ت به‌فڕۆكه‌خانه‌كان ‌و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان  كۆتاییهان هاتووه‌. 

 له‌ لێدوانێكیدا بۆ KNN كازم محه‌مه‌د عقابی‌ رونیشیكرده‌وه‌، له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا كۆتایی‌ به‌كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر ‌و به‌غداد دێت ‌و رێكه‌وتنی‌ كۆتایی‌ ده‌كرێت و  فڕۆكه‌خانه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو مه‌رزی‌ سه‌یرانبه‌ن ‌و كێلێ‌ رایگه‌یاند، لیژنه‌كان سه‌ردانی‌ هه‌ردوو مه‌رزه‌كه‌یان كردوه‌ ‌و راپۆرتی‌ كۆتایی‌ ده‌ده‌ن به‌ سه‌رووی‌ خۆیان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بڕیار له‌ كردنه‌وه‌ یاخود نه‌كردنه‌وه‌یان بدات.

كازم محه‌مه‌د عقابی، وتی؛ نزیكه‌ی‌ له‌سه‌دا 90ی‌ بابه‌ته‌كان رێكه‌وتنیان له‌سه‌ر كراوه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ولێر، خاڵه‌ ناكۆكه‌كان زۆر بچوكن ‌و پشتیوان به‌خوا له‌سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ش رێكده‌كه‌وین، هیوادارین ‌و گه‌شبینین به‌وه‌ی‌ له‌ چه‌ند رۆژی‌ داهاتوودا رێكه‌وتنی‌ كۆتایی‌ له‌ نێوان هه‌رێمی‌ كوردستان ‌و حكومه‌تی‌ فیدراڵیدا بكرێت سه‌باره‌ت به‌هه‌موو پرسه‌كان.

كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ لیژنه‌كه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تیی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتیی‌ پرۆسه‌كان‌و پلاندانان له‌ ده‌سته‌ی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان به‌ڕێوه‌چوو، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی‌ لیژنه‌كه‌ له‌ داموده‌زگا ‌و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئایا هه‌ردوو مه‌رزی‌ سه‌یرانبه‌ن ‌و كێلێ‌ به‌كه‌ڵكی‌ ئه‌وه‌ دێن بكرێنه‌وه‌ له‌ سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، تیمی‌ كاركردن ‌و كۆبونه‌ته‌وه‌ ‌و هه‌فته‌ی‌ رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌ سه‌ردانی‌ ئه‌و دوو مه‌رزه‌یان كردوه‌، ئه‌مڕۆش ته‌واوكه‌ری‌ كاره‌كان بوو، له‌ رۆژانی‌ داهاتووشدا راسپارده‌كان به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ ئایا ئه‌و دوو مه‌رزه‌ بۆ كردنه‌وه‌ ده‌شێن یاخود نا، ئه‌و راسپاردانه‌ش به‌رز ده‌كرێنه‌وه‌ بۆ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، چونكه‌ ئه‌وه‌ له‌ده‌سه‌ڵاته‌ تایبه‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵدایه‌.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە1870