کوردستان

رۆژنامه‌یه‌كی‌ به‌ریتانی‌: قوربانی‌ سه‌ره‌كی‌ هێرشه‌كانی‌ توركیا خه‌ڵكی‌ مه‌ده‌نین

بۆ یه‌كه‌مین جار رۆژنامه‌یه‌كی‌ بیانی‌ له‌نێو عه‌فرینه‌وه‌ روداوه‌كان بۆ جیهان روماڵ ده‌كات و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ قوربانیانی‌ سه‌ره‌كی‌ هێرشه‌كانی‌ توركیا خه‌ڵكانی‌ مه‌ده‌نین و له‌ناو قوربانییه‌كاندا ئاواره‌ و منداڵ و ژن و خه‌ڵكی‌ به‌ساڵاچوو هه‌ن.

له‌ خێزانێكی‌  پێنج كه‌سی ئاواره‌ی‌ عه‌ره‌ب له‌ گوندێكی‌ بچوكی‌ ناوچه‌ی‌ مه‌عبه‌تلی‌ نزیك عه‌فرین ته‌نیا ئه‌م دیمه‌نه‌ به‌جێماوه‌، ئه‌و خێزانه‌ له‌ رابردوودا بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ په‌ناگه‌یه‌كی‌ ئارام رویان له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان كردبوو، ئه‌مجاره‌ له‌ به‌ره‌به‌یاندا ده‌نگی‌ بۆردومانه‌كانی‌ توركیا به‌خه‌به‌ری هێنان، به‌ڵام نه‌یانتوانی‌ هه‌ستنه‌ سه‌رپێێ و چوار ئه‌ندامی‌ خێزانه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ گیانیان سپارد و منداڵێكیشان بێ دایك  و باوك به‌جێما. 

رۆبێرت فیسك رۆژنامه‌نوسی رۆژنامه‌ی‌ ئیندیپێندنت به‌م چه‌شنه‌ ده‌چێته‌ نێو ئه‌و چیرۆكه‌وه‌ كه‌ خۆی‌  وه‌ك رۆژنامه‌نوسێكی‌ مه‌یدانی‌ له‌نێو شاری‌ عه‌فرین و ده‌وروبه‌ری بینه‌ری‌ بووه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ میدیایه‌كی‌ بیانی‌ له‌ دوای‌ هێرشه‌كه‌ی‌ توركیاوه‌ له‌نێو عه‌فرینه‌وه‌ روداوه‌كان بگێڕێته‌وه‌. ئه‌و بۆ وه‌رگرتنی‌ زانیاری‌ له‌سه‌ر قوربانییه‌كان ده‌چێته‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌فرین و له‌وێ وێنه‌ و چیرۆكی‌ ئه‌و قوربانیانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌یان ئاواره‌ و ژنان و منداڵن، به‌شێك له‌ قوربانیه‌كانیش ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌ له‌ گونده‌كانی‌ ئه‌وان هیچ شه‌ڕڤانێكی‌ لێنه‌بووه‌ ته‌نها خه‌ڵكی‌ سڤیل بونه‌ته‌ قوربانی‌.


د. جوان پالۆت به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی‌ عه‌فرین كه‌ له‌ روسیا پزیشكی‌ ته‌واوكردووه‌ و بۆ خزمه‌تی‌ هاونیشتمانیانی‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ عه‌فرین ده‌ڵێ: له‌ یه‌كه‌م رۆژی هێرشه‌كه‌دا ته‌نها ته‌رمی‌ چوار شه‌ڕڤان و له‌ رۆژانی‌ دواتریشدا تا هه‌فته‌یه‌ك ته‌رمی‌ 7 شه‌ڕڤان گه‌یشتونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ی‌ ئه‌وان، له‌كاتێكدا له‌ لیستی‌ قوربانییه‌كانی‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ناوی‌ 10 منداڵ و حه‌وت ژن و 17 پیاو هه‌بوون كه‌ زۆربه‌یان به‌ساڵاچوبوون.
 
رۆبێرت فیسك رۆژنامه‌نوسی رۆژنامه‌ی‌ ئیندیپێندنت له‌ راپۆرته‌كه‌یدا باسی‌ له‌وه‌كردوه‌، ئه‌و خۆی‌ 49 برینداری‌ له‌نێو نه‌خۆشخانه‌كه‌دا ژماردووه‌ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ 3 ساڵانه‌وه‌ تا 75 ساڵ بوون و كۆی‌ برینداره‌كانیش خه‌ڵكی‌ سڤیل بوون.


تێبینی بنوسە

خوێندراوەتەوە5014